جلی كوردی

جلی كوردی

جل و به‌رگی هه‌ر نه‌وته‌وه‌یێك، بێجگه‌ له‌وه‌ وا وه‌ك پۆششێكی ساده‌یه‌ بۆ داپۆشینی ته‌ن و به‌ده‌ن له‌ سه‌رما و گه‌رما؛ به‌ڵـكوو هه‌ڵـگری باری فه‌رهه‌نگی‌یه‌ و نیشانه‌ی زه‌وق و سه‌لێقه‌ی نه‌ته‌وایه‌تییه‌. جا جلی كوردیش وه‌ك جلی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یێكی دێرینه‌ژی و خاوه‌ن مێژووی‌تر، به‌پێی ره‌وتێكی درێژخایه‌ن پێكهاتووه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی ژیانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ راهاتووه‌ و به‌ پێی زه‌وقێكی نه‌ته‌وایه‌تی شكڵی گرتووه‌؛ هه‌ر بۆیه‌ش وه‌ك میراتێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشانه‌ی هۆڤییه‌تی فه‌رهه‌نگی ئه‌بێ بپارێزرێ. ئه‌م كورته‌‌وتاره‌ ته‌نیا چاو خشاندنێكه‌ به‌سه‌ر مه‌به‌سته‌كه‌دا و پێداگرتنێكه‌ له‌سه‌ر كه‌له‌پووری نه‌ته‌وایه‌تی ..

جل و به‌رگی پیاوانه‌ی كوردی

جلی پیاوانی كورد له‌گه‌ڵ چۆنیه‌تیی كاروباری ژیانی رۆژانه‌ی ئه‌ودا راهاتووه‌ و به‌گشتی جوان و له‌بار و گوشاد و راحه‌ته‌ و له‌ دوو به‌شی سه‌ره‌كی پێك دێ كه‌ بریتییه‌ له‌: كه‌وا و پانتۆل یا رانك و چۆخه‌ (چۆغه‌) كه‌ ئه‌م دوو به‌شه‌ به‌ پشتێند (شاڵ) و كڵاو ته‌كمیل ئه‌بێ.

جل و به‌رگی پیاوانه‌ی كوردی، جگه‌ له‌و دوو به‌شه‌ سه‌ره‌كییه‌؛ چه‌ن به‌شی ته‌كمیل‌كری دیكه‌شی هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر كامه‌ به‌پێی پێویست و له‌سه‌ر ئیقتیزای زه‌رووره‌تێك لێی زیاد كراوه‌. ئه‌م به‌شانه‌ بریتین له‌:

یه‌ك/ پشتێند یا شاڵ كه‌ له‌ نێوقه‌ده‌وه‌ تونه‌د ده‌كرێ؛ واته‌ ئه‌به‌سترێته‌ كه‌مه‌ره‌وه‌. 

دوو/ زه‌نگاڵ یا پووزه‌وانه‌ كه‌ مه‌چه‌ك و قوله‌پێ و پووز داده‌پۆشێ. 

سێ/ پێچ و كڵاو یان كڵاو و جامانه‌ (جامه‌دانه‌) یان كڵاو و شه‌ده‌ (ره‌شتی) كه‌ له‌ سه‌ر ئه‌به‌سترێ؛ واته‌ ئه‌به‌سترێته‌ ده‌وری سه‌ره‌وه‌.   

چوار/ په‌سته‌ك (په‌سه‌ك) یا فه‌ره‌نجی یان قوڵه‌باڵ كه‌ وه‌ك پۆششێكی گه‌رم له‌ به‌ر ده‌كرێ. 

جلی كوردی به‌پێی شێوازی ره‌سه‌نی پێشینان، به‌ ده‌ستی وه‌ستایانی شاره‌زای دێهات و شار ئه‌دووررێ و شێُوه‌كانیشی له‌ سه‌ر چه‌ن جۆره‌ كه‌ به‌ناونانگترینیان بریتین له‌:

یه‌ك/ شێوه‌ی مرادخانی (سۆرانی)

دوو/ شێوه‌ی هه‌ورامی.

سێ/ شێوه‌ی بادینی.

پێكهێنه‌رانی جل و به‌رگی كوردی تاقمێكی هونه‌رمه‌ند و به‌زه‌وق و پڕهه‌ستن. پیشه‌ی جلدوورین یا خه‌یاتی هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ حیرفه‌یێكی بنه‌ماڵه‌یی بووه‌ كه‌ له‌ باوكه‌وه‌ بۆ كوڕ به‌ میرات ماوه‌. هه‌رچۆنی بێ، ئه‌م پیشه‌یه‌ تێكه‌ڵه‌ به‌ هه‌ست و نه‌ست و عاتیفه‌ و زه‌وق و هونه‌ره‌وه‌. كه‌وابوو، دروومانی كوردی نه‌ ته‌نیا كار و پیشه‌یێكی حه‌ڵاڵُ و به‌ڕێز و به‌ڕمێنه‌، به‌ڵكوو هونه‌رێكی فه‌رهه‌نگ‌ پارێزه‌ره‌.

جلی كوردی نه‌ ته‌نیا جوان و له‌بار و راحه‌ته‌؛ نه‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی جوغرافیایی‌ی وڵاتی كورده‌واری راهاتووه‌؛ نه‌ ته‌نیا به‌ درێژایی‌ی مێژوو گۆرَینێكی له‌بار و گونجاو و پێویستی به‌ سه‌ردا هاتووه‌؛ به‌ڵكوو به‌رگێكی شایسته‌ی باڵای پیاوانی زه‌حمه‌تكێشی شار و لادێیه‌؛ به‌رگێكی زۆر مه‌ند و پرَوه‌قار، زۆر به‌حه‌یا و به‌ئابرَوویه‌. 

یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وایه‌تیی كوردان، پاراستنی جل و به‌رگی كوردییه‌ كه‌ به‌ درێژایی‌ی ساڵگارانی رابوردوو،‌ وه‌ك هه‌ره‌وه‌ز و كۆششێكی ده‌سته‌جه‌معی بۆ راگرتنی نیشانه‌ و هۆڤییه‌تی فه‌رهه‌نگی؛ درێژه‌ی بووه‌ و ئایینی پاك و پیرۆزی ئیسلامیش ئه‌م حه‌ققه‌ی به‌ هه‌موو موسوڵمانان داوه‌ كه‌ ئه‌م چه‌شنه‌ تایبه‌تمه‌ندیگه‌له‌ وا له‌ چوارچێوه‌ی یه‌كتاپه‌رستی‌یه‌وه‌ ناترازێ؛‌ بپارێزن.

جل و به‌رگی ژنانه‌ی كوردی 

جل و به‌رگی ئافره‌تی كورد، یه‌كێ له‌ ره‌سه‌نترین و جوانترین به‌رگه‌كانی ژنانی جیهانه‌ و له‌ روانگه‌ی ئیسلامیشه‌وه‌ شێوه‌ی ره‌سه‌نی جل و به‌رگی ژنی كورد، حیجابێكی كامڵه‌ و لیباسێكی شایسته‌یه‌ بۆ ئافره‌تانی پاكدین و پاك كردار. 

شێوه‌كانی جلی ژنانی كورد به‌پێی دابه‌شكرانی ناوچه‌گه‌لی وڵاتی كورده‌واری جۆراوجۆره‌ و هه‌ر شێوه‌یێك به‌ نیسبه‌تی  هه‌لومه‌رجی جوغرافیایی و داب و نه‌ریتی ناوچه‌یی، به‌پێی حیكمه‌تێك پێكهاتووه‌؛ به‌ڵام به‌ گشتی جل و به‌رگی ژنانه‌ی كوردی گوشاد و ره‌نگاڕه‌نگ و له‌به‌ر دڵانه‌ و ره‌نگه‌كانیشی زۆر شادن و له‌ سرووشتی دڵرَفێن و هه‌مه‌رَه‌نگی وڵاتی كورده‌وارییه‌وه‌ ئیلهام وه‌رده‌گرێ. 

شێوه‌كانی جلی ژنانه‌ی كوردی له‌ كوردستانی ئێراندا بریتین له‌:

یه‌ك/ شێوه‌ی بادینی كه‌ شێوه‌ی جلی ژنانه‌ی ناوچه‌ی سۆمای برادۆست و ته‌رگه‌وه‌ر و مه‌رگه‌وه‌ره‌.

دوو/ شێوه‌ی موكریانی كه‌ شێوه‌ی جلی ژنانی باشووڕی پارێزگه‌ی ئازه‌ربایجانی رۆژاوایی‌یه‌. 

سێ/ شێوه‌ی ئه‌رده‌ڵانی و هه‌ورامانی كه‌ ئه‌مانه‌ش شێوه‌ی جلی ژنانی ناوچه‌ی ئه‌رده‌ڵان (سنه‌ و ده‌وروبه‌ر) و هه‌ورامانه‌. 

جل و به‌رگی ره‌سه‌نی ژنانه‌ی كوردی له‌ چه‌ن به‌ش پێكهاتووه‌ كه‌ ئه‌سڵُی‌ترینیان بریتین له‌: 

یه‌ك) كراس؛ كراسی سۆرانیدار.

دوو) ئاوه‌ڵكراس یا ژێركراس.

سێ) سوخمه‌ (سیخمه‌)؛ كولیجه‌ (كوڵه‌نجه‌)؛ كوا (كه‌وای شۆڕ) و سه‌ڵته‌ (جۆرێك سوخمه‌ی قۆڵداره‌.)

چوار) پشتێند (پشتوێن)؛ كه‌مه‌ربه‌ند.

پێنج) ده‌سره‌ یا ده‌سماڵ سه‌ر.

شه‌ش) كڵاو ده‌سماڵ؛ تاسكڵا؛ كۆچكه‌.

پارچه‌ و كووتاڵی به‌رگی ژنانه‌ی كوردیش، زۆر ئاڵ و واڵا و ره‌نگین و ره‌نگامه‌یه‌ و به‌ ده‌ستی هونه‌رمه‌ندانی جلدرووی وڵات به‌ جوانترین و رازاوه‌ترین شێوه‌ ئه‌دووررێ.

وه‌ستای جلدوور (خه‌یات) له‌وپه‌رَی هونه‌ر و جوانیدا، هه‌ر له‌ سه‌ر شێوه‌ و رچه‌ و رێبازی پێشیینان، به‌رگێكی جوان ئاماده‌ ده‌كا و كچۆڵه‌ی نه‌شمیلی كوردیش له‌ به‌ری ده‌كا و به‌م جۆره‌؛ میرات و یادگاره‌كانی پێشینان به‌ره‌ به‌ره‌ دێته‌ خواره‌وه‌ و ده‌س به‌ ده‌س ئه‌گه‌رَێ و پشتاوپشت ئه‌پارێزرێ كه‌ ئه‌مه‌ ره‌وتێكی فه‌رهه‌نگی‌یه‌ و نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان خاوه‌نی میراتی خۆیه‌تی.

جلی كوردی
جلی كوردی
جلی كوردی
ده‌نگێ نه‌دراوه

بۆچوونەکان

1
بدون‌نام (not verified)
1391/5/14 08:16

ئاوردانه وتان بو سه ر کلتوور و دابی ره سه ن کوردی جیی حورمه ت و شانازیه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)