دوایین ئه‌ڵقه‌ی خۆشه‌ویستی: نه من نه تۆ!
پیرێژن ماوه‌یه‌كی مابوو بگاته نێو شار، ماشین كه‌وته لاره‌لار، به په‌له هاته‌خوارێ و به‌تاسه‌وه سه‌یری تایه‌ری ماشینه‌ی كرد و سه‌رسان داما كه ناتوانێ په‌نچه‌ری بگرێ. ده‌سی بۆ هه‌ر ماشینێ ڕاده‌دا نه‌ده‌وێستا تاكوو دواجار پیاوێكی ڕووخۆشی مێهره‌بان ماشینه‌ی خۆی ڕاگرت و بێچاوه‌ڕوانی په‌نچه‌ری تایه‌ری ماشینه‌ی گرت و تاویستی سواری ماشینه‌ی بێته‌وه پیرێژن به ده‌م خاناوایی و نزای خێره‌وه خۆشحاڵ له ڕێكه‌وتنی سه‌ر له نوێی ماشینه‌كه‌ی به‌وپه‌ڕی خۆشه‌ویستیه‌وه داوای كرد له‌و پیاوه : ئه‌م پاره‌یه‌م لـێ وه‌ر گره. بۆ ئه‌و ئه‌رك و مانوو بوونه‌ی كێشات! پیاوی خاوه‌ن هه‌ست و مێهره‌بان گوتی : تۆ قه‌رزاری من نیت. من ڕۆژی دامابووم مرۆڤێكی خاوه‌ن هه‌ستی ڕه‌وشت به‌رزی ئه‌وینداری یارمه‌تی دام و ... گوتی تۆ قه‌رزاری من نیت. به‌ڵكوو قه‌رزاری مرۆڤی. مرۆڤی یارمه‌تی داوی گه‌ر ویستت له ژێر باری ئه‌م قه‌رزه بێیه ده‌رێ له هه‌ركات و ساتێك‌دا مرۆڤێكت دی پێویستی به یارمه‌تی تۆ بوو ئه‌و كاته خۆشه‌ویستی پێ بنوێنه به‌م جۆره قه‌رزه‌كه‌ش ده‌ده‌یه‌وه! هه‌موو كاتیش هه‌وڵده «دوایین ئه‌ڵقه‌ی خۆشه‌ویستی تۆ نه‌بی» پیاوه ئه‌مه‌ی گوت و كه‌وته ڕێ. ژنه واقی وڕما و ئه‌ویش كه‌وته‌ڕێ. به‌ده‌م ڕۆیشتنه‌وه نه‌ختینه‌ی «دوایین ئه‌ڵقه‌ی خۆشه‌ویستی تۆ نه‌بی» كرده گوێی و بوویه وردی زوبانی. له‌سه‌ر ڕێگای ماڵه‌وه‌دا له فرۆشگه‌یه‌كدا لایدا. شت و مه‌ك بكڕێ بۆ ماڵه‌وه. دی فرۆشیاره‌كه ژنێكی دوو گیانه و به لاره‌لار و هاتوو چۆ و یا دیار بوو دوایین مانگی حهملهكهیشتی. بۆ خۆی گوتی بێ گومان ئه‌م ژنه گه‌ر نه‌دار و داماو نه‌بایا، به‌م حاڵ و باڵه‌وه نه ئه‌بوایا به‌سه‌ر پێوه بایا و فرۆشیاری بكردایا! پاره‌یه‌كی زۆری بابه‌ت كڕینه‌كه‌ی دایهدهس ژنه فرۆشیار و تاكوو ئه‌و ڕۆیشت باقیه‌كه‌ی بۆ بێنێته‌وه. پیره‌ژن له لاپه‌ڕه‌یه‌كدا نووسی : «تۆ قه‌رزاری من نیت. من تاوێ له‌وه پێش داما بووم مرۆڤێ یارمه‌تی دام و قه‌رزاری مرۆڤی كردم ... تۆش ... با دوایین ئه‌ڵقه‌ی خۆشه‌ویستی نه‌بێ»!
ژنه‌ی فرۆشیار سه‌رسام بوو چاوی خشاند به‌و پاره زۆره‌ی به‌م ئاسانیه و حه‌ڵاڵ و زراڵ ده‌سی كه‌وت و زه‌رده خه‌نه‌یه‌كی كرد و هێنایه به‌رچاوی چ جل و به‌رگێ جوان ده‌توانێ بۆ كۆرپه‌له‌ی بكڕێ. به‌ده‌م زه‌رده‌خه‌نه‌وه و به ده‌سی پڕه‌وه گه‌یشته‌وه ماڵ و جل و به‌رگی جگه‌ر گۆشه‌ی موسافیری ناوڕێی چاوه‌ڕوان كراوی ئه‌م دیو ئه‌و دیو ده‌كرد. چاویشی له‌درگا بوو تاكوو پیاوه‌كه‌ی بێته‌وه كه پیاوه‌كه‌ی هاته‌وه به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵیه‌وه سیر تا پیازی چیرۆكی «دوایین ئه‌ڵقه‌ی خۆشه‌ویستی نه من، نه تۆ»ی تاریف كرد. پیاوه‌ش وه‌كوو بڵێی هه‌ر له نیوه‌ی چیرۆكه‌كه ژنه‌ی ناسیوه به ده‌م زه‌رده‌خه‌نه‌وه هه‌واڵی جۆری ماشینه‌كه و ناونیشانی پیره‌ژنه‌ی له خێزانی پرسی و ئه‌میش چیرۆكی خۆی بۆ تاریف كرد و دواجار پێكه‌وه گوتیان «دوایین ئه‌ڵقه‌ی خۆشه‌ویستی نه من نه تۆ!».
ڕۆژی دوو شه‌ممه ڕێكه‌وتی نۆزده‌ی نه‌ورۆزی 2713ی كوردی دوای ده‌وامی قوتابخانه، نیوه‌ڕۆ دواكه‌ی به‌ره‌و ئه‌شكه‌وتی خاڵۆ حوسه‌ین له سه‌یرانگه‌ی مهیگۆره له 15 كیلۆمه‌تری شاری پاوه و له‌سه‌ر ڕێگای پاوه ـ ئه‌شكه‌وتی قورقهڵا ـ گه‌وره‌ترین ئه‌شكه‌وتی ئاوی ئاسیا، بۆ گه‌شت و گوزارێكی خێزانی كه‌وتمه ڕێ. ماشین هاوڕێی چه‌ن ساڵه‌م چۆن جاری جاران بێكیشه ڕێگه‌ی ده‌بڕی و پێچ پێچه تهماشایهكهی شمشێر و ڕێگه‌و بانه خاكیه ناسازهكهی مهیگۆرهی بڕی و له‌سه‌ر گیا له‌و ده‌شت و ده‌رو و چه‌م و دۆڵا هه‌تاكوو پێمان كرا چێو و چڵۆمان كۆ كرده‌وه و هایا ژیكه‌ڵه‌ش بۆ خۆی له‌گه‌ڵ گوڵ و په‌پووله چیرۆكێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی ڕێكخستبوو تا له ناكاو تاقه هه‌ڵاڵه برمهیهكی دۆزیه‌وه و یه‌كجار گه‌شایه‌وه و هێنایو و بۆ خۆی ساقهكهی خسته نێو ئاو و له دایك بۆ گۆرپهی زیاتر دهیلاواند و هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ی ده‌كرد كه ڕونیا خوشكه چكۆله‌ی نابێ ده‌ستی بۆ به‌رێ و هه‌ڵیوه‌رێنێ.
به‌م جۆره ڕێگای یه‌ك چاره‌ك ساعه‌تی پاوه ـ مهیگۆرهمان له زیاتر له یه‌ك كاتژمێر بڕی و گه‌یشتینه مهیگۆره و ده مه‌تری مابوو بۆ گه‌یشتن به شوێنی مه‌به‌ست. كوت و پڕ ئه‌سپه ئه‌ڵقه له گوێكه‌ی جاران سینی كرد و له گرمه‌گرم كه‌وت!
ناچار به ورده بۆ قهیهك خلاندمان تا ده میتری بڕی و گه‌یشته شوێنی مه‌به‌ست. تۆزێ خۆم پێوه خجلاند. به‌ڵام تۆفێری نه‌كرد و ئه‌سپ له سین نه‌كه‌وت! تاوێ جارێ خێزانم و هایا ژیكه‌له ـ که بۆ یه‌که‌م جار کێشه‌ی وای بینیبوو کە وه‌بیریان ئهھێناوه تا ئێواره نه بووه و شه‌مان وه‌سه‌ر نه‌هاتووه. بیری به حاڵی ئه‌م ئه‌سپه چوار تایه بكه‌م. منیش به جۆرێ دڵم قایم بوو كه دۆش دانامێنم و له هه‌مان كاتدا له پشت ئه‌م خۆنواندنه بیرم ده‌كرده‌وه له ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م تا گه‌یشتنه‌وه‌ی بێ ده‌ردیسه‌ر تا ماڵ و دڵه‌ڕاوكێ ده‌یگرتم. تاوێ جارێ ده‌یدا به مێشكمدا و هه‌ڵده‌ستامه سه‌ر پا و ... به‌ڵام ماشین نه‌ده‌هاته سه‌ر ڕێ! ورده ورده ڕۆژ به‌ره‌و هه‌ڕه‌تی ئێواره ده‌ڕۆیشت و من كێشه‌كه‌م پێ چاره‌سه‌ر مابۆوه. له‌م كات و ساته‌دا پرایدێ ڕاست جۆری ماشینه‌كه‌ی خۆم كه پیاویێ پێ نراوه سن لێی دهخوڕ وه به‌ر ده‌ممان دا تێپه‌ڕی. كوت و پڕ ده‌ستم بۆ ڕادا و ڕاوه‌ستا ... بێ وه‌ی بیناسم و بمناسێ بۆ ماوه‌یه‌ك خۆی خه‌ریك كرد. دواجار هاته سه‌ر ئه‌م ڕایه كه ماشین پۆمپی به‌نزینی سووتاوه ...
ته‌له‌فۆنی كرد بۆ هاوڕێكه‌ی كه هه‌ر له ناوه بوو و ئه‌میش بۆ لای وان هاتبوو. ده‌سبه‌جێ سێ كه‌سی تر هاتن و ئه‌وانیش هه‌ر ناسراو نه‌بوون. به‌ڵام بێ هیچ سێ و دوویێ چوار كه‌سی گه‌شت و گوزاریان وه‌لاناو منداڵه‌كانیان جێهێشت و وه‌ك ماشینه‌ی خۆیان دامابێ بۆ ماوه‌ی زیاتر له نیوكاتژمێر پۆمپی ماشینهیان ده‌ر هێنا و دوو جار تاقیان كرده‌وه، سووتانی پومپ و راست گه‌ڕا و ئه‌و پیاوهبۆ خۆی پۆمپی نوێی پێ بوو. پۆمپه‌ی خسته سه‌ر و ئه‌سپه چوار تایه كه‌وته‌وه گرمه‌گرم و وهگرمهی ئه‌سپ ئێمه‌ش گه‌شاینه‌وه و گرمهمان تێکه‌وت و گه‌رممان بوویه‌وه. که ویستیان بـڕۆن داوام لێ کرد ژماره كارتهكهیم پێ‌بدا تاكوو ... به‌ڵام ڕازی نه‌بوو. به پێ داگری من ژماره مۆبایله‌كه‌یم لـێ وه‌گرت. كاتێ ناو و شۆرهتهكهی گوت ئه‌و وه‌خته زانیم باوكی یه‌كێ له قوتابیه‌كانی ساڵی ئاخری دوا ناوه‌ندی پارم بوو. خه‌ڵكی ڕوانسه‌ره و له خه‌سته‌خانه‌ی پاوه كار ده‌كات و دۆسته‌كه‌شی كه پۆمپهكهی گۆڕی خه‌ڵكی جوانڕۆیه و میكانیكه.
ئه‌وان له‌گه‌ڵ نزای خه‌یری ئێمه ڕۆیشتن و منیان جارێ تر قه‌رزاری مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی كرد و چیرۆكی هه‌میشه زیندووی «دوایین ئه‌ڵقه‌ی خۆشه‌ویستی نه تۆ نه من»یان جاری تر هێنایه كایه‌وه.
له‌سه‌ر سه‌فه‌ر ـ شه‌وی هه‌ینی ـ ڕێكه‌وتی 22 خاكه‌لێوه 1392 مه‌ریوان
- بۆچوونێکی نوێ بنووسه
- 3862 سه‌ردان
-
نووسخه‌ی چاپ
بۆچوونەکان
بە راستی کاریگەر بوو
وزەی دەست و مەچەکتان هەر بەرەو سەر و ورەی وجود و دڵتان هەر بەرەو سەر
زور سوپاس برای به ریزم.هیوادارم جیی که لک و سوود بی و هه موومان ئه لقه ی خوشه ویستی به چنگ بگرین و...