براکەم مرد، توخوا با منیش نەمرم!

براکەم مرد، توخوا با منیش نەمرم!

بەسەرهاتێکى واقیعییە، کە هەموو (16/3)یەک زامە ساڕێژ نەبووەکانى دڵم دەکولێنێتەوە.

تازە بە تازە بەفر و چلورەى گوێسەبانەکان توابوونەوە و نێرگز و گوڵاڵە سورەش بەحاڵ چرۆیان کردبوو و سەریان لە ڕوومەتى سەوز و تەڕى زەوى دەرهانیبوو، چەند ڕۆژێکى کەمبوو چیاى (شنروێ)ى پشت هەڵەبجە و شاخەکانى هەورامان و (کەمانگەرا) و (شرام) بەفر و تاراى سپى (بوکێنى)یان لەسەر ڕوومەتیان لادابوو، ئاوى کانییەکانى (کانییە قوڵکە) و (کانى عاشقان) و (حەمەوغان) و (حەوزە لارە)ش هێشتا تام و چێژى بەفراویان دەدا، درەختەکانى (باخى میر) و هەنارەکانى (چاوگ) و هەڵوژە و سێوەکانى (عەبابەیلێ)ش تازە چرۆیان دەکرد، وەرزى زستان پریاسکە و توێشەبەرەى سەفەرى کۆ دەکردەوە و چەند ڕۆژێکى مابوو (دەوار) چۆڵکا و بە لەنجەوە (هەوار) بەجێبێڵێ...

ناوەڕاستى مانگى ئازارى ساڵى (1988) بوو، دەرودەشت تازە سەوز بووبوو، نێرگز و گوڵاڵە سورە هێشتا بە تەواوى خۆیان پۆشتە و پەرداخ نەکردبوو، هێشتا تەڕایى باران بەسەر قەدى درەختەکان و تاوێرە بەردەکانەوە مابوو، کنگر و کارگ و تۆڵەکە و گیا بەهارییەکان تازە سەریان دەرهێنابوو، دۆڵ و شیو و چاڵاوەکان باراناویان تێدا وەستابوویەوە، هاتووچۆى شار و ماڵان کەم بووبوویەوە، گوێگرتن لە هەواڵەکانى تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و بیستنى ناڵەى ناپاڵم و تۆپ و بۆمباران بووبووە بەشێک لە ژیانى ئاسایى خەڵکى، هاوڵاتیان هەر تاوێک جارێک لە پەناگە و ژێر زەمینەکان دەهاتنە دەرەوە بۆ هەڵمژینى هەوایەکى پاک و خواردنى ژەمێکى پڕ لە ترس و لەرز، گەهگاهێکیش بۆ تەماشاکردنى سوڕانەوە و گەشتى کۆپتەر و فڕۆکەکان و چاوبڕینە شوێنى تەقاندنى تۆپ و بۆمبەکان دەهاتنە کۆڵان و سەر بانى ماڵەکان.

ڕۆژێک لەو ڕۆژانە، کە دواتر بوویە ڕۆژى دوکەڵاوى (16/3/1988)و ڕۆژى مەرگى گیان و گیاندار و مەل و گەڵا و گوڵ و سروشت، ڕۆژى خنکانى هەناسە و ڕەشبوونى ئاسمان و خەزانى ڕۆحى پەپوولە ئاساى ژن و مناڵ و پیاو و وەرینى گیانى زیندەوەران، لەو ماوەیەدا ـ وەک هەموو ساڵ و مانگ و ڕۆژەکانى دیکە ـ خەڵکى هەڵەبجە و دەوروبەرى، لە ترسى تۆپباران و شەڕى نێوان عێراق و ئێران، بەشێکى زۆر لە ڕۆژ و کاتژمێرەکانیان ـ بە ترس و لەرزەوە ـ لەناو پەناگە و ژێر زەمینییەکاندا بەسەر دەبرد، بەشێکیش هەڵەبجەیان بەجێهێشتبوو و پەنایان بۆ گوند و چیاکانى دەوروبەرى بردبوو.

ماڵى ئێمەش کە ماڵێکى قەرەباڵق و زۆربەمان لە خوار تەمەنى دە ساڵییەوە بووین، وەک هەموو ئەو خەڵکە ـ بەو حوکمەى کە ژێر زەمین و پەناگەیەکى باش و گەورەمان هەبوو ـ بەشێک لە دراوسێ و خزمەکانمان دەهاتنە ماڵمان، لە ترسى تۆپباران لە ژێر زەمین و پەناگەکەى ئێمەدا دەمانەوە و خۆیان حەشار دەدا، تەنانەت هەندێکیان هەر لەو ژێر زەمینییەدا نانیان دەخوارد...

سەر لەبەیانى ڕۆژى (16/3)بوو... ماڵمان قەرەباڵق بوو... ژێر زەمینییەکەمان جمەى دەهات و جێى کەسى دیکەى تێدا نەدەبوویەوە، لە دەرفەتێکدا چەند کەسێکمان لە ژێر زەمینەکە هاتبووینە دەرەوە بۆ کۆڵان... من ئەو کاتە مناڵ بووم و لە پۆلى چوارەمى سەرەتایى و تەمەنم نۆ ساڵان بوو... لەو کاتەدا سەیارەیەکى شۆفرلێتى سەربازى هات، کە چەند پاسدارێکى فارسى ئێرانى تێدا بوو و لەبەردەم ماڵى ئێمەدا ڕاوەستا... هەموومان نزیک بووینەوە لێیان تا بزانین چییان دەوێ.. خاڵێکم بە ناوى (وەفا مەحمود) لێى چووە پێشەوە و بزانێ چى دەڵێ... بە ئاماژە و قسەکانیاندا ئەوەندە لێیان تێگەیشتین کە وتیان: (شار بەجێ بهێڵن و بچنە بەرزاییەکان و پەڕۆ و دەستماڵ بگرن بە دەم و چاوتانەوە و زوو دەرچن، چونکە سەددام کیمیاوى وەشاندووە و هەمى دیکەش دەوشێنێ...)

پاش عەسرێکى درەنگ بوو، کە ماڵى ئێمە و خزم و دەر و دراوسێ تەکبیریان کرد و بڕیاریاندا لەشار دەربچین و ماڵ بەجێ بهێڵین و بچین بۆ دەرودەشت، ڕێککەوتین کە بچینە گوندى (خەرپانى) ناوچەى هەورامان ـ کە زادگەى ئێمە بوو و لە بیست کیلۆمەترى خۆرهەڵاتى هەڵەبجەوەیە ـ و لەوێ بین تاوەکو بزانین بارودۆخەکە چى لێدێ... لەبەر ئەوەى کە ماڵى کاک (شێخ ساحیب)ى دراوسێمان تراکتۆرێکى هەبوو، ئەوان وتیان ئێمە شتمان پێیە ئێوە شتى زۆر مەهێنن لەگەڵ خۆتان... ماڵى (حاجیە پیرۆز) و کاک (شێخ بورهان) و دادە (فاتیمە)ى دایکیان ـ کە یەک بنەماڵە بوون ـ هەموویان لەو تراکتۆرەدا بوون، کاک (مالیک)ى برا گەورە کەشم ـ لە بەر بارى تەندروستى ـ لەگەڵ تراکتۆرەکەدا سەرکەوت و ئامۆزایەکیشم بە ناوى (شاهۆ زاهیر) ئەویش سەرکەوت لەگەڵیاندا... منیش لەبەر ئەوەى کە (واهیب) و (عەدنان) و مناڵە هاوتەمەنەکانى دیکەیان هاوڕێم بوون، چوومە ناو عەرەبانەى تراکتۆرەکەوە و حەزم کرد لەگەڵ ئەواندا بم، بۆیە منیش لەگەڵ ئەوان سەرکەوتمە ناو عەرەبانەى تراکتۆرەکەوە و بە هەر جۆرێک بوو جێى خۆمم کردەوە، کە ئەمە ئیدى بوویە یەکەم لەحزە و چرکەساتى دابڕانى من و کاک (مالیک)ى برا گەورەکەم لە دایک و باوک و خوشک و براکانمان.

دەمەو ئێوارە و لە دەورەبەرى زەردەپەڕ و کاتێک خۆر ماڵئاوایى دەکات کەوتینە ڕێ، تازە لەناو شار دەرچووبووین و هێشتا نەگەیشتبووینە گوندى عەنەب، ئەزانین هەر خەڵکە و بە پێچەوانەوە بۆ ناو شار دەگەڕێنەوە و هاوار دەکەن: (بگەڕێنەوە دواوە.. کیمیاوى وەشاندووە و هەموو خەڵکى مردن.. بگەڕێنەوە بۆ ماڵ و بچنەوە ژێر زەمینییەکان.. بگەڕێنەوە بە خوا لەناو دەچن و دەمرن..)

چۆن و بە هەر جۆرێک بوو نەگەڕاینەوە، چونکە مەرگ و تۆپباران و کیمیاوى لە پێش و پاشمانەوە چاوەڕێى دەکردین، بەو ترس و حاڵە دژوارەوە گەیشتینە گوندى (عەنەب) و بینیمان بەڕاستى قیامەت و مەحشەرێکە و هەر یەکە و بە جۆرێک هاوار دەکات و دەگرى، یەکێک مناڵە ونبووەکەى بانگ دەکات و یەکێک باوک و یەکێ خوشک و برا... یەکێک هاوارى چاوى دەکات و یەکێک دەڕشێتەوە و یەکێک دەڵێ توخوا سوتام.. کوێر بووم.. دەستم بگرن و یارمەتیم بدەن.. کەمێک ئاوم بدەنێ خنکام... چەندین هاوار و ناڵەى دڵسوتێنى دیکە، کە مەگەر تەنها کەسێک کاریگەرى ئەوانەى لەسەر بێت کە لەو شوێنەدا بووبێت و ئەو دیمەنە لەبیرنەچووانەى بە چاوەکانى خۆى دیبێ و بە گوێ ئەو کڕوزانەوە و هاوارە مەزڵومانانەى بیستبێ...

لەبەر ئەوەى کە کەس هۆشى بەخۆیەوە نەبوو و چاویان نەیاندەبینى و کیمیاوییەکە کارى تێکردبوون، دەمبینى کە خەڵکى هەنگاویان دەنا بەسەر یەکدیدا، بە چاوى پڕ لە فرمێسک و ئازار و سورهەڵگەڕاوى خۆم بینیم کە ئۆتۆمبێلێک و تراکتۆرێَک چوون بەسەر قاچى یەک دوو کەسدا، کە لە کەنارى جاددەکەى گوندى (عەنەب)دا کەوتبوون، بە حاڵ دەنگ و نوزەیان لێوە دەهات و دەیانووت: توخوا وامەکەن هێشتا نەمردووین... فریامان کەون...

گەیشتینە بەردەم قوتابخانەکەى گوندى (عەنەب) و لەو کاتەدا تراکتۆرەکە کوژایەوە... زۆر هەوڵى لەگەڵ درا.. بێ سودبوو.. خۆ کەسیشمان توانا و بڕستى پاڵنانمان نەبوو تا دابەزین و پاڵى پێوە بنێین، دەستکرا بە خوێندنى (ئایەتەلکورسى)و زیکر و ویرد و دوعا و تکا و پاڕانەوە لە خوا کە لەم حاڵە دژوار و ناسۆرەدا بێت بە هانامانەوە و فریامان کەوێت... پاش ماوەیەک ئەمجار سولفێکى دیکە لێدرا و ـ بە لوتف و بەزەیى خوا ـ تراکتۆرەکە کەوتەوە کار و ئێمەش کەوتینەوە ڕێ...

لەو کاتەدا دیمەنێک لەبەردەم قوتابخانەکەى گوندى (عەنەب)دا تەزوویەکى بە گیانمدا هێناوە و بە شێوەیەک دڵ و هەست و ویژدانى هەژاندووم کە قەت بیرم ناچێتەوە، لە (16/3/1988)ەوە تا ئێستاش کە چارەکە سەدەیەکى بەسەردا تێپەڕیوە، وا دەزانم ئەو لەحزەیەیە کە بیرى لێدەکەمەوە، لانى کەم هەر جارێک بەو شوێنەدا تێپەڕ دەبم یان کە ساڵیادى (16/3) نزیک دەبێتەوە، ئەو دیمەنە جەرگبڕ و ویژدان هەژێنە دێتەوە پێش چاوم، ئازارم دەدات و وەک کابوسێک بەسەر سەرمەوەیە و دەستى خستووەتە گەرووم و لێم جیا نابێتەوە، کورتەى ئەو دیمەنە دڵتەزێن و ویژدان هەژێنەش بەم شێوەیە بوو:

پیاوێکى تەمەن مام ناوەند بوو.. سەر و ڕیشى هاتبوو.. پاڵى دابوو بە دیوارى قوتابخانەکەى گوندى (عەنەب)ەوە، برایەکى لەباوەشدابوو و سەرى لەسەر ڕانى دانابوو... دەگریا و هاوارى دەکرد... بە گریانى ئەو منیش هێندە گریام و گریام کە دەنگم دەرنەدەهات، بیرى باوک و دایک و خوشک و براکانم دەکردەوە، دەترسام هەواڵى مەرگى ئەو ئازیزانەم ببیستم... پیاوەکە بەدەم گریان و ناڵە و هاوارەوە هات بۆ لاى تراکتۆرەکە و تکاى کرد و پاڕایەوە لێمان و وتى: (توخوا یارمەتیم بدەن و فریام بکەون... ئەها براکەم مرد.. توخوا با منیش نەمرم... با بێم لەگەڵتان.. ڕێگەم بدەن سەرکەوم لەگەڵتان... توخوا جێم بکەنەوە با منیش نەمرم...)

ئەم پیاوە بەستەزمان و دڵ سوتاوە، بە کوڵ دەگریا و بە دەم هەنسکەوە وەک مناڵێکى ساوا دەکڕوزایەوە... ئاهو نزولە و گریانێکى مەزڵومانەى دەکرد، کە دڵنیام کورسى و عەرشى بە عەزەمەتى خواى بە ڕەحم و بەزەیى هێناوەتە لەرزە و هەژاندویەتى.. چونکە ئەو گریانە، گریان و ئاهو نزولەى ستەملێکراوێک بوو کە براکەى بەدەم توندبوونى هەناسە و ژەهرى مرۆڤکوژى کیمیاوى و (خەردەل و سیانید)ەوە لەسەر ڕانى و لە ئامێزیدا برا خۆشەویستەکەى گیانى لەدەستداوە.. برایەک کە بەبێ ئەوەى ئەسپەردەى بکات و تەڵقینى دابدات.. بەبێ ئەوەى تەنانەت دایپۆشێ... بەبێ ئەوەى (فاتیحە)یەکى بۆ بخوێنى... بەبێ ئەوەى بیشوات و کفن و دفنى بکات.. بەبێ ئەوەى سەعاتەکەى دەستى و پێناس و پارەکەى گیرفانى وەک یادگارییەک هەڵگرێ، بەبێ ئەوەى ماڵئاوایى لێبکات و دەست بێنێت بەسەر چاوە ئەبڵەق بووەکانیدا، بەبێ ئەوەى شەویلکەکانى بداتەوە لە یەک، لەو شەوە تاریکە سارد و(بۆن سێوى)یەدا و لەبەر ڕەهێڵەى باران و لەناو ئەو مەحشەر و حەشامات و جەنجاڵ و ژەهرى سیانید و خەردەل و کیمیاوییەدا بەجێى هێشت... بەجێى هێشت تا ببێتە پەڵەیەکى ڕەش بە نێو چاوى ئەنجامدەرانى و ئەوانەشى کە بوونە هۆکار و هاوکاریان کردن و بەو دیمەنانە پێکەنین.

ئاگام لێبوو کە کاک (شێخ ساحیب) و ئەوانیتر پێیان ووت: براکەم خۆت دەبینى کە شوێنمان نییە، بەڵام ئەگەر ئەتوانى بە شێوەیەک جێى خۆت بکەرەوە و سەرکەوە، ئەویش لە نێوان تراکتۆرەکە و عەرەبانەکەیدا خۆى گرت و بەم شێوەیە لەگەڵمان سەرکەوت.. نازانم تا کوێ لەگەڵمان هات.. تا تەوێڵە بوو.. یان نەوسود... بەڵام ئەوەندەم لەبیرە بەردەوام دەگریا و فرمێسک لە چاوەکانى دەهاتنە خوارێ.. من لە تاو ئازارى چاوم و دابڕان لە دایک و باوک و خوشک و براکانم، هۆشم بە خۆمەوە نەبوو و بە بێدەنگ دەگریام و نەشمدەویست کەس بە گریانەکەم بزانێ... خەم و هەنسک و قوڵپى گریان وەختەبوو بمتاسێنن.. ئاخر مناڵێکى نۆ و دە ساڵ کەى بەرگەى ئەم دیمەنە تاڵ و جەرگبڕ و ستەمە کەم وێنەیە دەگرێ؟!. 

گریان و خەمى دابڕان لە دایک و باوک و خوشک و براکانم، بەردەوام ئازارى دەدام و ئێش و ئازار و سوتانەوەى چاوەکانیشم ئۆقرەیان لێ بڕیبووم.. هەناسەدانیشم تەواو ناڕەحەت بوو، سەر دەست و قاچەکانم دەکزانەوە و دەسوتانەوە و خوێنیان لێدەهات، زانیم کە دەستەکانم سوتاون و بەشێک لە سەر سک و ڕانیشم سوتابوویەوە، بەڵام خوا ئەو لوتفەى هەبوو کە گەیشتینە شوێنێک... نازانم (تەوێڵە) بوو یان نزیک (نەوسود) پاسدار و کارمەندەکانى (هیلال ئەحمەر)ى ئێرانى قەترەیان کردە چاومان و مەڵهەمێکى سپییان دا لە دەستم، هەروەها قەترەیەک و هەندێکیش لەو مەڵهەمەیان پێدام لە قاپێکى وەک قاپى (ئایسکرێم)دا بۆ ئەوەى دواتر بەکارى بهێنم.

هەر بەو شەوە گەیشتینە شوێنێک وابزانم (نەوسود) یان (نەیسانە) بوو، لە مزگەوتەکەدا لاماندا و چوینە ناو مزگەوتەکە و پشویەکماندا، پڕ بوو لە خەڵکى بەستەزمان و هەر یەکە و هاوارى شوێنێکى دەکرد، یەکێک دەڕشایەوە و یەکێک دەمرد و دەکەوتە پەلەقاژە، منیش هێندێک ڕشامەوە و هەستم کرد پاش ئەو ڕشانەوەیە کەمێک ئیسراحەتم کرد و هەناسەم باشتر بوو... سەر لە بەیانى زوو (واتە17/3/1988) کەوتینەوە ڕێ و گەشتینە شارى پاوە، لە سەر جادەکە پیاوێکمان بینى کە پێشتر دراوسێى خۆمان بوو، وا بزانم لە ساڵى (1987)ەوە چووبوون بۆ ئێران، بە ناوى کاک (فەتاح عەلى) کە سەیارەیەکى (پیکاب)ى تاکى پێبوو، هەواڵى ماڵى زاوایەکى (دادە فاتیمە) و کاک (شێخ بورهان) و کاک (شێخ ساحیب)مان لێ پرسى بە ناوى کاک (نورى مەحمود بەگ)ى پاڵانیایى، ئەویش وتى لە گوندى (دوریسان)ەو هەر خۆى گەیاندینى بۆ لاى ماڵەکەیان.

دوانزە ڕۆژ لە ماڵى کاک (نورى) ماینەوە و خزمەتیان کردین، خزمەتێک کە قەت بیر ناچێتەوە، خزمەتێک پڕ لە دڵسۆزى و خەمخۆرى و پەرۆشى، ئەگەر ئەوانى دیکە خزمیان بوون، بەڵام بۆ من و کاک (مالیک)ى برا گەورەم، وەک مناڵەکانى خۆیان و زیاتر لەوان خزمەتیان دەکردین و دڵسۆزییان بۆ دەنواندین، کاک (نورى) و خێزانەکەى بەناوى (دادە ئامینە)  هەوڵیان دەدا کە ئەو فەراغ و دابڕانەمان لە دایک و باوک و خوشک و براکانمان بۆ پڕ بکەنەوە و بێتاقەتى و خەمباریمان کەم بکەنەوە و دڵنەواییان دەکردین...

من بەشێکى زۆر کەمى کاتم لەگەڵ (واهیب) و (عەدنان) و دوو کوڕەکەى کاک نورى بەناوى (مەسعود و لهۆن)دا بەسەر دەبرد، بەو دوانزە ڕۆژەى کە لە ماڵى کاک (نورى) بووین، باش فێرى خوێندنەوەى زمانى فارسى بووم بە هۆى دوو کوڕەکەیەوە کە بووبوونە هاوڕێم، وا بزانم ئەو کات ئەوان لە پۆلى یەک و دووى سەرەتاییدا بوون، بەشە زۆرەکەى دیکەى کاتەکانیشم خۆم بە تەنها یان لەگەڵ کاک (مالیک)ى برام دەچووینە سەر جادەکە و وەک سەیتەرەیەک هەرچى سەیارەیەک دەهات ڕامان دەگرت و هەواڵى دایک و باوک و خوشک و براکانمان دەپرسى، هەموو نیوەڕۆ و ئێوارەیەکیش بە نائومێدى و بەدەم گریانەوە دەگەڕاینەوە بۆ ماڵى کاک (نورى) بۆ نان خواردن و خەوتنێکى پڕ لەخەم و ترس و گریان، دیسانەوە ڕۆژى دواتر سەر لەنوێ دەستمان دەکردەوە بە ڕاگرتنى سەیارەکان و هەواڵپرسى دایک و باوک و خوشک و برا و خزمەکانمان...

لە هەمووى ناخۆشتر لەو حاڵ و وەزعە خراپەماندا، شەوانیش کە دەخەوتین.. من هەموو شەوێک کابوس و خەوى زۆر ناخۆش و ترسناکم دەبینى، ڕادەچڵکیم و دەترسام، دیمەنەکانى گوندى (عەنەب) و مردنى پیاوەکە و ڕشانەوەى خەڵکى ناو مزگەوتەکەى (نەوسود) دەهاتنە خەوم، ئەم خەون و کابووسە ناخۆشانە تا زیاتر لە ساڵێکیش لەگەڵمدا بوون و ئازاریان دەدام و تووشى قەلەق و بێتاقەتییەکى زۆریان کردبووم و ڕووشم نەدەهات بە کەس بڵێم.

ئەم چوونە سەر جادە و ڕاگرتنى ئۆتۆمبێلەش بۆ هەواڵ زانینى کەس و کارمان بەردەوام بوو تا نزیکەى هەفتەیەک تێپەڕى، تا ڕۆژێک بە تەنها لەسەر جادەکە بووم سەیارەیەکم ڕاگرت کە هەواڵى دایک و باوک و خوشک و براکانم پرسى، وتیان: نازانین.. نەمانبینیوون، ئاگام لێبوو یەکێکیان لە دواوە وتى: وەڵڵا من هەموویانم لە نێوان گوندى (عەنەب) و (جەلیلە)دا بە مردوویى بینیوە لەگەڵ ماڵى کاک (حەمە موراد) و ئەواندا، کە هاوماڵى خۆمان بوون پاشتر دەرکەوت کە زۆرینەیان شەهید بووبوون، ئیدى لەو ڕۆژەوە تاقەت و بڕستم بە یەکجارى بڕا و گریان و فرمێسک بوویە پیشەم، هەر چەند دڵخۆشى دەکرام و دەیان ووت ڕاست نییە، بە تایبەت کاک (مالیک)ى برام، بەڵام هەستم کرد کە ئەویش پێش من هەواڵى مەرگى بیستبوون و لاى من قسەى نەدەکرد، هەواڵى مەرگى ئێمەش گەیشتبوو بەوان، ئەوانیش هێندە هەواڵیان پرسیبوو و گەڕابوون و هیچیان دەستنەکەوتبوو، نائومێد بووبن لەوەى کە ئێمە مابین...

ئیدى لە پاش دابڕانمان لە دایک و باوکمان بەگشتى و لەو ڕۆژەوە کە ئەو هەواڵە دڵتەزێن و ناخۆشەمان بیست بەتایبەتى، ئێمە تەنها بە جەستە دەژیاین، هەموو ڕۆژێک چەند جار دەمردین و خەم و دەردى مەرگى ئازیزان مەرگى دەکردە میوانى دڵ و ڕۆحمان، کەى مەرگ هێندەى ئەوە سەختە کە هەواڵى مەرگى ئازیزترین کەسانەکانت بدەنێ؟! بەخوا ئەگەر سەرپشک بم لە بینینەوەى دۆخێکى دابڕانى لەو چەشنە و مەرگدا، ئەوا سەد جار مەرگ هەڵدەبژێرم، نەک ئەو ژیانەى کە ڕۆژى چەند جار مەرگ دەبوویە میوانم و بە ئێش و ئازار و خەم و حەسرەتەوە دەمردم، شەوانیش بەدەم کابووس و خەوى ترسانەکەوە ڕادەچڵەکیم و دەروونم وێران بووبوو.

پاش دوانزە ڕۆژ مانەوەمان لە ماڵى کاک (نورى مەحمود بەگ) لە گوندى (دوریسان)ى نزیک شارى پاوە، چووین بۆ ئۆردوگاى (سەریاس)ى نزیک پاوە و ئیدى لەو ڕۆژەوە کاک (شێخ بورهان موحەممەد غەریب)ى براى کاک (شێخ ساحیب) من و کاک (مالیک)ى برامى بردە ماڵى خۆیان و خەیمەیەکیشیان بۆ ئێمە وەرگرت و لەگەڵ مناڵەکانى خۆیاندا هیچ جیاوازییەکیان نەدەکردین، دادە (لەتیفە)ى خێزانى کاک (شێخ بورهان)یش وەک دایکێک خزمەتى دەکردین و بەدەممانەوە دەبوو، دڵخۆشى و دڵنەواییان دەکردین و دەیانووت کە دایک و باوکتان ماوون و هەر دەیان دۆزینەوە، ئەڵبەت ئێمە بووینە خەمە گەورەکەى هەموو ئەو بنەماڵەیە و بە ژن و پیاوەوە هەموویان خەمیان بۆ دەخواردین و خزمەتیان دەکردین و هەواڵیان بۆ دەپرسین، کە چووینە ئۆردوگاکە و خێوەتیان پێداین، یەکەم شەوى مانەوەمان لە ئۆردوگاى (سەریاس) بەفرێکى زۆر بارى، کە ئێمەى مناڵەکان تا ئەو کاتە بەفرێکى زۆرى لەو چەشنەمان نەبینى بوو، دونیا زۆر سارد و کڕێوە بوو، ئێمەش جل و بەرگێکى ئەوتۆمان پێ نەبوو، من خۆم لە بیرمە کە تەنها کراس و ژێر کراسێکم لەبەردابوو، کە جار جارە خۆمان دەشۆرد و خۆمان دەگۆڕى، جل و بەرگى (عەدنان)ى کوڕى کاک (شێخ بورهان)م لەبەر دەکرد تا دواتر لە ئۆردوگاکەدا هەندێ جل و بەرگیان پێداین، سەر دەست و پێیەکانم هەموو سوتابوون و درزیان بردبوو و خوێنیان لێ دەهات، سەر ڕان و بەشێک لە پێستى سەر سکم سوتابوو و زۆر دەکزایەوە، چاوەکانم زۆریان بۆ هێنابووم، کاک (مالیک)ى براشم چاوەکانى زۆر زۆر زیاتر لە من ئێشیان دەکرد و سور سور هەڵدەگەڕان، بە تایبەت ئەو چونکە خۆى حەساسییەتێکیشى لەگەڵ بوو، هەر خەمى منى بوو و زۆر دڵخۆشى دەکردم، بەڵام لاى من زۆر بێتاقەتى دەرنەدەبڕى، بەڵام من خۆم پێمدەزانى کە چەنێک بێتاقەت و دڵگرانە...

بەم شێوەیە نزیکەى پانزە ڕۆژ لەم ئۆردوگایەش ماینەوە.. ڕۆژانە دەچووینە نزیک سەیتەرەى ئۆردوگاکە بۆ ئەوەى هەواڵێکى دایک و باوک و خوشک و براکانمان بزانین، بەڵام بێ سود بوو، پاش نزیکەى هەفتەیەکیش مانەوەمان لە ئۆردوگاى (سەریاس)، ڕۆژێک پیاوێکى ناسراوى خەڵکى گوندەکەمان بەناوى (دەروێش موئمین) بە کاک (مالیک)ى برامى وتبوو کە ماڵى (حاجى ئەسکەندەر)ى مامتان و کوڕەکانى لە ئۆردوگاى (سونقر)ن، ئەم هەواڵە تا ئەندازێکى زۆر دڵخۆشى کردین، تا ڕۆژى (15)هەمى مانەوەمان لە ئۆردوگاى سەریاس، واتە پاش (28) ڕۆژ لە کیمیاباران و دابڕانمان لە دایک و باوک و خوشک و براکانمان، پیاوێک بە ناوى کاک (فارس حەمەعەلى موستەفا)ى دەرە قەیسەرى، هەواڵى پێداین کە بۆ شارى (سونقر) دەچێت و بە کاک (مالیک)ى برامى وتبوو کە یەک دوو ماڵى خەڵکى گوندەکەمان لەو قوتابخانەیەن کە ئەوانى لێیە، ئێمە ئێستە بەم گەڵابەیە ئەچین بۆ ئەوێ، ئەتوانین لەگەڵ خۆمان بتانبەین و بچن بۆ لاى ئەو خزم و ناسراوانەتان...

ئەم هەواڵە مژدەبەخش و دڵخۆشکارە کە ماڵى مامەکان و ئامۆزاکانمان لەوێن، زۆر دڵخۆش و شادومانى کردین، کە لانى کەم کەس و کارێکمان ماوە کە بچینە لایان، چونکە ئێمە تا ئەو کاتە هەر هەواڵى مەرگى کەس و کارمان بیستبوو، چوین کەل و پەل و عەلادین و بەتانى و خەیمەکەمان تەسلیم بە سەرپەرشتى ئۆردوگاکە کردەوە و چووینەوە بۆ ماڵى کاک (شێخ بورهان) بۆ ئەوەى خەبەریان پێبدەین کە ئێمە دەچین بۆ لاى مامەکانمان و خواحافیزیان لێبکەین...

باش لەبیرمە کە سەرلەبەیانى ئەو ڕۆژە گۆشتیان پێدابووین و دادە (لەتیفە) لێینابوو، بەڵام هێشتا نەکوڵابوو، کە چووم بۆ لاى و هەواڵەکەم پێدا، چاوى پڕ بوو لە فرمێسکى خۆشى و شادى، وتى ڕۆڵە پەلە مەکەن با گۆشتەکە بکوڵێ و نان بخۆن، وتم قەیناکە برسیمان نییە، با دوا نەکەوین و بەجێمان نەهێڵن، هەر وازى نەهێنا و قەپاڵەیەکى نەکوڵاوى بۆ دروست کردم، بەدەم گریانەوە خوا حافیزیمان لە یەکتر کرد و لەو کاتەدا ـ بە تەواوى ـ هەستم بە دڵسۆزى و هەستى دایکانەى کرد و وەک دایکم هاتە پێش چاوم و پڕ بە دڵ خۆشم ویست و دوعاى خێرم بۆ کرد، دوعایەکى مناڵانەى مەزڵومانە، کاتێک خوا حافیزیمان لە کاک (شێخ بورهان)یش کرد و بە ئەمانەت سپاردینییە دەست کاک (فارس حەمەعەلى) دەرەقەیسەرى، تێگەیشتم لە پەرۆشى و خەم و دڵسۆزى ئەو بۆمان و دڵخۆشبوونى بەوەى کە لانى کەم هەندێک لە کەس و کارمان ماوون و دۆزرانەوە.

پاش دوورى و دابڕان و بێ هەواڵى لە دایک و باوک و خوشک و براکانمان بۆ ماوەى نزیکەى یەک مانگ لەو ژیانە تاڵ و پڕ مەینەتى و ناخۆشییە، دواى عەسرێکى درەنگ و دەمە و ئێوارە بوو، لە نیوەى مانگى چواردا بوو، سارد و سەرما و بەفر و کڕێوەبوو، دونیا هەمووى یەک پارچە بووبوویە بەستەڵەک و سەهۆڵبەندان، لەگەڵ کاک (مالیک)ى برام چووین بۆ لاى گەڵابەکە و لە پشتى گەڵابەکەوە سەر کەوتین، باش جێمان نەدەبوویەوە، بتڵێکى غازمان لابرد و خستمانە سەرەوە، هەر جۆرێکبوو جێى خۆمان کردەوە، کاتژمێر (5:40) خولەک گەڵابەکە بەرەو شارى (سونقر) کەوتە ڕێ، کە قەزایەکى سەر بە پارێزگاى (کرماشان)ە، هەوا و کزەیەکى زۆر ساردى تاقەتپڕوکێنى هەبوو، وەک دەڵێن وەک نەشتەر دەموچاوى دەبڕى، نزیکەى شەش سەعات زیاتر لە پشتى ئەو گەڵابە سەر بەتاڵەدا هەواى سارد لێیداین، ئەوجا بەو حاڵە سەختەوە گەشتینە شارى (سونقر) و کاتژمێر (11:40) خولەکى شەو گەشتینە بەردەم (فەرماندارى) واتە قایمقامییەتى ئەو شارە، مەگەر هەر خوا خۆى بزانێ چەنێک سەرمامانبوو، تا گەیشتووینەتە ئەوێ هەڵدەکورماین و لەرزمان بووە و تەقەى دانمان هاتووە، لەتاو سەرما و برسیەتى ناو سکمان ئێشى دەکرد، نزیکەى سەعات (12:30) خولەکى شەو گەشتینە ئەو قوتابخانەیەى کە ماڵى کاک (فارس حەمەعەلى) لێبوو بەناوى قوتابخانەى (ئیمام خومەینى)، لەوێ ماڵێکى ناسراوى خەڵکى گوندەکەمانى لێبوو بەناوى کاک (بەشیرى خاڵۆ موستەفا)ى خەرپانەیى، کاک (فارس) چوو بۆ لاى و پێى ووت: میوانم بۆ هێناوى، ئەویش ووتى: کێن؟ بەخێربێن، ئێمەش چووین بۆ لاى ئەو و هەواڵى ماڵى مامەکانمان پرسى، چونکە لەوە بێ هیوا بووبووین کە دایک و باوک و خوشک و براکانمان مابن، بەڵام ئەو هەواڵێکى خۆشترى پێ ڕاگەیاندین و وتى: باوکت و ئەوانیش لێرەن و من ئەزانم لەکوێن و خۆم بەیانى دەتانبەم بۆ لایان، ئیدى ئەم هەواڵە دڵخۆشکار و چاوەڕواننەکراوە ـ وەک خەڵات و دیارییەکى گەورە و بێ وێنە ـ هەرچى و خەم و ناخۆشى و ناڕەحەتى و ئازارى جەستەیى و دەروونى و خەمى دڵ هەبوو لەبیرى بردینەوە، لەخۆشیاندا جێمان بەخۆمان نەدەگرت، ئاراممان لێبڕا و زۆر پەلەمان بوو، لە خۆشیاندا فرمێسک لە چاوەکانمان هاتە خوارەوە و پڕ بە دڵى مناڵانەمان شوکر و سوپاسى خواى میهرەبانمان کرد، مەگەر تەنها خواگیان خۆى بزانێ ئەو هەواڵە چەنێک دڵخۆشى کردین و ئاوى کرد بە دڵ و دەروونى بریندار و ڕۆحى شەکەت و جەستەى ماندووماندا، کاک (بەشیر) هەستا بەو درەنگە چایى و هێلکە و ڕۆنێکى بۆ ئامادەکردین و کەمێک گەرممان بوویەوە و تا بەیانى لاى ئەوان ماینەوە و خەوتین، خەوێکى بێ خەم و بێ گریان، خەوێک پڕ لە چاوەڕوانى و شادبوونەوە بە ئازیزترین کەسەکانمان، ئەوە تاکە شەوێک بوو بۆ من کە لەو ماوەیەدا خەوى ناخۆش و کابووسم نەبینى بێ...

بەیانى کە ڕۆژ بوویەوە و پاش نان و چاى خواردن، کاک (بەشیرى خاڵۆ موستەفا) بردینى بۆ ئەو شوێنەى کە باوکم و ئەوانى لێبوو، ناوى ئەو مزگەوتەش (قەمەر بەنى هاشم) بوو، کە گەیشتینە نزیک مزگەوتەکە لە پەناى دیوارێکەوە ئێمەى ڕاگرت و چوو باوکمى بانگ کرد، ئێمەش لە پەناى دیوارەکەوە تەماشامان دەکرد و گوێمان دەگرت، بە باوکمى ووت: ئەرێ هەواڵى مناڵەکانت نەزانى؟ باوکیشم بە دەم هەناسەیەکى سارد و ئاهێکەوە وتى: نەوەڵڵا برا هیچ هەواڵێکیان نییە.. شوێن نەما سۆراغیان نەکەم و کەس نەما هەواڵیان لێ نەپرسم، بە دەم بزەیەکەوە کاک (بەشیر) وتى: وەڵڵا من هەواڵیان دەزانم و شوکر هەردووکیان ماوون و سەلامەتن، بینیم کە باوکى بە ڕەحم و بەزەییم ـ وەک یەعقوبى یوسف گومکردوو ـ گەشایەوە و ناوچەوانى پڕ بوو لە خۆشى و شادى و وتى: توخوا بەڕاستە؟ چۆن ئەزانى؟ لە کوێن؟ خۆت بینیووتن؟ کاک (بەشیر)یش ئاوڕێکى دایەوە و وتى: بەڵێ ئەوەتان لە پشت ئەو دیوارەوە، ئێمەش یەکسەر خۆمان بۆ نەڕاگیرا و چووین باوەشمان کرد بە باوکماندا و تێر تێر گریاین و یەکترمان ماچ کرد، دواتر دایکم و خوشک و براکانیشمان هاتن و گریانى شادبوونەوە ئەو دەوروبەرەى تەنى، دڵنیام فریشتەکانیش لەگەڵ ئێمەدا پێکەنیوون و دڵخۆشبوون و بەشدارى ئەو مەراسیمى شادبوونەوەیان کردووە، خەڵکەکەش لە مزگەوتەکە هاتنە دەرەوە و پیرۆزبایى و چاو ودڵ ڕوونیان لە دایک و باوکمان دەکرد، ئیدى کۆتایى بەو دابڕانە یەک مانگییەى من و کاک (مالیک)ى برام و دایک و باوک و خوشک و براکانمان هات و خەم و حەسرەت و ئاهى دابڕان بڕایەوە، شوکر بۆ خوا هەواڵى مەرگى هەردوو لاشمان بە درۆ دەرچوو، درۆیەک کە ئەنقەست نەبوو، چونکە ئەو کەسانە ڕاست وایان زانیبوو کە مردووین، یاخود وایان زانیبوو کە ئەوان مردوون، بۆیە ئەو هەواڵەیان بە ناچارى دەدا.

دواتر ناسراوەکانى ئەو مزگەوتە و هەموو خەڵکەکە لێمان کۆبوونەوە، بەڵام کە دایک و باوکم سەر دەست و قاچى منیان بینى، کە پڕ بوون لە خوێن و شەقیان بردبوو و ئێش و ئازاریش بە ڕووخسارمەوە دیاربوو و نەدەشاررایەوە، دەستیان کردەوە بە گریان و خەم و بێتاقەتى دایگرتن، بەڵام من وتم هیچ نییە و باشم، دەرمانم وەرگرتووە، ئیدى لەوێش هەفتانە ئەو دەرمانەم وەردەگرت، تا لەو مزگەوتە بووین یەکێک لە پیاوە ئێرانییەکان ـ کە سەرپەرشتى خەڵکەکەى ناو مزگەوتەکەیان دەکرد ـ بە ناوى (حوسەین سابیرى) هەفتانە دەرمانەکەى بۆ دەهێنام و هەندێ جل و بەرگیشى بۆ هێناین، کە چووینە ئۆردوگاکەش ـ لەبەر ئەوەى کە بنکە تەندروستییەکە نزیک بوو ـ خۆم دەچووم قەترە و مەڵهەمەکەم وەرمدەگرت و سوپاس بۆ خوا کە پاش یەک دوو ساڵ هیچ ئاسەوارێکى ئەو سوتانە بە جەستەمەوە نەما، ئەگەرچى هەندێ ناڕەحەتى دیکەم هەر ماوە و ناوە ناوە ئازارم دەدات...

ئەمە کورتەیەک بوو لە یەکێک لە دیمەنە تراژیدى و سەختەکانى هەڵەبجەییەکان بەگشتى و ژیانى منى هەڵەبجەیى، ئەمەى کە وترا و باسکرا، تەنها سێبەرى ئەو خەم و ئازار و ناڕەحەتى و ژانە قوڵەیە کە من و کاک (مالیک)ى برام و هەزارانى وەک ئێمە چەشتوویانە و بینیویانە، چەندین دیمەنى لەمە تراژیدى تر هەیە کە ئەگەر بەسەر هەر گەل و نەتەوەیەکى دیکەدا بهاتبایە، بە دڵنیاییەوە کە دەیان و سەدان ڕۆمان و فیلم و درامایان لەسەر دەنووسین و بەرهەم دەهێنا، لەوەش گرنگتر دەیانکردنە چەندین بەڵگەى دیکۆمێنتارى بۆ دەستخستنى مافى ڕەواى ئەم گەلە ستەمدیدەیە بەگشتى و ئەم شارە ستەملێکراوە فەرامۆشکراوە بە تایبەتى.

***

ده‌نگێ نه‌دراوه

بۆچوونەکان

1
جلیل بهرامی نیا (not verified)
1392/1/1 06:20

خوای گةوره بیکا به پاداشی قیامةت بوتان کاکه گیان....!

2
بدون‌نام (not verified)
1392/1/25 05:42

زوردل ته زین بو.به هیوای رزگاری

3
مودريك عةلى عارف (not verified)
1392/1/25 04:32

زۆر سوپاس به‌ریزه‌كان .. خۆشه‌ویستی ئیمه‌ن و لوتفتان نواند

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)