فیکه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری!

فیکه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری!

ئه‌و رۆژنامه‌گه‌رییه‌ی به‌درخانییه‌کان پێش (115)ساڵ، له‌ "قاهیره‌"ی پایته‌ختی مصر مێژووی نوسینی رۆژنامه‌وانی کوردیان ئاوه‌دانکرده‌وه‌، ئێستا له‌ "هه‌ولێر"ی پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان و به‌هۆی پێشێلکارییه‌کانه‌وه‌ به‌ "فیکه‌" پێشوازی له‌ یاده‌که‌ی‌ ده‌کرێت!

یه‌که‌مین رۆژنامه‌ی کوردی "کوردستان" له‌ 22ی نیسانی 1898 کاتێک وشه‌کانی له‌ چاپخانه‌ی "هلال"ه‌وه چاویان هه‌ڵێنا؛ کورد له‌سه‌ر خاکه‌که‌ی خۆی له‌ژێر چه‌وساندنه‌وه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و فه‌رهه‌نگی و زمانه‌وانی گه‌وره‌ی سنوری قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی ژیانی ده‌کرد؛ هه‌ربۆیه‌ میقداد به‌ردخان "قاهیره‌" وه‌ک شیاوترین شوێن هه‌ڵده‌بژێرێت و له‌ ته‌ک رۆشنبیرانی ئۆپۆزسیۆنی فارس و ئه‌رمه‌ن و تورک کۆڕی بزاوتی نوسینی به‌رهه‌ڵستکاری له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ژمونی فه‌رمانڕه‌وای عوسمانی ده‌ستپێده‌که‌ن.

ئه‌م مێژوه‌ پڕ ئاسته‌نگه‌ و ئه‌و فشاره‌ی عوسمانییه‌کان ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی به‌ردخانییه‌کان بۆ سانسۆرکردنی رۆژنامه‌ کوردییه‌که‌‌، به‌ ئیدامه‌دانی رۆژنامه‌که‌ و جێگۆڕکێی شوێنی ده‌رچونی و درێژه‌کێشانی سێ خولی رۆژنامه‌که‌ (1898-1918) و به‌رده‌وامی دان له‌سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی په‌یامی هۆشیارکردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و گرنگیدان به‌ خوێندن و خوێنده‌واری بۆ ده‌رچون له‌ جوغزی پاشکۆیه‌تی و سته‌مکاری وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌.

ئه‌م دیرۆکه‌ رشته‌ی ده‌سپێکی به‌رپرسیارێتیه‌کی گه‌وره‌ی نیشتیمانی‌ و مێژوی رۆژنامه‌گه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌کی قوربانیده‌ره‌؛ که‌ دوای ده‌یان ساڵ خه‌بات و تێکۆشان و راپه‌ڕین فرسه‌تی ئه‌زمونی ئیداره‌یه‌کی خۆجێی له‌ به‌شێکی خاکه‌که‌یدا بۆ ده‌ڕه‌خسێت، به‌ڵام له‌ناو ئه‌و ئیداره‌دا له‌ بری چڕکردنه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌کان بۆ بره‌ودان به‌ ژیانی دیموکراسیی و کرانه‌وه‌ی زیاتری رۆژنامه‌وانی و رێزگرتن له‌ ده‌ربڕینی ئازادانه‌ و ده‌سته‌به‌رکردنی مافی زانینی خه‌ڵک؛ پێشێلکارییه‌کان سنور ده‌به‌زێنن و به‌ ناچاری دوای تێپه‌ڕبونی زیاتر له‌ سه‌ده‌یه‌ک به‌سه‌ر خه‌باتی رۆژنامه‌وانی کوردی، میرات و چالاکه‌کانی کایه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری‌؛ به‌ "فیکه‌ لێدان" له‌به‌رده‌م سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان زه‌نگی راچڵه‌کین ده‌ده‌ن به‌ گوێی ده‌سه‌ڵاتی کوردی و یادی رۆژنامه‌گه‌ری له‌ خه‌ڵکی کوردستان پیرۆز ده‌که‌ن.

ئه‌م واقعه‌ ده‌یسه‌لمێنێت؛ حوکمڕانی (20) ساڵه‌ی پارتی و یه‌کێتی له‌ هه‌رێمی کوردستان؛ وه‌کچۆن شکستخواردو بوه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنێکی شایسته‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی، وه‌کچۆن ده‌سته‌وستان بوه‌ له‌ ره‌خساندنی ژیانێکی شایسته‌ بۆ هاوڵاتیانی، وه‌کچۆن هۆکاری شکستی په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی و به‌ پاشکۆکردنیان حیزبیان بوه‌‌، وه‌کچۆن فاکته‌ری ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی و کوشتنی روحیه‌تی به‌ دامه‌زراوه‌یکردنی ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تی بوه، به‌ هه‌مان شێوه‌ش رێگری گه‌وره‌ی به‌رده‌م گه‌شه‌سه‌ندنی ئازادی رۆژنامه‌وانی و کۆسپ دروستکردن بون‌؛ بۆ ئه‌و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ و هێزه‌ مرۆییه‌ی میدیا که‌ ویستویانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و دو هێزه‌ واقعه‌ سیاسیی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کی کوردستان روماڵ بکه‌ن و ببینن.

(2013)یادی رۆژنامه‌گه‌ری کوردی له‌کاتێکدا ده‌کرێته‌وه،‌ که‌:

* رێزنه‌گرتنی ئه‌و یاسایانه‌ی کاری رۆژنامه‌گه‌ری رێکده‌خه‌ن بوه‌ته‌ خوییه‌کی کوشنده‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتی.

* به‌ ئاشکرا، پێشێلی بڕگه‌ و ماده‌کانی یاسای ژماره‌ (35)ی ساڵی (2007) رۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌کرێت.

*به‌ ئاشکرا، رێگری له‌ ده‌رکردنی یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری ده‌کرێت.

*به‌ ئاشکرا، حکومه‌تی هه‌رێم په‌یڕه‌وی له‌ شه‌فافیه‌تی حوکمڕانی ناکات و شاردنه‌وه‌ی زانیارییه‌کان له‌ رۆژنامه‌نوسان ده‌کاته‌ ئه‌وله‌ویه‌تی ئیداری خۆی.

*پێشێلکارییه‌کان به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان و میدیاکاران له‌کاتی جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانیاندا رو له‌ هه‌ڵکشانه‌ و رێزنه‌گرتنیان له‌لایه‌ن ‌هێزه‌کانی ناوخۆوه‌ به‌رده‌وامی کێشاوه‌.

*تاریکاندنی چه‌ندین حاڵه‌تی کوشتن و تیرۆرکردنی نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوسان له‌سه‌ر ده‌ربڕین و ئازادی گوزارشتکردن و ده‌ستخستنه‌ ناو کاروباری دادگاکان بۆ شێواندنی راستییه‌کان.

*شاردنه‌وه‌ی ده‌یان که‌یسی گه‌نده‌ڵی و لادانی یاسایی و دارایی و ئیداری و خراپ به‌کار‌هێنانی پۆستی گشتی و رێگه‌نه‌دان به‌ رۆژنامه‌نوسان بۆ په‌رده‌هه‌ڵماڵین له‌ راستی روداوه‌کان.

*ته‌رخانکردنی خه‌زێنه و داهاتی گشتی خه‌ڵکی کوردستان؛ بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌زگای مێدیایی سه‌ر به‌ بکه‌ره‌ سیاسییه‌کانی پارتی و یه‌کێتی و رێگریکردن له‌ به‌یاسایکردنی کۆمه‌کی دارایی بۆ ده‌زگا مێدیاییه‌کانی سه‌ر به‌ هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆن و ئه‌هلیی و سه‌ربه‌خۆکان.

*سانسۆرکردنی زانیارییه‌کان به‌ ئامانجی ده‌ستگیرنه‌بونیان له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نوسانی ئه‌هلی و له‌ زۆرکاتدا سه‌نگه‌رگرتنی یاسایی و سیاسیی له‌و که‌ناڵانه‌ی راستییه‌کان بۆ خه‌ڵک ده‌گوزانه‌وه‌ و رایگشتی ده‌وروژێنن، هاوکاتیش په‌یره‌ویکردن له‌ دیارده‌یه‌کی ستۆکی ده‌سه‌ڵاته‌ داخراوه‌کان به‌ دروستکردنی پاڕازێت و ته‌شویش له‌سه‌ر چه‌ند که‌ناڵێکی کاریگه‌ری بینراو.

ئه‌م حاڵه‌تانه‌ و ئه‌و فۆرمه‌ مامه‌ڵه‌ ناته‌ندروسته‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌ ته‌ک کایه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌یکات؛ واقعێکی شه‌رمهێنی بۆ ئه‌زمونی هه‌رێمی کوردستان دروستکردوه‌، که‌ به‌ر له‌وه‌ی نه‌خشی ناشیرنییه‌کانی بده‌ن له‌ناوچه‌وانی پارتی و یه‌کێتی؛ کورد و خۆئیداره‌دان و دیموکراسیی و ئازادییه‌ گشتیه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ له‌ گۆشه‌نیگای جیهانییه‌وه‌ خراپ دێنێته‌ زمان.

له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌؛ فیکه‌ی رۆژنامه‌نوسان و مێدیاکاران و چالاکانی کۆمه‌ڵی شارستانی له‌ یادی رۆژنامه‌گه‌ری کوردییدا؛ ته‌نیا ئاماژه‌ به‌ ده‌نگ و زه‌نگێکی فیزیکی ناکات، به‌ڵکو زه‌نگێکه‌ دیموکراتییه‌ت و سۆشیال دیموکراتیه‌تی دو هێزه‌ حوکمڕانه‌که‌ ده‌هه‌ژێنێت و پرسیاری گه‌وره‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌‌ی خه‌یاڵاویی‌ حیز‌بیان دروست ده‌کات و به‌ به‌رچاوی خۆیانه‌وه‌ مێژوی رێزنه‌گرتنیان له‌ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌نوسێته‌وه‌.

ژێده‌ر: ئێن ئاڕ تی

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)
کاری منداڵان و منداڵانی کار کۆمه‌ڵایه‌تی (1398/03/31)