قورئانی پیرۆز به زوانی شیرینی کوردی - به‌شی یه‌که‌م

قورئانی پیرۆز به زوانی شیرینی کوردی - به‌شی یه‌که‌م

 

به ناوی خودای به‌خشه‌ر، دلۆڤان

سوپاس بۆ خودا راهێنه‌ر هه‌مووان

خاوه‌ن به‌خشش و به‌زه‌یی ته‌واو    

خاوه‌نی رۆژی په‌سڵان و حه‌ساو

هه‌ر تۆ ده‌پرسین، له تۆین کۆمه‌ک خواز  

به‌رده‌واممان که له سه‌ر رێگه‌ی راس

رێگه‌ی ئه‌وانه‌ی چاکه‌ت کرد پێیان

نه قار لێ‌گیراو وه نه گومڕایان

به‌و په‌ڕی دڵنیاییه‌وه ده‌توانین بڵێین قورئانی پیرۆز کتێبێکی تاقانه‌یه که هیچ کتێب و په‌ڕ‌تووک و یاسا و رێسایه‌ك تاوه‌کوو ئێستا و تا هه‌تاهه‌تایشه ناتوانێ شان له شانی بداو ته‌نانه‌ت بۆ تاقه‌جارێ کێ‌بڕکێی بکات.

کام کتێو له سه‌ر ئه‌م گۆی ئه‌م زه‌وییه رۆژانه و حه‌وتانه‌ و مانگانه و ساڵانه به قه‌ده‌ر ئه‌م کتێوه پیرۆزه ده‌خوێنرێته‌وه؟!

هه‌ر موسڵمانێک رۆژێ لانی که‌م پێنج جار له به‌رده‌م باره‌گای خودای تاکی ته‌نیا راده‌وه‌ستێ و نوێژی ده‌کا و له هه‌ر نوێژێکیشا چه‌ن ئایه‌ت له‌م قورئانه ده‌خوێنێ! ئه‌وا مانگی ره‌مه‌زانه و گه‌ر به‌سه‌رپێیی په‌نجه بخه‌ینه سه‌ر ره‌قه‌می کۆنتڕۆڵی ماهواره‌که‌مان چه‌مه‌دانه‌ی جادوویی و سێحراوی tv ده‌یان و بگره سه‌دان که‌ناڵی جیهانی راسته‌وخۆ نوێژی ته‌راوێحی موسڵمانان پێشان ده‌ده‌ن که له هه‌ر دوورکات نوێژێکدا چه‌ن لاپه‌ره و له تاقه دوو کاتژمێردا سی‌یه‌کی سیپاره‌ی پیرۆز به ده‌نگی ره‌سه‌نی خۆش‌ده‌نگترین ده‌خوێنرێ و ئه‌گه‌ر ته‌نیا ماڵی پیرۆزی کابه و مزگه‌وتی شه‌ریفی پێغه‌مبه‌ر ره‌چاوکه‌ین ئه‌وا به چه‌ن ملیۆن مرۆڤ هاوکات و هاوده‌نگ ئایه‌ته‌کان دووپات ده‌که‌نه‌وه و ده‌یخوێنه‌وه  جا له سه‌ر ئه‌مه بڕۆو هه‌موو جیهانی ئیسلامی و غه‌یری ئیسلامیشی لێ زیاد که و بۆ وێنه کوردستانی خۆشه‌ویستمان بیره به‌رچاو له هه‌ر شار و شارۆچکه‌ و گه‌وره‌دێ و کوێره‌دێهاتێ شه‌یدایانی قورئانی پیرۆز چۆن له ده‌وری یه‌ک کۆده‌بنه‌وه هه‌نگ‌ئاسا له گوڵزاری قورئانی پیرۆز دڵ و گیانیان لێوانلێو له شیره‌ی شیرینی ئه‌م کانیاوه نه‌بڕاوه‌یه ده‌که‌ن و شادمان و سه‌ر‌فراز په‌سنی خودای مه‌زن ده‌که‌ن بۆوه‌ی ده‌لاقه‌ی دڵ و چاویانی جارێتر به رووی ئه‌م بێستانه بۆن‌خۆشه‌دا کردۆته‌وه نه قرچه‌ی گه‌رمای هاوین و نه کز‌ه‌ی سه‌رمای زووسانو نه سووڕه‌ی باگژه‌ی پاییز و نه گرمه‌ی هه‌وری به‌هاران هیچکام رێگرنین له‌به‌رده‌میان ته‌نانه‌ت فلته‌فلتی دین‌دوژمنان و فرته‌فرتی وانیش نه‌یانتوانیوه و ناتوانن پڕشنگی ئه‌م نوره خوداییه وه‌کوژێنن و ته‌نانه‌ت کزولاوازیشی که‌ن!

کام نوسراو و شاکاری ئه‌ده‌بی له دونیادا به قه‌ده‌ر قورئان قه‌در و رێزی هه‌یه؟!

چ کتێب و په‌ڕتووکێک به قه‌ده‌ر سیپاره‌ی پیرۆزی قورئان له ساڵدا چاپ و بڵاو ده‌بێته‌وه؟! له زۆربه‌ی وڵاتانی ئیسلامیدا رێکخراوێ له ئاست و‌ه‌زار‌ه‌تدا ته‌رخانکراوه بۆ چاودێری کردنی له چاپدانی!

کام کتێو له کامپیۆته‌ری مێشک و له کانگای دڵاندا به قه‌ده‌ر قورئان تۆمار کراوه! به ملیۆنان مرۆڤی گه‌وره و گچکه له کوران و کچان و گه‌وره پیاوان و شاژنان ته‌نانه‌ت له منداڵان و مێرمنداڵانیش به رۆژان و به شه‌وان خه‌ریکی له به‌ر کردنی ئه‌م په‌ڕاوه پیرۆزه‌یه‌ن و ملیۆنها مرۆڤ سه‌ربه‌سه‌ری قورئانیان له‌به‌ره و بۆ خۆیان کتێبێکی زیندوون!

کام کتێب، کام یاسا و رێسایه‌ک به قه‌ده‌ر قورئان به ده‌رس ده‌خوێنرێته‌وه، له کۆڕێکی دوو یان چه‌ن که‌سی له کوێره‌دێهاتێک تا بگاته کۆڕی گه‌وره مامۆستایه‌کی ناودار و شاره‌زا و بلیمه‌ت له گه‌وره‌ترین زانکۆی جیهانیدا؟!

کام کتێو به راده‌ی قورئان له درێژایی مێژوودا راڤه و لێکۆڵینه‌وه و هه‌ڵوێسته‌له‌سه‌ر کردنی بۆکراوه و بۆی ده‌کرێ؟!

چ کتێبێ به راده‌ی قورئان بووه به یه‌که‌م سه‌رچاوه‌ی یاسای گشتی و بنه‌ڕه‌تی وڵاتان؟!

کام شاکاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری توانیویه‌تی به ئاستی قورئان رۆحی خه‌وتووی گه‌لان ببزوێنێ و بیانهێنێته جۆش و خرۆش و قه‌ڵای زوڵمی زۆرداران و سته‌می داگیرکه‌ران و بیری پووکی ملهۆڕان و خه‌یاڵی خاوی دیکتاتۆره‌كان بۆ هه‌تاهه‌تایه هه‌ڵیانخاته زبڵدانی چه‌په‌ڵو بۆگه‌نیوی مێژووی غه‌درو سته‌مو تاوان؟!

کام نوسراو هه‌یه به راده‌ی قورئان ساڵانه کێبه‌رکێی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ جوان خوێندنه‌وه‌ی به‌ڕێوه بچێ و هه‌زاره‌ها که‌س ژیانی خۆیان ته‌رخان کردبێ بۆ خۆش خوێنی و به ده‌نگ و ئاهه‌نگ خوێندنی؟!

کام نوسراو هه‌یه به قه‌ده‌ر قورئان ئیلهام‌به‌خشی خۆش‌نووسان‌ بووبێت و به هه‌زاره‌هاهه‌زار خۆش‌نووس جوانترین و رازاوه‌ترین تابلۆکانیان به ئایاتی پیرۆزی قورئانی نه‌خشاندووه و رازاندۆته‌وه و ته‌نانه‌ت هونه‌ری خۆش‌نووسی به هۆی گرینگی‌دان به قۆرئانه‌وه له دنیای ئیسلام دا سه‌ری هه‌ڵداو پێگه‌یشت تا هه‌نووکه‌ش هیچ نووسراو و ده‌ق و شێعر و  هه‌ڵبه‌ست و قسه‌ی جوان و نه‌سته‌ق و ... هتد به راده‌ی قورئان گرینگی به نووسینه‌وه‌ی جوانی نه‌دراوه؟!

کام کتێب هه‌یه به قه‌ده‌ر قورئانی پیرۆز گرینگی درابێ به له چاپدرانی جوان و رازاوه‌ و ته‌زهیبی که بۆخۆی هونه‌رێکی جوانکاری ده‌سکرده؟!

چ کتێب یا نووسراو یا ته‌نانه‌ت دیوانه شیعرێ به راده‌ی قورئان توانیویه‌تی ته‌نانه‌ت هه‌ست و سۆزی نه‌خوێنده‌وارانیش بۆ لای خۆی راکێشێ و گوێی لێ رادێرن و له کاتی گوێ‌ڕاگرتن ئه‌نگوست بخه‌نه سه‌ر پیته‌کانی و به‌شێ یا بگره سه‌ربه‌سه‌ری له به‌ر که‌ن؟!

کام کتێو به راده‌ی قورئان توانیویه‌تی له سه‌ر بیر و زه‌ین و خه‌یاڵی بیرمه‌ندان و زانایان و بلیمه‌ته‌کان له بواره جۆراوجۆره‌کان رۆڵی خۆی دانێ به جۆرێ گه‌وره ئه‌دیبانی ناسراوی جیهانی وه‌ک حافز و مه‌ولانا و سه‌عدی و مه‌حوی و مه‌وله‌وی و ...هتد خۆیان به قه‌رزاری بزانن و به‌هره‌ی ئه‌ده‌بی خۆیان تیشکێ له پڕشنگی نووری یه‌زدانی قورئان ببینن؟!

چ کتێوێ به راده‌ی قورئان توانیویه‌تی له کاتێکی زۆرکه‌مدا ره‌وڕه‌وه‌ی مێژوو بگۆڕێ و له گه‌لێکی دواکه‌وته‌و دوورله بنه‌مابنه‌ڕه‌تییه مرۆڤایه‌تیه‌کان و ره‌وشته‌به‌رزه‌کان کۆمه‌ڵێکی هێجگار ره‌وشت‌به‌رز و شارستانییه‌تێکی گه‌شه‌سه‌ندووی مرۆڤ‌دۆست پێشکه‌شی جیهانی مرۆڤایه‌تی بکات و ته‌نانه‌ت ویژدانی دوژمنانیشی نه‌توانن چاوی ئینسافی لێ بقووجێنن و نه‌ی‌درکێنن؟!

کام یاسای سه‌رگۆی زه‌وی له کۆن و نوێ یان کام ئایین و ئایین‌زای ئاسمانی و ده‌سکردی زه‌وینی ئینسانی به قه‌ده‌ر قورئان رێزی له زانست و زانیاری ناوه به راده‌یه‌ک که یه‌که‌م ره‌سته‌ی به ئه‌مر به خوێندن ده‌س پێ ده‌کا؟!

کام کتێو وه‌ک قورئان هه‌یه  که گه‌یشته ناو هه‌ر گه‌لێ له گه‌ڵ خۆی وانه ‌و وانه‌وتنه‌وه و مه‌کته‌ب و قوتابخانه و قه‌ڵه‌می به دیاری هانی؟!

کام کتێو به قه‌ده‌ر قورئان وه‌رگه‌ڕاوه‌ته سه‌ر زووانگه‌لی زیندوو ناسراو ته‌نانه‌ت نه‌ناسراوی دنیاش و ساڵانه پێشانگای نێو نه‌ته‌وه‌یی له سه‌ر بکرێته‌وه؟!

کام کتێو به راده‌ی قورئان نه‌رم‌ئه‌فزاری کامپیۆته‌ری له ئاستی جۆراوجۆردا له‌باره‌یه‌وه به‌رهه‌م ئه‌هێنرێ و پێشکه‌ش ده‌کرێ؟!

کام کتێو هه‌یه به قه‌ده‌ر قورئان مه‌سه‌له جۆراوجۆره‌کانی پێویستی مرۆڤی له‌خۆگرتبێ وه‌کو دونیاو دوارۆژ، یاسای گشتی و تاکه‌که‌سی، کۆمه‌ڵ و تاک، ماف و ئه‌رک، دین و دونیا، ره‌وشت و زانست، مێژوو و داهاتوو؟!

وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه وه زۆرێ پرسیاریتر له‌م‌چه‌شنه زۆر روونتره له‌وه‌ی پێویستی به وڵام ببێ!

به‌ڵام بۆ وانه‌ی خۆیان له خه‌و داوه راچڵه‌کاندنیان چه که‌ڵکێکی ده‌بێ! یان ئه‌وانه‌ی خۆڵیان له چاو خۆکردوه یان فێڵیان له‌خۆکردوه و کڵاویان وه‌سه‌ر خۆناوه یان کۆیله‌ی ده‌سی ئه‌م یان  ئه‌ولان و گوته‌ی پووچ و بنشڕی وان بێ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌درکێنن ته‌نیا ده‌ڵێم:

وای بر این دنیای بی بنیاد پست

آب هم محتاج شستن گشته است

وه‌ی له ئه‌م دونیا بێ سه‌روبنه

ئاویش پێویستی به شۆردنه

خوێنه‌رانی هێژا، هێژایانی خوێنه‌ر پشت به خوای مه‌ز‌ن تێده‌کۆشین له به‌شه‌کانی داهاتوودا رێز و قه‌دری قورئانی پیرۆز له دڵی کورداندا که له دووتوێی وه‌رگێڕان و راڤه کردنی قورئانی پیرۆز له‌م ساڵانه‌ی دواییدا خۆی ده‌نوێنێ بخه‌ینه به‌رده‌ستی به‌رێزتان.

عرفان زۆمۆررۆدی

erfanzomorrodi@gmail.com

 

ده‌نگێ نه‌دراوه

بۆچوونەکان

1
موحسین (not verified)
1391/5/27 10:12

سلاو برای گه وره م هه زار ما شه للا ، له ووشه و وته به نرخانه ت . که جوانه مه رگ بیت ئه گه ر بیان شاریته وه. ژنیک بیلا ته شبیه پشیله یه کی حه پس کرد خوا خستیه دوزه خ . جا ها وار بو ئه و زا نا یه ی زاناییه خوا پی داوه کانی ده شاریته وه . ده ست و په نجه ت خوش . هه ر سه ر که وتوو بیت.

2
هیوا (not verified)
1391/6/7 05:46

سلاو بو نووسه روو بو توش برا به لام بو جوانه مه رگ بی؟