ئیلاهى! لەوە کەمترم بمخەیتە بەر سنگى دۆزەختەوە*

ئیلاهى! لەوە کەمترم بمخەیتە بەر سنگى دۆزەختەوە*

پێشکەشە بەو ئازیزانەى کە لە (میحنەت)دا ئارامگر و لە (مینحە)شدا سوپاسگوزارن.

خوایەگیان! ئەى میهرەبانێک کە تروسکەى میهرەبانیت بەخشیوەتە میهرەبانان! میهرت ببەخشە بەو بەندانەشت کە تینووى قومێک لە میهرى گیانبەخشتن، دەرفەتمان بدە لە خەڵوەتێکى عاریفانەدا بێینە دیوانت و چەند هەناسە نزا و تکایەکمانت پێشکەش بکەین، مۆڵەتمان بدە ڕاز و نیازەکانمانت بۆ باس بکەین و تۆش بە لوتف و میهرى فراوانت ڕازەکانمان ببیستە و نیازەکانمان بەراوردە بکە.

ئەى بەراوردەکارى نیازەکان! گەورەترین نیازمان ناز و نەوازشى تۆیە، مەزنترین ڕازمان دڵدارى و دڵنەوایى کردنى تۆیە بۆمان، جوانترین خەڵاتێک کە پێمان ببەخشى نیگایەکى ڕەحمەت و ڕەزا و ڕیزوان و لیقاى ڕۆژانى هەینییە لە پەناى عەرشى بڵند و فراوانتدا، دەسا خوایەگیان! بەو میهرە بێ ئەندازەى خۆت لوتف بفەرموو و شایستەى ئەو نیاز و داوایانەمان بکە، ڕوخسارمان نورانى بکە بەلیقات، تینوویەتیمان بشکێنە بە مەحەببەتت، گیانمان پێ ببەخشەوە بە ڕەزا و ڕیزوانت.

ئەى مەعشوقى ئەزەلى و وەى مەحبوبى ئەبەدى! ئێمە بەندەین و تۆ خوایت، ئێمە نیازمەندین و تۆ بەراوردەکارى نیاز، ئێمە ئاتاج و بێ دەسەڵاتین و تۆ دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار، ئێمە گوناهبارین و تۆ گوناهبەخش و لێبوردە و پۆشندەى خەتا، ئێمە ستەمکارین و تۆ عادل و دادپەروەر، ئێمە دەردەدارین و تۆ شیفابەخش، ئێمە نەدار و هەژارین و تۆ دەهەندەى دڵاوا، ئێمە بێ نازین و تۆ نازبەخش، ئێمە دڵشکستەین و تۆ دڵنەوایى کار، ئێمە دەردەدارێکى دڵکزین و تۆ باشترین دڵنەوایى دەر و دڵدار، دەسا بە میهرى خۆت دڵدارى و دڵنەواییمان بکە ئەى ئەو کەسەى کە دڵمان لە نێوان دوو ئەنگوستى ڕەحمەت و بەزەییتدایە.

ئەى زاتێک کە دڵمان بچووکترین مەنزڵى قابیل بە تۆیە! دڵمان بکەرە مەسکەن و عەرشى عیشق و مەحەببەتت، ئەم دڵە بێ دڵەمان ئاوەدان بکە بە نوورى (ود) و خۆشەویستى و لوتف و کەرەمت، بە دڵدارى و دڵنەواییت دڵمان بدەرەوە و نازمان بکێشە ئەى بێ نیازى بەراوردەکارى ناز و نیاز.

ئەى ئەو زاتەى بەندە یاخى و گوناهبارەکانیشت لە دڵسۆزى و عیشقت بێ بەش ناکەیت! تۆ هەمیشە و بەردەوام بە گەورەیى خۆت نیعمەت و سۆز و دڵسۆزیت ـ وەک وەشت و نمەى ڕەحمەت ـ دەبارێنى بەسەر ئێمەدا و چ شتێکمان لێ داوا ناکەیت کە سود بە خۆت بگەیەنێ یاخود زیان بە ئێمە بگەیەنێ.

ئیلاهى! دەروازەى ڕەحمەت و سۆز و میهرەبانیت لەو کەس و ئازیزانە بکەرەوە کە ماوەیەکە بە (میحنەت)ى نەخۆشى و ناساغى جەستەیى ئازیز و خۆشەویستەکانیان و بە (ێەبر) و ئارامگرتنى کەم وێنەیان، تاقییان دەکەیتەوە.

پەروەردگارا! خۆت ئاگاداریت کە ئەم بەندە خواپەرستانەت (ێابر)انەش لەم (میحنە)تانەدا ملکەچت بوون و عابیدانە بەندایەتیان کردیت و ڕازین بە قەزا و ڕەزات، ئەوان لە ژێر بارى نەخۆشى و دەرد و ئازارە تاقەتپڕوکێنەکاندا هەر ئارامگر و خۆڕاگرن و قەت ناشوکرى و ناسوپاسیت ناکەن، بەڵکو گاهێ وەخت نەخۆشى و ئازارەکانیش بە نیعمەت و خەڵاتێکى مەزن دەزانن، گەهگاهێکیش ئەو دەرد و ئازارانە بە فەڕ و بەرەکەتى ژیانیان دەزانن.

بەڵام خوایەگیان! خۆ ئەم ئازیزانە ئەگەر شاگرد و ڕۆڵەى (ئەییوب) و (یەعقوب)ى خۆشەویستانیشت بن، ئەوا هەر دەبێ ڕۆژێ لێت بپاڕێنەوە و تکاکارانە بێنە حزوورت و بە شەرم و ئەدەبەوە تکا و نزاى عابیدانەیان بەرز بکەنەوە و وەک حەزرەتى (ئەییوب) بڵێن: [رَبِى ڕنِى مسَنِێ الچُرُ ۆڕنْتَ ڕرْحَمُ الراحِمِین.] یاخود وەک حەزرەتى (یەعقوب) کزۆڵانە بپاڕێنەوە و دەستى تکا و نزایان بەرز بکەنەوە و بڵێن: [اِنَمَا ڕَشْکُواْ بَپِى ۆحُزْنِى اِڵى اْللهِ..]

دەسا خوایەگیان! وا منى بەندەى زاتى میهرەبانت و دۆستى ئەو ئازیزانەش، بە کۆڵێک گوناهو خەرمانێک لە تفاقى کڵۆڵانە و دوو دەستى کزۆڵەوە، دێمە ئاستانەى میهر و ڕەحمەتت و لێت دەپاڕێمەوە و دەڵێم:

ئەى شیفادەهەندەى دەردەداران و ئامێزى ڕەحمەتى تەڵەبکاران! ئەزموون و تاقى کردنەوە و قۆناغى سەبر و ئارامگرتنى ئەو ئازیزانە تەواو بکە و بڕوانامەى قبوڵبوونیان پێ ببەخشە و (میحنەت)ەکانیان لەسەر هەڵگرە و بیانگوازەرەوە بۆ قۆناغى شوکر و سوپاسگوزارى، ئیدى ئەمجارەیان بە (مینحە) و خەڵات و بەخششى چاکبوونەوە و شیفا و شوکر و سوپاسى زاتى (شافى)ت، وەرە بە هانایانەوە و دەرووى خێرى خۆتیان لێ ئاوەڵا بکە، ئیدى ئەو بەندانەت دڵخۆش و شادومان بکە، لەم تاقیکردنەوەیەشدا (تاقیکردنەوەى قۆناغى شوکر و سوپاسگوزارى) سەرکەوتوویان بکە و ئاسودەیى و فەرەح و سرور بگەڕێنەوە ناو ماڵە خوادۆستانە و عاریفانە و عاشقانەکانیان. 

ئیلاهى! دەزانم کە بەندەیەکى گوناهبارم و قسور و گوناهم بە (خەروار و خەرمان)ە و چاکەم بە (مشت و مەکۆ)یە، جا خەروار لە کوێ و مشت لە کوێ؟! خەرمان لە کوێ و مەکۆ لە کوێ؟!

بەڵام خوایەگیان! تۆ بە کردەوەى خۆم مامەڵەم لەگەڵ مەکە و بە کەرەمى بێ سنوورت چاوى ڕەحمەتت لەم بەندەیەت ببڕە، تەنها یەک نیگاى تۆ بۆ ئەم بەندەیەت بەسە کە بەختەوەرى هەردوو دونیاى بکەى، لوتف بکە و ئەو نیگایەت لەم بەندەیەت درێغ مەکە و ئەو ناز و نەوازشەت لەم بەندە موحتاج و شەیدا و تامەزرۆیەت مەگرەوە ئەى کەریمى کارساز.

پەروەردگارا! لەگەڵ ئەوەى کە دەزانم ئەوە وەزعى حاڵى شڕۆڵ و کۆڵى کڵۆڵ و زمانى (کۆتەڵ کۆ)مە، بەڵام ـ بە داواى لێبوردنەوە ـ ڕێگە بە خۆم دەدەم بێمە حزورت و لێت بپاڕێمەوە و داواى بە هاناوە هاتن و ئاوڕدانەوەى ڕەحمەتت لێ بکەم بۆ خۆم، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو داوا و نیازى بەندەکانى دیکەشت بهێنمە دیوانت و لە برى ئەوانیش بکڕوزێمەوە و خۆم لەبەردەم دەسەڵاتى خوایانە و میهرەبانانەتدا بدەم بە زەویدا و سەرى سوجدە و کڕنوشت بۆ دانەوێنم.

خوایەگیان! ئەى خۆشەویستر لە گیان و گیانبەخشى بەندەى بێ گیان! سوێندت دەدەم بە زاتى پاکت، بە دەسەڵاتت، بە میهر و مەحەببەتت، بە لوتف و کەرەمت، ئەم تکا و نزا و پاڕانەوانەم قبوڵ بکە و هەموو ئەو خۆشەویستانەى کە دڵم بۆیان هەڵدەقرچێ و چاوم بۆیان دەبێتە هەورى بەهارى و دەستم بۆیان بەرز دەبێتەوە و زمانم نزاگۆیانە بۆیان دێتەگۆ، وەرە بە هانایانەوە و نیازەکانیان بەراوردە بکە و ئاوڕى ڕەحمەتى خۆتیان لێ بدەرەوە، تکا دەکەم دەسەڵات و میهر و سۆزى خوایانەى خۆتیان زیاتر نیشان بدە، نیشانیان بدە کە بەشێکى کەم لە بەراوردە بوونى نیازەکان پەیوەستن بە ئەسباب و هۆکارەوە، هەمووى هەر پەیوەستە بە لوتف و کەرەمى تۆوە، ئەسبابەکانیش هەر خۆت نیشانیان دەدەیت و بۆیان فەراهەم دەکەیت.

خوایەگیان! ئەى ئەو زاتەى کە بەندەکانت بێ هیوا ناکەیت و هەمیشە بە سۆز و بەزەیى خۆت بەسەریان دەکەیتەوە! دواجار و لە کۆتاییدا نزا و تکاى کۆتاییم دێنمە دیوانت و منیش (لەگەڵ ئەو بەندەیەت کە لەسەر سەکۆیەکى شاعیرانە و بە هەستێکى عابیدانە و لەبەربەدەم حەشاماتێکدا دەپاڕایەوە) بەم کزۆڵییەى خۆمەوە ـ وەک دۆستێکى هەموو ئەو ئازیزانەى کە بە نەخۆشى و ناساغى ئازیزەکانیان تاقییان دەکەیتەوە ـ تکاى بەندەگى و ئاتاجى و گوناهبارى و کەمتەرخەمییەکانم دەهێنمە دیوانت و ئاتاجانە لێت دەپاڕێمەوە و دەڵێم:

(ئیلاهى! من لەوە کەمترم بمخەیتە بەر سنگى دۆزەختەوە.*) تۆ زۆر لەوە بەسۆزتر و میهرەبانترى کە ئەم بەندەیەت بخەیتە بەر سنگى قەهر و زویرى و دۆزەخى تاودراوتەوە، تکا دەکەم بە کەرەم و لوتف و میهرى بێ چوونتەوە، بمخەرە بەر ڕەزامەندى و مەحەببەتت و ناو دڵى (جەننەت)ى خلودى و نەمرییتەوە، لەوەش زیاتر بە مەحەببەت و عیشقى بێ چوونت، نەک لە کەنارى بەهەشتدا، بەڵکو لە (فیردەوس) و (عیللیین) و لە پەنا ماڵى (پێغەمبەران و شەهیدان و ڕاستگۆیان و پیاوچاکان)دا نیشتەجێم بکە و ـ نەک کەپر و کەژاوەیەک ـ بەڵکو کۆشکێکم پێ ببەخشە، کۆشکێک کە لە نێو باخە گەورەکانى (جَنَاتُ عَدْنٍ)دا بێت، بە شێوەیەکیش کە (تَجْڕى مِنْ تَحْتِهَا الڕنْهَارُ) و خاک و خۆڵى زەوییەکەشى وەک کۆشکەکەى حەزرەتى (سولەیمان)ى خۆشەویستت (ێَرْحٌ مُمَرَدٌ مِنْ قَۆاڕیر) بێت، ئەڵبەتە خوایەگیان هەموو ئەمانەش نەک بە تەنیا، بەڵکو لەگەڵ هەموو دۆست و خۆشەویست و ئازیزەکانم و بەندە خۆشەویست و خواناسەکانت، بە تایبەت هەژار و دەردەدار و بە ئازار و بێ نەواو دڵدارەکانت، ئەوانەى کە ڕۆژێک نییە بیر و هۆشم لە لایان نەبێت  و ساتێکى خەڵوەت و تەنیاییم نییە خەمى ئەوان دڵم نەسوتێنێ و خۆشى و شادى و ئاسودەییم لێ نەتۆرێنێ، ئەڵبەت ئەو خەم و پەرێشانییەشم بۆ ئەو ئازیزانە بە یەکێک لە گەورەترین نیعمەت و خەڵاتەکان دەزانم کە تۆى بەخشندە کەریمانە پێت بەخشیووم.

* تێبینى: ئەم ناونیشانە، بڕگەیەکە لە کۆپلە شیعرێکى عاریفانەى (ڕۆژ هەڵەبجەیى) کچە شاعیر، کە وەک میوان لە شەشەمین ڤیستیڤاڵى (کوڵعەنبەر) لە ڕۆژى (19/7/2010)دا لە شارۆچکەى (خورماڵ) پێشکەشى کرد.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)
کاری منداڵان و منداڵانی کار کۆمه‌ڵایه‌تی (1398/03/31)