ئیلاهى! نیازم نەوازشتە

ئیلاهى! نیازم نەوازشتە

ئیلاهى! ئەى حەبیبە تەنیاکەى دڵ و ئەى ئەنیس و هەمدەمى دڵەى تینوو! بەم زمانى نزایە و بە دڵێکى پڕ لەتکاوە، حەبیبانە و دەردەدارانە دێمە دیوانى پڕ لە"ود"و مەحەببەتت و هاناى نیازمەندیم دێنمە دیوانى بە ئەمانت.

مەعبودا! خواست و نیازى من: ناز و نەوازشى تۆى بێ نیازى نیازکێش و کەریمى میهرەبانە.

پەروەردگارا! زمانى تەژنە و دڵەى تینووم...ڕۆحى ئاورا و گیانى برسیم، بەم ئێوارە و غروبە نوورینە داواى قومێک ئاوى زەمزەم و کوپێک ئاوى کانى کەوسەر و پیاڵە و پەرداخێک ئاوى ڕووبارى ڕەییانت لێدەکات.

خوایەگیان! ڕۆحى ئاورا و گیانى برسیم داواى نانى ڕەزا و خۆراکى لیقا و ژوانت دەکات.

ئەى مەحبوبى ێائیمین و وەى ئەنیسى قائیمین! هاتووم و دێم بەزمانى تینوو و گەدەى برسى و بە دونیایەک لەخواترسى و بە تۆزقاڵک خواپەرستى و بەزەڕڕەیەک لەخوادۆستى، هاتووم تەقە ئەدەم لەدەرگانەى میهر و مەحەببەت و مەغفیرەت و کەرەمت و داواى یەکەمم: بەخشش و، تکاى دووەمم: بەزەیى و، هاناى سێیەمم: ڕەزامەندى و قبوڵى و، نزاى ئەخیرم: قوم و چکەیەک لە بارانى میهر و مەحەببەت  و عیشق و ئەوینت ببارێنە بەسەر مەزراى وشکەوەبووى ڕۆحى تەژنە و زەوى کڕێن و کڕە دێمى دڵەى تینوومدا.

یاڕەب: تۆ زۆر لەوە گەورەتر و شایەنترى کە بەچەند ڕۆژ و کاتژمێرێک برسیەتى و تینوویەتى و خۆگرتنەوە، بتوانین حەقى تاکە نیعمەت و بەخشش و خەڵاتێکت بدەین . ئیلاهى! ئێمە هەرچى و هەرچەند بەندەگیت بکەین هەرکەم و نالایقە، بەڵام وەک چۆن ڕوناکى ڕۆژ نیشانەى بوونى تیشکى خۆرە، نەک خودى خۆر، ئەوا ئەم کەمە بەندایەتیەی ئێمەش نیشانەی ئەوەیە کە دەمانەوێت بەندایەتیت بکەین و ملکەچت بین، نەک ئەمە هەموو ئەوە بێت کە شایستەی مەقامی باڵای خوایەتی تۆبێت  و یا خود هەر ئەوەندەمان بوێت.

مەعبودا! کەریما! حەبیبا! هاتوینەتە دیوانت بە زمانی نزا، بەکۆڵێک دوعا و دەریایەک خەتا، یا ڕەب! ئێمە بە کۆڵێک کڵۆڵی و، دونیایەک شەرمەندەگی و، خەرمانێک گوناه و قێور لە بەندەگی، وا دێینە دیوانت و نمە و وەشتی دوعا و نزا دەبارێنین و ڕوی خەجڵەت و شەرمەندەیی لە دیوانت دەنێین، دەتۆش ئەی میهرەبان! ببارێنە بارانی ڕەحمەتی ناز و نەوازشت بەسەر بەندەی تینوویی ناز و برسی نەوازش و ناز کێشانتدا.

خوایە گیان! ئەی شیرینتر لە گیان! شیرینی خورمای بەربانگی ئێواران شیرینی لیقا و دیدارت دێنێتە پێش چاو و دیەی دڵمان، قومە ئاوی بەربانگی ئێواران سافی و زوڵاڵی و سازگاری میهر و بەزەییت دەخاتەوە یادمان و دەرگای ڕەیان بە کراوەیی دێتە پێش چاومان، سفرەی سەحەر و خوانی پارشێوان ژوان و دیداری ڕەسول و یاران و غەریبانی هەڵگری پەیامەکەت دەهێنێتەوە یادمان.

دەسا ئەی مهرەبان و بەخشندەی خاوەن عەتا! هەموو ئەو خەڵات و جوانی و شیرینییانەمان پێ ببەخشە و بەشدارمان بکە لەو چێژ و خۆشییانەى کە هەموویان بەخشش و خەڵاتی تۆی بەخشندەی کەریم و میهرەبانن.

دواجار خوایە گیان بەدڵ و بە کوڵ دەڵێم:

قەبوڵ بکە نزای شەرمەندەگیم

سپیکە ڕووی سیای بەندەگیم

پڕ خێر و بێرى کەی هەموو زیندەگیم

تا لە بیری کەم تینوویەتی و خەستەگیم.

ده‌نگێ نه‌دراوه

بۆچوونەکان

1
بدون‌نام (not verified)
1391/5/11 07:11

زور جوانه برای به ریزم سه رکه وتوو بیت

2
بدون‌نام (not verified)
1391/5/13 02:40

په خشانیکی به پغز بوو قه له مت پاراص بیت

3
مودريك عةلى عارف (not verified)
1391/5/14 10:12

زۆر سوباس به‌ریزان و هاوریانی خۆشه‌ویت" مه‌منونم له‌ بۆجون و سه‌رنجه‌كه‌تان

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)