چییه‌تی و گرنگی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق له سه‌رده‌می نوێ‌دا
ئاماژه: مه‌ولوود به‌هرامیان، له ساڵی ۱۹۷۴ له شاری شنۆ له کوردستانی ئێران له‌دایک بووه، قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له شنۆ و نه‌غه‌ده و قۆناغی دواناوه‌ندی له شاری مه‌هاباد له ناوه‌ندی ڕاهێنانی مامۆستایان له ساڵی ۱۹۹۴ دا ته‌واو کردووه، پاشان لیسانسی ئیلاهییاتی له زانکۆی ته‌ربیه‌ت موعه‌للیمی ته‌ورێز له ساڵی ۱۹۹۹ دا وه‌رگرتووه و له ٢٠١٥دا ماسته‌ری له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقدا له تاران وەرگرتووە. دەستەی نووسەرانی گۆڤاری «ئەندیشەی ئیسڵاح» و جگه له‌وانه وه‌ک چالاکوانێکی مێدیایی، چه‌ندین وه‌رگێڕان و دیمانه‌ی له‌م بواره‌دا پێشکەش کردووە.
ناوبراو خاوەنی کتێبێکی بڵاوکراوەیە لەژێر ناو و نیشانی: «گفت‌وگو با مخالف از منظر قرآن» و کتێبێکی لەژێر ناوونیشانی «زمانی برای اندیشیدن» لەژێر چاپ دایه.
- پێمخۆشه وتوێژه‌که‌مان به‌وه ده‌ست پێ بکه‌ین لای ئێوه، فەلسەفەی ئەخلاق چییە و چۆن پێناسه ده‌کرێ؟
پێم باشه سه‌ره‌تا به کورته باسێکی چۆنیه‌تی به‌دیهاتنی ئه‌و زانسته ده‌ست پێ بکه‌م. باسی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق له یۆنانی کۆنه‌وه له‌ژێرسه‌ردێڕی بابه‌تگه‌لێکی وه‌ک خێر و فه‌زیله‌تدا هاتوونه گۆڕێ. ده‌توانین ئه‌م شێوه‌یه له وتوێژه‌کانی سوقرات و له هینده‌ک له وتوێژ و موحاوهرهکانی ئه‌فلاتوون وه‌ک کۆماری، فایدون و میوانی و هینده‌ک ئاسه‌واری ئه‌ره‌ستوو، وه‌ک ئه‌خلاقی نیکوماخووس و هینده‌ک پیتۆڵی وه‌ک ئیپیکۆڕدا ببینینه‌وه. له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی فه‌لسه‌فه‌دا واته له قۆناغی فه‌رهه‌نگ و شارستانیه‌تی ئیسلامیشدا، به‌ستێن و زه‌مینه‌ی ئاشکرا و نه‌هێنی باسه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌خلاق له ناوه زانایاندا ده‌بینرێن. دیاره یه‌که‌م سه‌رچاوه و به‌ش که باس و خواسه‌کانی تیۆری ئه‌خلاق له خۆ ده‌گرێ له زانستی که‌لامدا هاتۆته گۆڕێ. ئه‌وه موتهکهللیمهکان بوون که بۆ یه‌که‌م جار ئه‌م باسانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقیان هێناوه‌ته گۆڕێ وه‌ک ئه‌شعه‌رییه‌کان و موعته‌زیلی و ماتوریدی و دواتریش موتهکهللیمه شیعه‌کان. ئه‌و باسانه‌ی له‌ژێر ناوی واتای حوسن و قوبح، زاتی و خوایی بوون، عه‌قڵی و شه‌رعی بوون و هه‌موو هاوکێشه‌کانیان و هه‌روه‌ها پێوه‌ندی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئایین له که‌لامدا هاتوونه گۆڕێ ده‌توانین به میسداقی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق دایان بنێین. هه‌روه‌ها له به‌شی فه‌لسه‌فه‌شدا له باسی ئاوه‌زی کرده‌یی (عه‌قڵی عه‌مه‌لی) و سنووری مامناوه‌ندی واته حه‌دی وه‌سه‌ت له حیکمه‌تی عه‌مه‌لی و له به‌شی مهشهوورات له لۆژیک واته مه‌نتیقدا ده‌توانین بنه‌چه‌که‌ی تیۆر له بواری فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق، بدۆزینه‌وه.
هه‌موومان زۆر جار له‌گه‌ڵ ئه‌وه ڕووبه‌ڕوو بووینه که ده‌بێ چبکه‌ین؟ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه کارێکی دژوار نییه. قه‌بووڵی ده‌که‌ین که ده‌بێ کابرایه‌کی نابینا له ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌وه یارمه‌تی بده‌ین و بیبه‌ینه ئه‌وبه‌ری و بیپهڕێنینهوه یان له دادگادا له‌به‌رده‌م حاکمدا ده‌بێ ڕاستگۆ بین، یان ده‌زانین که نابێ له تاقیکارییه‌کانی قوتابخانه یان زانکۆ ته‌زویر بکه‌ین یان پاش سه‌رخۆش بوون شۆفیری بکه‌ین و ماشێن لێ بخوڕین، ئه‌م ده‌بێ و نابێیانه بۆمان دیاریکراون، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه به‌و مانه‌یه نییه که به‌رده‌وام به‌گوێره‌ی ئه‌و زانینه‌مان بجووڵێینه‌وه، جا هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که کرداره‌کانی خۆمان یا خه‌ڵکانی دیکه به‌جوان ده‌نرخێنین یاخوود به ناحه‌ز ناوزه‌دیان ده‌که‌ین. له هه‌موو ئه‌و حاله‌تانه‌ی که باسم کردن، ئێمه بڕیاری ئه‌خلاقی ده‌ده‌ین و له‌م بڕیاره ئهخلاقییانهدا دیاری ده‌که‌ین که کرادری راست یان هه‌ڵه کامه‌یه و کابرای بکه‌ر باشه یاخوود خراپه. لێره‌وه فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق پێوه‌ندی به کرداری ئینسانه‌وه هه‌یه. ده‌سته‌واژه‌ی Ethics له واژه‌ی یۆنانی Ethikosوه وه‌رگیراوه. ژنان و پیاوان، به‌گشتی کردار و مهنیشی خۆیان و ئه‌وانی دی به ده‌سته‌واژه‌کانی باش، خراپ، ڕاست و هه‌ڵه پێناسه ده‌که‌ن و فیلسووفی ئه‌خلاق ده‌رباره‌ی واتا و قه‌ڵه‌مبازی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕه‌فتارو کرداری مرۆڤدا توێژینه‌وه و لێکۆڵین ده‌کا، به‌ڵام ته‌نیا دڵه‌ڕاوکێی ئه‌وان، دانی ڕاپۆرتێک له ڕوانگه و بایه‌خه په‌سندکراوه‌کانی خه‌ڵک نییه به‌ڵکوو لێکۆڵینه‌وه ده‌رباره‌ی کۆی ئه‌و ئه‌رگۆمێنت و بهڵگههێنانهوانهیه که له دیوی شاراوه‌ی باوه‌ڕه ئه‌خلاقییه‌کانی ئێمه‌دا خۆیان حه‌شار داوه و هه‌روه‌ها توێژینه‌وه‌یه ده‌رباره‌ی به‌ڵگه‌هێنانه‌وه و ته‌وجیهـ (Justification) و هێنانه به‌رباسی به‌ڵگه بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته ئه‌خلاقییانه‌یه که وه‌ک ڕاستییه‌ک وه‌رمانگرتوون و ده‌کاریان دێنین. دواجار فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق به‌شێکه له فه‌لسه‌فه و دید و تێڕوانینی فه‌لسه‌فه‌ییه بۆ ئه‌خلاق.
- به ڕای ئێوه، وه‌ک توێژه‌ره‌کی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق، گرنگترین بابەتەکانی فەلسەفەی ئەخلاق چین؟
ده‌توانین باسه تیۆریک و فه‌لسه‌فییه‌کان له ئه‌خلاقدا به چوار ده‌سته پۆلێنبه‌ندی بکه‌ین:
١- ئه‌خلاقی شیکارییانه (analytical ethics) یان فه‌را ئه‌خلاق (Meta Ethics)، یانی کۆی ئه‌و باسانه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌خلاق هه‌ن و ڕه‌هه‌ندێکی مهفهوومییان هه‌یه که گرنگترین بابه‌ته‌کان بریتین له:
ئه‌لیف) واتا ناسیی له‌فز و چه‌مکه ئه‌خلاقییه‌کان که گرنگترینیان بریتین له: چاک و خراپ، خواستراو و نه‌خواستراو، بایه‌خمه‌ند، راست و هه‌ڵه یان ناڕاست، ده‌بێ و نابێ، ئه‌رک، ته‌کلیف و به‌رپرسیارێتی. ئه‌گه‌رچی ئه‌و چه‌مکانه ته‌نیا تایبه‌تی ئه‌خلاق نین، به‌ڵام کاتێک له‌ودا، ده‌کار ده‌کڕین، ده‌بێ واتا ئه‌خلاقییه‌که‌یان له‌گه‌ڵ مانا نائهخلاقییهکهیان و باقی چه‌مکه ئه‌خلاقییه‌کانی دیکه لێک بدرێته‌وه و پێوه‌ره‌کانی ده‌کارهێنانی ئه‌م چه‌مکانه لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بکرێ و دیاری بکرێن.
ب) شیکاری گوزاره ئه‌خلاقییه‌کان، یانی ئه‌و گوزارانه‌ی که هه‌ڵگری له‌فز و چه‌مکی ئه‌خلاقین: ئاخۆ ئه‌و گوزاره ئه‌خلاقییانه هه‌موویان پرێسپێکتیڤ و تهوسییهین یان ته‌وسیفی و دیسکرێپشینن؟ یاخوود هیندهکیان تهوسییهیی و هیندهکیان تهوسیفین یان به‌شی چوارهه‌میش له‌گۆڕێ دایه؟ ئایا گوزاره ئه‌خلاقییه‌کان ده‌رباره‌ی واقعن یاخوود باسی بایهخهکانن یا باسی ئه‌رک و تهکلیفن یا ئه‌وه‌ی که هه‌موو له یه‌ک تیپ و چه‌شن نین؟
ج) مه‌عریفه‌تناسی ئه‌خلاقی: ئایا حه‌قیقه‌تی ئه‌خلاقی عه‌ینی بوونی هه‌یه یان نا؛ ئایا گوزاره ئه‌خلاقییه‌کان ده‌توانین به سیدق و کیزب و راست و درۆ یان عه‌ینی و ناعهینی وه‌سف بکه‌ین؟ چاره‌سه‌ری پرسه ئه‌خلاقییه‌کان به‌ستراوه‌ته‌وه به‌وه که هینده‌ک له شاخه‌کانی فه‌لسه‌فه وه‌ک لۆژیک، فه‌لسه‌فه‌ی زمان، فه‌لسه‌فه‌ی زه‌ین و مه‌عریفه‌تناسیش بێنه ناو به‌سته‌ری باسه ئه‌خلاقییه‌کانه‌وه.
٢- ئه‌خلاقی ده‌ستووری یان بایه‌خی (Normative Ethics)، ئه‌خلاقی ده‌ستوریی، هه‌ر له سوقرات و ئه‌فلاتوون و ئه‌ره‌ستۆوه سووننه‌تی سه‌ره‌کی بیرکردنه‌وه بووه. لێره‌شدا هینده‌ک بابه‌ت له ئه‌خلاقدا که ڕه‌هه‌ندێکی میسداقییان هه‌یه دێنه گۆڕێ. وه‌ک ئه‌وه‌ی که چ شتێک باش یان خراپ، خواستراو یان نه‌خواستراو و خاوه‌نی بایه‌خن؟ کام له کرداره‌کانی مرۆڤ راست یا ناراست، ئه‌رک یان تهکلیفن و ده‌بێ بکرێن یان نه‌کرێن؟ میسداقه‌کانی چه‌مکه ئه‌خلاقییه‌کان کامه‌ن؟ ئایا ئه‌رک له‌پێش بایه‌خ دایه یاخوود هینده‌ک له وه‌زیفه‌کانی ئێمه له‌هه‌ر بایه‌خێکی دیکه سه‌ربه‌خۆن؟ مانای ژیان چییه و ده‌بێ چ بێ؟ ڕۆڵ و کارکردی ژیان چییه و ئامانجی ژیان ده‌بێ چ بێ؟ ئایا مافه سرووشتییه‌کان (حقوق طبیعی) بوونیان هه‌یه؟ ئایا ئاژه‌ڵه‌کانیش مافیان هه‌یه و ئایا ئێمه له‌به‌رانبه‌ر ئه‌واندا هیچ ئه‌رک و ته‌کلیفێکمان له‌سه‌ر شانه؟ ئه‌دی له‌حاندی گیاوگۆڵ چی؟ و هه‌روه‌ها ده‌بێ له بارودۆخی تایبه‌تدا چبکه‌ین و نابێ چبکه‌ین؟ چلۆن بنه‌ماکانی ئه‌خلاق له‌سه‌ر بابه‌تی تایبه‌ت یا هینده‌ک بابه‌تی تایبه‌تیدا پیاده بکه‌ین؟ لێره‌وه کۆمه‌ڵێک ئه‌خلاقی ئه‌رزشی تایبه‌ت، دێنه ئاراوه وه‌ک ئه‌خلاقی بازرگانێتی، ئه‌خلاقی پزیشکی، ئه‌خلاقی فێرکاری و ڕاهێنان، ئه‌خلاقی ژینگه‌پارێزی، ئه‌خلاقی سیاسی، ئه‌خلاقی پێوه‌ندییه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی، ئه‌خلاقی قه‌زایی که هه‌موویان دێنه ژێر خانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ده‌کارکراو یان عه‌مه‌لی(Applied Philosophy) یان ئه‌خلاقی کارکردی/ کرده‌یی(Applied Ethics).
١- ئه‌خلاقی ته‌وسیفی: یانی کۆمه‌ڵێک بابه‌تی پێوه‌ندیدار به بۆچوونه‌کان یان ڕێسا و کرداره ئه‌خلاقییه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی کرده‌یی له کۆمه‌لگه‌یه‌کی تایبه‌ت یان له ناو هه‌موو مرۆڤایه‌تیدا هاوبه‌شن و بڕه‌ویان هه‌یه و دێنه کار و چ دره‌نجام و ئاسه‌وارێکیان لێ ده‌که‌وێته‌وه؟ وڵامدانه‌وه به‌و پرسیارانه هه‌ڵگری لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی مێژوویی و تهجریبییه.
٢- ره‌وان ناسی ئه‌خلاقی(Moral Psychology): کۆی بابه‌ته فه‌لسه‌فی و هیندهکجار تهجریبیانهی په‌یوستن به کاروباری ده‌رونی مرۆڤ وه‌ک بکه‌ری ئه‌خلاقی یا وه‌ک چاو‌دێر و دادوه‌رێکی ئه‌خلاقی. گرنگترین ئه‌م بابه‌تانه‌ش بریتین له پرسی جه‌بر و ئیختیار، خۆخۆشویستنی مرۆڤ، خۆویستی ڕه‌وانناسانه، لهزهتگرایی ڕه‌وانناسانه، لاوازی وره و ئیراده، خۆ پێڕانهگیران، شیکاری چه‌مکه‌کانی نییه‌ت، ئامانج، خوایشت، زانست، ویست، ئه‌نقه‌ست، سه‌هوو، هه‌ڵه، له‌بیرچوون، کرده، هه‌وڵ، هه‌ڵبژاردن، ئاکامی کردار، ته‌رکی کردار، بێ هه‌ڵوێستی، له‌زه‌ت، ئێش، به‌خته‌وه‌ری، قازانج، ئه‌وین و... و هه‌روه‌ها شیکاری هینده‌ک له فه‌زیله‌ت یان ڕه‌زیله تایبه‌ته‌کان وه‌کو دادپه‌روه‌ری، سته‌م، خزمه‌ت و خه‌یانه‌ت.
- ئه‌گه‌ر ده‌کرێ ئه‌مه‌ش باس بکه‌ن که گرنگترین قوتابخانەکان و تیۆریاکانی فەلسەفەی ئەخلاق چین؟
دیاره وڵامدانه‌وه به‌و پرسیاره زه‌حمه‌ته و به پێی بۆچوون و ڕوانگه‌ی مرۆڤه‌کان ده‌توانێ وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش بگۆڕدرێ، به‌ڵام به کورتی پۆلێنبه‌ندییه‌کی مه‌دره‌سه ئهخلاقییهکانتان عه‌رز ده‌که‌م؛ به‌گشتی مه‌کته‌به ئه‌خلاقییه‌کان به دوو به‌شی واقیعگه‌را و ناواقیعگهرا دابه‌ش ده‌کرێن. قوتابخانه‌کانی سه‌ر به ناواقیعگرایی بریتین له: ههستگرایی، تهوسیهگهرایی، کۆمه‌ڵ گه‌رایی، قه‌رارداد گه‌رایی. قوتابخانه‌کانی سه‌ر به واقیعگهراییش بریتین له دوو به‌شی سه‌ره‌کی که هه‌ریه‌که‌و کۆمه‌ڵێک قوتابخانه‌ی دیکه له‌خۆ ده‌گرن. ئهلف) واقیعگه‌رای سروشتی: که لهزهتگهرایی، قازانجگه‌رایی، ئهویدیگهرای/عاتیفه‌گه‌رایی، ده‌سه‌ڵاتگه‌رایی، ویژدانگهرایی و گهشهگهرایی (تطور) له خۆ ده‌گرێ، ب) واقیعگه‌رای میتافیزیکیش هینده‌ک قوتابخانه‌ی وه‌ک مه‌کته‌بی که‌لبی، مه‌کته‌بی ڕه‌واقی، سهعادهتگهرایی، مه‌کته‌بی کانت و به پێی بۆچوونێک مه‌کته‌بی ئه‌خلاقی ئیسلامیش له خۆ ده‌گرێ. که دیاره هه‌ر یه‌ک له‌وانه هه‌ڵگری چه‌نده‌ها نووسین و کتێبه و لێره‌دا ناکرێ هه‌موویان به وردی شی بکرێنه‌وه.
- ئایا ئه‌خلاقی ئیسلامی بوونی هه‌یه، ئه‌گه‌ر وڵامتان ئه‌رێنییه، لەکوێی فەلسەفەی ئەخلاقدا، جێگەی دەبێتەوە؟
ئه‌گه‌ر وه‌کوو ئه‌و بیریاره موسوڵمانانه بیر بکه‌ینه‌وه که پێیان وایه ئه‌خلاق شتێکی سه‌ربه‌خۆ له هه‌ر ئایین و ئایدیۆلۆژێکه و پاشگر ئیسلامی و نائسیلامی پێوه نالكێنرێ، و ئیعتبار یا بیئیعتباربوونی بڕیاره ئه‌خلاقییه‌کان به شێوه‌یه‌کی عه‌قڵانی دیاری ده‌کرێ و پێوه‌ندی به ئایین و ئیدئۆلۆژییه‌وه نییه، به‌و مانایه شتێکمان به ناوی ئه‌خلاقی ئیسلامی نییه. هه‌ڵبه‌ت له‌وانه‌یه له چوارچیوه‌ی ئه‌خلاقی سه‌ربه‌خۆ و ئه‌خلاقی مه‌جازدا که‌سێک به پێی ڕوانگه‌ی خۆی هینده‌ک له بابه‌ته ئه‌خلاقییه‌کان هه‌ڵبژێرێ و هیندهکیان وه‌پێش هیندهکی دیکه بدا و له ئه‌خلاقی مه‌جازدا سیسته‌مێکی ئه‌خلاقی دابمه‌زرێنێ. شایه‌د زۆر به لێبورده‌ییه‌وه بتوانین به‌م واتایه، بڵێین ئه‌خلاقی ئیسلامیش بوونی هه‌یه. لێره‌دا ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر به واتای ئه‌خلاقی ئیسلامی ڕازی بین، ئه‌خلاقێکه که له سوننه‌تی ئیسلامی‌دا و به گوێره‌ی سه‌رچاوه باوه‌ڕپێکراوه‌کانی ئیسلام واته قورئان و سوننه‌ت، په‌روه‌رده کراوه که ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان قوبوڵ بێ، ده‌بێ له نێوان دوو چه‌شنه بایه‌خدا جیاوازی دابنێن: ئاستی یه‌که‌م واته بایاخه خزمهتپێکراوهکان و بایه‌خه به‌رزه‌کان، یانی کۆی ئه‌و بایه‌خانه‌ی که له‌م سیسته‌مه ئه‌خلاقییه‌دا بنه‌ڕه‌تین و له هه‌موو بنه‌ماکانی دیکه‌ی ئه‌و سیسته‌مه، به نرخترن و له‌پێشترن. ئه‌و بایه‌خانه شه‌رتی به‌ئه‌خلاقی بوونن و شه‌رتی نیزیکبوونه‌وه‌ی مرۆڤی موسوڵمان له خوان. دوو فه‌زیڵه‌تی عه‌داله‌ت و ئیحسان له‌م چه‌شنه بایه‌خه گهورهانهن که له‌زۆر شوێنی قورئاندا بانگه‌شه‌یان بۆ کراوه که ئه‌ی گرۆی باوه‌رداران دادپه‌ره‌وه‌ری و ئیحسانتان هه‌بێ له کاروبارتاندا.
دادپه‌روه‌ری و ئیحسان، دوو بایه‌خی تۆخ و ڕێنوێنی سیسته‌می ئه‌خلاقی ئیسلامین. به‌ڵام ئه‌م دوو بایه‌خه ده‌بێ له جیهانی واقیعیدا له به‌ستێنی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌تی بکه‌ره ئه‌خلاقییه‌کانی خۆیاندا، بێنه دی. یانی به گوێره‌ی ئه‌و بۆچوونه ده‌بێ عه‌داڵه‌تی زه‌مانه که شتێکی سه‌ربه‌خۆ له ئایینه و پیتۆڵان و لێزانانی سه‌رده‌م ده‌یناسن، له پێشدا دیاری بکرێ و جا ئه‌مجار به گوێره‌ی ئه‌و، میسداقه‌کانی عه‌داله‌ت دیاری بکرێن. بۆ نموونه له باسی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و قیساسدا، ئیسلام له کاتی خۆیدا شۆڕشی کرد و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی به‌کۆمه‌ڵی له‌لایه‌ن که‌س و کاری کوژراو کرده ته‌نیا کوشنتهوهی بکوژ و نه که‌سێکی دیکه‌ی بێ‌تاوان، ئه‌مه شۆڕش بووه و له پێش عه‌داله‌تی ئه‌وکاتی بوو که بریتی بوو له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌کی جه‌معی و ئه‌وه‌ی له عه‌ره‌بیدا پێی ده‌ڵێن (ثأر). مه‌رج نییه عه‌داله‌ت که واتایه‌کی جیهانی هه‌یه، هه‌میشه یه‌ک فۆڕمی دابه‌زینی له‌ناو کۆمه‌ڵگاکاندا هه‌بێ و ئه‌وه‌ی له ناخی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سهحرانشیندا وه‌ک میسداقی دادپه‌ره‌وه‌ری له‌ئارادا بووه وه‌ک باسم کرد جگه له مه‌عنی زه‌مه‌نیی دادپه‌ره‌وه‌ری، په‌یوه‌ست بووه به هه‌ڵکه‌وتوویی مێژوویی، کولتوری و کۆمهڵایهتێکی تایبه‌ته‌وه که شه‌رت نییه له‌گه‌ڵ بارودۆخی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی که له قۆناغی دواپیشه‌سازی دایه وه‌ک یه‌ک سادق بن و بابهتییهکهیان وه‌کوو یه‌ک بێ. هه‌ر بۆیه که‌سێکی وه‌کوو «ئیزۆتسۆ» پێی وایه که نیزامی ئه‌خلاقی قورئانی/ئیسلامی جگه له‌و دوو چه‌مکه سه‌ره‌کییه هینده‌ک بایه‌خی تایبه‌ت و گونجاوی کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌به له دورگه‌ی عه‌ره‌بی له کاتی هاتنه خواری سروشدا. بۆ نموونه ئه‌خلاقی عه‌ره‌بی به‌ر له ئیسلام له‌سه‌ر چه‌مکی (مروت) دامه‌زرابوو که له (مرء)ه‌وه هاتووه و واتای پیاوه‌تیی هه‌یه. هه‌ر ئه‌م ئه‌خلاقه پیاوانه‌یه که تایبه‌ت به دۆخی ژیانی سهحرانشینی بوو له ده‌قی ئه‌خلاقی قورئاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. بۆ نموونه پێنج ئه‌خلاقی به‌ر له ئیسلام وه‌ک به‌خشین (سخاوة)، راستی (صدق)، خۆگری (سه‌بر)، وه‌فا و بوێری(شجاعة) له قورئانیشدا هاتوون به‌و جیاوازییه‌ی که نیه‌ت و مرازهکه گۆڕاوه، هی پێش ئیسلام پتر به مه‌به‌ستی ناو و ناوبانگی باش -که له زۆره‌به‌ی جاریشدا زێده‌ڕه‌ویی تێدا ده‌کرا و خێزانی کابرای سه‌خاوه‌تمه‌ند ده‌که‌وته ژێر زه‌خت و فشاره‌وه- بوو؛ به‌ڵام قورئان دیاره سه‌نته‌ری هه‌موو شتێکی بۆ لای «الله» گۆڕی و نییه‌تی هه‌موو شته‌کان بۆ لای وه‌ده‌سهێنانی ڕه‌زایه‌ت و لێخۆشبوونی خوا گۆڕدراو و سنووریشی بۆ دیاری‌کرا بۆ نموونه «وَلَا تَجْعَلْ يَدَكَ مَغْلُولَةً إِلَىٰ عُنُقِكَ وَلَا تَبْسُطْهَا كُلَّ الْبَسْطِ فَتَقْعُدَ مَلُومًا مَّحْسُورًا»، نه‌که‌یت ئه‌وه‌نده ده‌ست نوقاو بیت وه‌ك ئه‌وه‌ی که ده‌ستی به‌کۆت و زنجیر به‌گه‌ردنیدا هه‌ڵواسرابێت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌نده‌ش ده‌ست بڵاو مه‌به، له‌وه‌ودوا بکه‌ویته به‌رده‌م لۆمه و سه‌زه‌نشتی ئهمو ئه‌وو هیچت به ده‌سته‌وه نه‌مێنێت و به هه‌ناسه ساردی و نائومێدی بۆی دانیشیت. ﴿الإسرا‌ء: ٢٩﴾ یان «وَالَّذِينَ إِذَا أَنفَقُوا لَمْ يُسْرِفُوا وَلَمْ يَقْتُرُوا وَكَانَ بَيْنَ ذَٰلِكَ قَوَامًا»؛ ئه‌وانه‌ن که: کاتێک ماڵ‌و سامانیان ده‌به‌خشن و خه‌رجی ده‌که‌ن، نه زیاده‌ڕه‌وی تێدا ده‌که‌ن و بازایه‌ی ده‌ده‌ن، نه ده‌ست نوقاو ڕه‌زیلیشن، به‌ڵکو له‌و نێوانه‌دان (مامناوه‌ندین و له شتی به‌سوود به‌کاری ده‌هێنن). ﴿الفرقان: ٦٧﴾
بۆچوونێکی دیکه‌ش هه‌یه که تا ئێستا له‌ناو موسوڵماناندا ڕوانگه و گوتارێکی زاڵ بووه که پێی وایه ئه‌خلاقی ئیسلامی ته‌واو شتێکی تایبه‌ته و گوزاره ئه‌خلاقییه‌کان ڕه‌هه‌ندێکی هه‌واڵی و خه‌به‌ریان هه‌یه و ڕسته ئه‌خلاقییه‌کان گوزارشت له حه‌قیقه‌ت ده‌که‌ن و له‌لانی ئه‌وه‌ی که گوزاره ئه‌خلاقییه‌کان که‌شفی ڕاسته‌قینه ده‌که‌ن و ئاشکراکه‌ری واقیعیه‌تێکی(نفسالامری)ن له‌گه‌ڵ بڕیار و ڕسته ته‌جریبی و ریازیییهکاندا که باس له واقیعیاتی ده‌ره‌کی، ده‌که‌ن هیچ جیاوازییه‌کیان نییه. ئه‌و باسه ده‌توانێ زۆر له‌وه درێژتر و چڕ و پڕتر بێ، به‌ڵام لێره‌دا ده‌رفه‌ت بواری ئه‌وه‌مان ناداتێی و ڕه‌نگه له‌م کورته‌یه‌دا، مافی خۆی به ته‌واوه‌تی نه‌درێتێ.
- گرنگی فەلسەفەی ئەخلاق بۆ سەردەمی نوێ چیە؟
هه‌روه‌ک پێشتر عه‌رزم کردن فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق چه‌شنێک ڕوانینی فه‌لسه‌فی و ئیستدلالییه بۆ ژیان و بۆ ئه‌وه‌یکه له ژیانی تاکه‌که‌سی و کۆمه‌ڵایه‌تیماندا چۆن هه‌ڵس و که‌وت بکه‌ین و له چ بنه‌ما و ڕێسایه‌ک بۆ ژیانمان که‌ڵک وه‌ربگرین و چییه‌تی بڕیاره‌کانمان بزانین و تێ‌بکۆشین که بڕیاره‌کانمان مه‌نتیقی بن. به واتایه‌کی دیکه بتوانین بۆ پرسیاره سه‌ره‌کییه‌کانی ژیانمان به‌ڵگه‌مان هه‌بێ، بۆ نموونه ئایا خودایه‌ک بوونی هه‌یه؟ ئایا ئێمه له کرده‌وه‌ماندا مه‌جبوورین یا خوود موختارین؟ ئایا مرۆڤ له قالبی چه‌مکه مادییه‌کاندا ده‌توانرێ ڕوون بکرێته‌وه؟ پڕۆسه‌ی زانین چۆنه و چ شتانێک ده‌ناسرێن؟ سروشتی دادوه‌رییه ئه‌خلاقی چۆنه و ئه‌م دادوه‌ریانه به چ شێوازێکن؟ ئه‌م پرسیارانه هه‌مووی له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقدا تاوتوێ ده‌کرێن و و‌ڵامیان ده‌درێته‌وه. به گشتی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق ده‌توانێ بیر و هزری مرۆڤ له‌حاند هینده‌ک کێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی ژیان چروپڕتر بکا و جگه له‌و ده‌ره‌نجامه کردارییانه، خوودی خۆی به‌رز ده‌نرخێنرێ، چونکه ئه‌گه‌ر ئێمه له‌گه‌ڵ هینده‌ک پرسی ژیان، خۆمان ڕووبه‌ڕوو نه‌که‌ینه‌وه به مرۆڤێکی وریا و ئاگادار مه‌زه‌ننه ناکرین. فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق یارمه‌تیمان ده‌دا ده‌رباره‌ی ئه‌خلاقیات باشتر بیر بکه‌ینه‌وه، کاتێک دادوه‌ری ئه‌خلاقی ده‌که‌ین، بێگومان تیۆریه‌کی ئه‌خلاقی له باکگراوندی زه‌ینماندا بوونی هه‌یه، ئه‌و ڕوانگه‌یه چ باش و چ خراپ، چ بۆ به‌رگری لێکردن ببێ یان نا، ئاسۆیه‌ک، بۆ بیر و هزر و کرده‌وه، به ئێمه ده‌به‌خشی. هه‌روه‌ها فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق ده‌توانێ بۆچوونی ئێمه قووڵتر بکاته‌وه و وردترمان بکا و ده‌توانێ بیر و ئه‌ندێشه‌ی ئێمه سه‌باره‌ت به بابه‌ته ئه‌خلاقییه تایبه‌ته‌کان به‌ره‌و ژوور به‌رێ.
وه‌ک ئاخرین ئامانجی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق ده‌توانم ئاماژه به‌وه بکه‌م، ئه‌م ده‌توانێ پڕۆسه‌ی گشتی بیرکردنه‌وه‌ی ئێمه ورد بکا. له کاتی فه‌لسه‌فی بیرکردنه‌وه‌دا ئێمه کۆمه‌ڵێک مه‌هاره‌ت (Skill)ی فیکری فێردهبێن و فێری ئه‌وه ده‌بین که سه‌باره‌ت به پرس و پرسیاره بنه‌ڕه‌تییه‌کان، به دیققه‌ت و وردبینیه‌وه بیر بکه‌ینه‌وه، له بۆچوونه دژبه‌ره‌کان به‌باشی تێبگه‌ین و به جوانی هه‌ڵیان بسگێنین، به ڕوونی و شهفافیتهوه باس له چه‌مکه‌کان بکه‌ین و به شێوازێکی ورد، به‌ڵگه بێنینه‌وه و ئه‌رگۆمێنت دابڕ‌ێژین. له‌ژیانی عهمهلیشماندا ئه‌و مههارهتانه ئیجگار به‌نرخن و ته‌نیا فه‌لسه‌فه ده‌توانێ ئه‌مانه له مرۆڤدا، گه‌شه پێ بدا.
- بەناو بانگترین فەیلەسوفانی ئەخلاق لەسەردەمی نوێ‌دا کێن؟
ئه‌م پرسیاره‌ش وڵامدانه‌وه‌ی ئاسان نییه و ده‌که‌وێته خانه‌ی باوه‌ڕه شه‌خسییه‌کانه‌وه. ته‌مه‌نی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق وه‌ک زانستێکی سه‌ربه‌خۆ له فه‌لسه‌فه و له زانستی ئه‌خلاق، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی ١٩٠٣ زایینی که جۆرج ئیداورد مۆر، کتێبی بنه‌ماکانی ئه‌خلاق (Principia Ethics) دانا که سه‌رچاوگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقه و هینده‌ک پێیان وایه له ده‌سپێکی سه‌ده‌ی نوێ‌دا، ده‌ورێکی شۆڕشگێرانه‌ی گێراوه. مۆر به یه‌کێک له داهێنه‌ره‌کان له بواری فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق له سه‌رده‌می نوێ‌دا دێته ئه‌ژمار و به بنیاتنه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقی نوێ، ناوی ده‌برێ که بۆچوونێکی شوهودگهرایانهی له کێشه‌کانی ئه‌خلاقیدا هه‌بووه. هه‌روه‌ها ده‌توانم به پریچارد، د‌یڤید راس، ئیستیۆنسۆن، جۆن دیویی، کانت، هییهر، ناول ئیسمیت و ویتگنشتایهن، جۆن ئیستوارد میل، ڕایل، جێرمی بێنتام، هۆبز، سارته‌ر و له‌م دووایانه‌ش به بۆچوونه‌کانی جۆن ڕالز له‌مه‌ر لیبرالیزم و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و رۆبێرت نۆزیک ئاماژه بده‌م و گرنگتر له هه‌موویان ئهلسدیر مه‌ک ئینتایهره که ئێستا له ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ده‌ژی و ڕه‌خنه‌ی تووند له فه‌رهه‌نگی زاڵ به سه‌ر خۆرئاوادا ده‌گرێ و پێی وایه خۆرئاوا له‌گه‌ڵ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی جیددی فه‌ره‌هه‌نگی و ئه‌خلاقی ده‌سته و یه‌خه‌یه. ئه‌و ڕه‌خنه‌ی تووند ئاراسته‌ی لیبرالیزم، قازانجگه‌رایی و عاتیفه‌گه‌رایی و مۆدێرنیزم له ئه‌خلاق و سیاسه‌تدا ده‌کا. ئه‌و به یه‌کێک له‌و که‌سانه ده‌ناسرێ که لایه‌نگری ئه‌خلاق فه‌زیله‌تن و به ئهرهستووگهرا، ناوی ده‌رکردووه.
دیاره من ئاگادارێکی چروپڕم له وڵاته ئیسلامییه‌کان نییه، جگه له عه‌للامه «محمد عبدالله دراز» که یه‌کێک له زانا به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌لئه‌زهه‌ر بوو و له ساڵی 1947 له زانکۆی سۆربۆنی پاریس، توانی تێزی دۆکتۆراکه‌ی له‌ژێر سه‌ردێڕی «د‌ستور الأخلاق فی القرآ‌ن» که له ژێر چاودێری ڕۆژهه‌ڵاتناسی ناودار لۆیی ماسینۆندا پێشکه‌شی کرد و له‌ودا، به‌راوه‌ردی ئه‌خلاقی قورئانی له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقی خۆرئاوادا کرد. به بڕوای من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یکه زۆر به‌رهه‌مێکی گرنگه و جێگه‌ی تێرامانه، به ئێستاشه‌وه له کۆڕ و کۆبوونه‌وه و توێژینه‌وه‌کاندا، باسی لێ ناکرێ و غه‌ریب که‌وتۆته‌وه. جگه له دهرراز «طه عبد الرحمن» مه‌غریبیش که چه‌ند نووسینێکی له‌م بواره‌دا هه‌یه، به‌گشتی ئێمه له‌م باره‌وه زۆر هه‌ژارین و من به‌ش به حاڵی خۆم شتێکی وام نه‌بینیوه به قه‌ولی حافیزی شیرازی؛ یا من خبر ندارم یا او نشان ندارد. یان ئه‌من خه‌به‌رم نییه یان ئه‌و هیچ نیشانه‌یه‌کی نییه.
هه‌ڵبه‌ت له وڵاتی خۆمان، ئێران که من ئاگاداری زیاترم لێی هه‌یه، ده‌توانم به گرنگترین که‌سانێک که له نووسینه‌کانیاندا له بواری فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقدا، تیۆریان هه‌یه، ئاماژه بده‌م به عه‌للامه محه‌ممه‌د حوسێن ته‌باتبایی، مه‌حمه‌د ته‌قی جه‌عفه‌ری، عه‌بدولکه‌ریم سروش، مێهدی حائیری یه‌زدی، مورته‌زا موته‌هه‌ری، محه‌ممه‌د ته‌قی میسباحی یه‌زدی، جه‌عفه‌ر سوبحانی، ره‌زا داوه‌ری، عه‌بدوڵڵا جه‌وادی ئامۆلی، محه‌ممه‌د سادق لاریجانی و مسته‌فا مه‌له‌کیان و له به‌ره‌ی نوێشدا ده‌توانم ئاماژه به ئه‌بولقاسم فه‌نایی و سروشی ده‌باغ کوڕی عه‌بدولکه‌ریم سروش بده‌م.
هه‌ڵبه‌ت جێی خۆیه‌تی ئه‌وه‌ش بڵێم که ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی به‌رفره‌وانی محه‌ممه‌د ته‌قی میسباحی یه‌زدی له شاری قوم ده‌ورێکی کاریگه‌ر و دیاری له‌م بواره‌دا بینیوه و زۆربه‌ی شاگرده‌کانی بۆ خوێندن و راڤه‌کردنی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق جگه له دامه‌زراوه‌که‌ی خۆیدا، ڕه‌وانه‌ی وڵاتانی خۆرئاوایی کردووه، به گشتی ئێستا له ئێران‌دا پتر له هه‌موو که‌س و لایه‌نێک ئه‌وان خاوندارێتی ئه‌م بواره فه‌رهه‌نگییه ده‌که‌ن.
- چۆن بتوانین بابەتی ئەخلاق و فەلسەفەی ئەخلاق لەناو کۆمەڵگەدا رەواج پی بدەین وژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیمان به ئەخلاقیانەتر بکەین؟
له ئاستی کۆمه‌ڵگه‌دا، ده‌بێ ڕه‌خنه و چاک کردنی دام و ده‌زگا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌ک یاسا مه‌ده‌نی، ئابووری، سیاسی، قه‌زایی و جهزایییهکان که پێویسته مافه به‌رانبه‌ره‌کانی هه‌موو مرۆڤ، تێیاندا مسۆگه‌ر بکرێن که له‌گه‌ڵ پێوه‌ر و ڕیسا ئه‌خلاقییه‌کان بێنه‌وه و هه‌رچی زیاتر به‌ئه‌خلاقی بکرێن و دیاره ده‌بێ ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ش، هه‌ڵسه‌نگاندنێکی عه‌قڵانی و ئیستدلالی بێ و بێلایه‌نی و ئینساف و واقیعبینی به‌سه‌ر هه‌موو حه‌ز و ئاره‌زووی شه‌خسی و خۆبهههقزانینی موتڵهقهکاندا زاڵ بکڕی. پێویسته هه‌رچی پتر به‌ره‌و عه‌قڵانیه‌تێک بڕۆین که باوه‌ره شه‌خسی و سۆز و عاتفهکانمان له هه‌ڵسه‌نگاندندا جێگه‌یه‌کیان بۆ نه‌مێنێته‌وه، هه‌رچه‌شنه ئاشقی خۆبوون، بڕیاری پێشوه‌خت، جه‌زم و جومود، ده‌مارگرژی، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و ڕه‌خنه‌ی عه‌قڵانی و ئیستدلالی وه‌ک ژه‌هری کوشنده وان. له‌لایه‌کی دیکه‌وه عه‌قڵیه‌تی تیۆریک به‌و مانایه‌ی که راده‌ی دڵبهستهگی و پابه‌ندبوونی خۆمان به بۆچوون و باوه‌ڕێک له‌گه‌ڵ ڕاده‌ی قه‌وه‌تی به‌ڵگه و شاهید و قرینهکان که ئه‌م بۆچوونه ده‌سه‌لمێنن، هاوته‌ریب بکه‌ین و عه‌قڵیه‌تی کرده‌ییش به مانای ئه‌وه‌یکه بۆ گه‌یشتن به هه‌ر ئامانجێک، له باشترین که‌ره‌سه/که‌ره‌سه‌کان بگه‌ڕێین و ده‌کاریان بێنین، ئه‌مانه‌ن هه‌ڵسه‌نگاندن و ڕه‌خنه، ده‌که‌نه کارێکی عاقڵانه و به‌کارهاتوو، ئینسانی و مه‌سئوولانه.
له بواری فه‌ردی و تاکه‌که‌سیشه‌وه ده‌بێ هه‌ر له منداڵییه‌وه بوارێکی وا له بنه‌ماڵه و خێزاندا بۆ منداڵه‌کانمان بڕه‌خسێنین که به کرده‌وه نه‌ک به ووته، فێری ئه‌خلاق و ڕه‌وشته به‌رزه ئه‌خلاقییه‌کان ببن. به خۆشییه‌وه ئێستا خه‌ریکه ده‌ورانی سه‌ره‌ڕۆیی و باوکسالاری و داسه‌پاندنی بۆچوونی باوک به سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌دا، به‌سه‌ر ده‌چێ و چاخی ئیستدلالسالاری گه‌یشتووه و له‌م که‌ش و هه‌وایه‌دا هه‌ر که‌س که قسه‌ی کرد، ده‌بێ بۆ سه‌لماندن و گیرابوونی قسه‌که‌ی به‌ڵگه‌ی پێ بێ، ئه‌گینا لێ وه‌رنه‌گیرێ، لێره‌دا وه‌ک باوه‌ڕدارێک، پێموایه ته‌نیا پیغه‌مبه‌ران بۆیان هه‌یه که که‌سایه‌تییان پشتیوانه‌ی قسه‌کانیان بێ و هه‌رکه‌س له‌دوای خه‌تمی پێغه‌مبه‌رێتی (ختم نبوت) قسه بکا، پێویسته به به‌ڵگه‌وه بیکا. ده‌بێ منداڵمان فیڕ كه‌ین که فێری ئیستدلال و قسه‌ی پتوون بن و به ته‌عبیری قورئان قسه و قه‌ولیان سه‌دید و محکه‌م بێ و ده‌بێ سیسته‌می فێرکردن و پهروهرشییمان که پڕ له هه‌ڵه‌یه و له‌ودا، لاسایی کردنه‌وه، ئاراسته‌کردنی یه‌ک لایه‌نه، ته‌ڵقین، شوێنکه‌وتن و په‌یڕه‌وی له ڕای گشتی و شه‌قام و مۆدگه‌رایی فیکری بوونێکی به‌رچاوی هه‌یه، جێگه‌ی خۆی بداته، ئیستدلالگهرایی، خۆئهندێشی و سه‌ربه‌خۆیی فیکری و یهکسانیگهرایی و لێبورده‌ی فیکری که دیاره به‌ئه‌خلاقی بیرکردنه‌وه و ئیستدلالی بیرکردنه‌وه دوو شتی زۆر ئه‌سته‌م و دژوارن و ده‌بێ به ته‌حمولی سه‌ختی، سنگ فراوانی و سه‌بری زۆر، شاهیدی وه‌ڕێ که‌وتنیان له‌ناو زیهن و زه‌میری خۆمان و منداڵه‌کانمان دابین و ئه‌وه‌شمان له‌به‌ر چاو بێ هه‌ر چی ته‌مه‌ن ده‌چێته ژووره‌وه ئه‌و جووڵه‌یه‌ش دژوارتر ده‌بێ. ده‌بێ فێری منداڵه‌کانمان بکه‌ین و باوه‌ڕیان پێ بێنین که ڕێساکانی کایه‌ی ژیان ئه‌وانه‌ن: «هه‌موو شتێک فێر به، هه‌موو شتێک بخوێنه‌وه و له هه‌موو شتێکدا ورد به‌و و لێکۆڵینه‌وه بکه.» پیشنیار ده‌که‌م دایکان و باوکان و هه‌روه‌ها مامۆستاکانی قوتابخانه لهسهرحهوت بنه‌مای ئه‌خلاقی بنه‌ڕه‌تیی که به‌ردی بناغه‌ی ئه‌خلاقیات و ئینسانیه‌تن وه‌ک، هاودڵی، ویژدان، خۆپارێزی، ڕێزگرتن له به‌رانبه‌ر، میهره‌بانی، سه‌بر و ئینساف داکۆکی کرده‌یی بکه‌ن و خۆیان به‌ر له منداڵه‌کان هه‌ڵگر و بکهرییان بن. هه‌ڵبه‌ت ده‌وری سه‌نته‌ری فێرکاری ئه‌خلاقی و ۆرکشۆپ له‌م کاره‌دا نکوڵییان لێ ناکرێ و ده‌بێ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پلان دابڕێژرێ و به شێوه‌یه‌کی زانستییانه و مه‌نهه‌جی کار له‌سه‌رخۆمان و منداڵه‌کان بکه‌ین و تا وامان لێ بێ، به گوێره‌ی رێسای زێرێنی جیهانی؛ «له‌گه‌ڵ ئه‌وانیدی وه‌ها هه‌ڵسوکه‌وت بکه که پێت خۆشه له‌گه‌ڵ تۆ ئاوه‌ها ره‌فتار بکرێ.»
- وه‌ک دواپرسیار، به بۆچوونی ئێوه، جیاوازی فەلسەفەی ئەخلاق و زانستی ئەخلاق له‌چی دایە؟
فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق له‌گه‌ڵ زانستی ئه‌خلاق جیاوازی هه‌یه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له ئه‌خلاق کۆی خوڵک و خده و کرداره‌کان و.. بن، له‌و حاڵه‌ته‌دا ئه‌مانه نابنه به‌شێک له زانستی ئه‌خلاق به‌ڵکوو تێڕوانینی عه‌قڵانی له‌م ڕاستییانه، ده‌بێته فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق، ئه‌م زانسته عه‌قڵییه زانستێکی پله یه‌که. به‌ڵام ئه‌گه‌ر تێڕوانینه‌کان له‌سه‌ر زانستی ئه‌خلاق بخولێنه‌وه، ئه‌وکات ئێمه له هه‌رێمی فه‌لسه‌فه‌ی زانستی ئه‌خلاق یان فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق وه‌ک زانستێکی پله دوودا ده‌بین، ئه‌و بابه‌ته له بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌رێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی که زانسته‌کان یان پله یه‌کن یان پله دوون و بابه‌تی باسی ئه‌وان له‌گه‌ڵ باسه زانستییه‌کان جیاوازی هه‌یه و ده‌ره‌جه دوون و بابه‌تی به‌رباسی ئه‌وان خوودی رشته زانستییه‌کانن. ئه‌خلاق زانستی پله یه‌که و فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق ده‌بێته زانستێکی پله دوو له بوواری مه‌عریفه‌تناسییه‌وه.
-زۆر سپاس که له‌م وتوێژه‌دا به‌شداریتان کرد.
سپاس بۆ ئێوه‌ش بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی که بۆ منتان ره‌خساند و به هیوای ئه‌وه‌یکه له حکومه‌تی نوێ به ته‌دبیری نوێیه‌وه، وێڕای دابینکردنی پێداویستییه پێویسته‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌مان، بتوانین به گوێره‌ی ڕێساکانی ئه‌خلاق له ژیانی خۆماندا، بژین و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌خلاقی و مه‌عنه‌ویمان هه‌بێ.
- بۆچوونێکی نوێ بنووسه
- 3820 سه‌ردان
-
نووسخه‌ی چاپ
بۆچوونەکان
سپاس بۆ خوا کە خەڵاتی ئیسلام و ئیمانی پێ حەتا فەرمووین. سپاس بۆ خوا کە لە نیحمەتی ئەخلاق و ڕەوشرت بەرز بەشی داین و رابەرمان موحمەد صلی اللە علیە وسلم بە خاوەنی بەرزترین ڕەوشت و ئەخلاق لەقورئانی پیرۆزدا خەڵات کرا. بەراستی خوشکان و برایان ئەگەر دەست بە قورئان و فەرموودەی سەروەرمان بگرین لە هەموو بەدڕەوشتی و بێئەخلاقییەک ڕزگارمان دەبێ.
بسم اللە الرحمن الرحیم
دەسخۆشی لە ستافی ئیسلاح‌وێب و خاتوو فاتمەی سەییدی دەکەم و داوای هیدایەت، ئیخلاس و تەوفیقی پتر بۆ مەولوود بەهرامیان لە خوای گەورە داوا دەکەم. یاڕەبی خوایە وامان لێ بکەی کە سبحەی ڕۆژی پەسڵان سەرمان لە ئاست خۆت و خۆشەویستە گەورەکەت هەڵبێ و لە ڕوومان بێ بڵێین ئوممەتی تۆین! ئەی رحمة للعالمین! ئەی ئەوکەسەی «إنک لعلی خلق عظیم» ی. خوایە بەشمان زیاد کەی لە ئێمان و ئەخلاقی جوانی قورئانی. خوات لێ ڕازی بێ دایکی ئیمانداران خاتووی عائیشەی سەربەرز کە ڕاستت فەرموو، «کان خلقە القرآ‌ن.»
ناساندنێکی باش بوو بۆ فەلسەفەی ئەخلاق بەهیوای شتی باشتر... سەرکەوتوو بن ئینشائەڵڵا
حن حبیبی قلوبنا- صلی اللە علیە وسلم- قال: انی بعثت لاتمم مکارم الاخلاق، ئەمن هاتووم تا ئەخلاقی بەرز تەواو بکەم. بێگومان ئەگەر دین ئەخلاقی تێدا نەبێ، هیچ نییە. خوایە بەشمان زیاد بکەی!
پێویستە وەک ئیمام غەزالی لەبواری ئەخلاقدا بە نووسینی کتێبی ئیحیا شۆڕشی بەرپا کرد دەبێ ئێمەش بە هێنانە کایەی دووبارەی ئەخلاق لە ژیانی فەردیدا، شۆڕشێک لە کۆمەڵگەی کوردەواری خۆمان بەرپا بکەین. دەستخۆش