ووشه‌ی کورد

ووشه‌ی کورد

هه‌ر ووشه‌یه‌کم به‌رچاو ده‌که‌وت... مێشک و بیرم نه‌ده‌سره‌وت... وای پێ خۆش بوو له‌‌فه‌رهه‌نگا... ئه‌م ووشه‌یه‌ شه‌ن و که‌و کا... ریچه‌ڵۆکی شیکاته‌وه‌... واتاکه‌ی لێک بداته‌وه‌... لای ماموستایانی زمانه‌وان... بیباته‌ بنج و بناوان...

له‌ پڕ روژێ ووشه‌ی کوردم وه‌به‌رده‌س که‌وت... دیسان مێشک و بیرم نه‌سره‌وت... فه‌رهه‌نگۆکێ گچکه‌ی خڕم هه‌بوو، پڕم دایه‌... وام زانی مه‌ش وه‌کوو وانی دیکه‌ وایه‌... واتاکه‌ی له‌م خڕه‌ دایه‌... که‌چی له‌م په‌ڕ هه‌تا ئه‌و په‌ڕ، ته‌قه‌ڕاو و کێوماڵم کرد... نه‌م دیته‌وه‌، تێیدا نه‌بوو، په‌یم به‌‌ماناکه‌ی نه‌برد... .

په‌ڕاوخانه‌ی هه‌موو دۆستێکم پشکنی... باڵا پیاوێ فه‌رهه‌نگم لای خۆ هه‌ڵچنی... یه‌ک له‌ دوای یه‌ک، ته‌قه‌م هه‌ڵده‌ساند له‌ بنی... تێیدا نه‌بوو، نه‌م دیته‌وه‌... گرفتار بووم به‌ده‌س ئه‌م ووشه‌ و پیته‌وه‌... .

چاره‌م نه‌ما په‌نام برده‌ به‌ر په‌راوخانه‌ گشتیه‌ مێرینه‌که‌ی مێژوو، هه‌رچیت ده‌وا هه‌یه‌ له‌وا... بۆ هیچ شتاپه‌ک ناکه‌وا... ده‌ستم دایه‌ فه‌رهه‌نگی « کورد»سه‌یری ئه‌و وشه‌یه‌م تیا کرد... دیم چه‌ندها دێڕ و لاپه‌ڕه‌... لێکدانه‌وه‌ و، تویژینه‌وه‌ی ئه‌م ووشه‌یه‌، به‌زمه‌ شه‌ڕه‌... 

ئه‌م چه‌ند واتا ، سه‌رنجی بیری راکێشام... هه‌ڵم سه‌نگاند، پێوام کێشام... چاره‌م نه‌ما، ووتم چاک وایه‌ تۆماری که‌م... به‌ڵکوو هه‌رچۆن با چاری که‌م… یا هیچ نه‌بێ تیماری که‌م... به‌ڵێ ده‌ق به‌ ده‌قی تۆمارم کرد... وانوسرابوو:

کورد، واته‌ به‌ درێژایی ره‌وتی مێژوو...کۆیله‌ و هه‌ژار و نوقم بوه‌... مات و زویر و به‌ش خوار و ... سه‌رلێ‌شێواو و ده‌رکراو... وه‌ک که‌و، بۆ هۆزی له‌ راوه‌... هه‌رچوارده‌وری لێ‌تنراوه‌... گیرۆده‌ی نێوته‌پکه‌ و داوه‌...

کورد، واته‌: تیێ نه‌گه‌یشتوو... بیرکورت و ساده‌ و دواکه‌وتوو... بێخه‌م له‌ گوێی گادا خه‌وتوو...

کورد واته‌: دیل و به‌ندی قه‌فه‌س... باکه‌س و ده‌س... بێ فریادڕه‌س... ژێرده‌سی ناکه‌س و ته‌ره‌س... گه‌لێکی ساف و ساویلکه‌... بیێ وه‌زه‌ و ووزه‌ وه‌ک مارمیلکه‌... دارده‌ستی ده‌ستی بیگانه‌... پوازی له‌ خۆ بۆ قڵشانه‌... 

کورد واته‌: پرژ و بڵاوی... دوو به‌ره‌کی... هه‌رکه‌س بۆخۆی، هه‌رکی هه‌رکی... که‌س به‌ گوێی که‌سی دی نه‌کا... گوێ به‌ ته‌گبیر و  راوێژ نه‌دا...

کورد واته‌: بێ پسپۆڕ و پیشه‌سازی... هه‌موو له‌یه‌کدی ناڕازی ماڵوێران و بێ نیشتمان... بڕبوو و پاترا و به‌بێ شوان... زمان به‌سراوو، به‌ش خوار و... به‌ هه‌زار به‌رد و دارا دراو...

به‌ کوردی و کورتی، کورد یانێ: نه‌ماو و فه‌وتاو و تیاچو... له‌ هیچ لایه‌ دیار نه‌بوو... 

ئه‌مانه‌ و چه‌ندها واته‌ی دیکه‌ی‌تر، دوژمن له‌ ماڵت ناهومێد، چیت بۆ باسکه‌م... به‌سیه‌ با به‌س گوێچکه‌ت کاس که‌م... کورد ووته‌نی: » مشت نمونه‌ی خه‌روارێکه‌ «. مشتی چی خو هه‌مارێکه‌...

که‌ ئه‌م واتانه‌م به‌رچاو که‌وت... فه‌رهه‌نگه‌که‌م له‌‌ده‌س داکه‌وت... ته‌زویه‌ هات به‌ ته‌وق سه‌رما... ده‌تگوت گیان نیه‌ له‌ به‌رما.... 

پڕم دایه‌ ووتم شڕ و شیتاڵی که‌م... بیسوتێنم بیکه‌مه‌ خۆڵ له‌ چاڵی که‌م...به‌ڵکو به‌م سووتان و له‌ چاڵ‌نانه‌... دێوه‌زمه‌ی چاره‌ڕه‌شیی، له‌ کۆڵ ئه‌م گه‌له‌ دابه‌زیً، بشکێ و په‌نجه‌ و گۆج‌بێ ده‌سی، هه‌موو نه‌یار و ناحه‌زێ... که‌ ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ی نوسیوه‌... که‌ ئه‌م کاڵای وا به‌ باڵای ئه‌م گه‌لی کورده‌ دووریوه‌...

به‌ڵام ده‌نگێ له‌ له‌ ئه‌شکه‌وتی مێشکم‌دا ده‌نگی دایه‌وه‌... گوێم له‌ ئاستی ئه‌م مه‌به‌سته‌ زرنگایه‌وه‌... ووتی نه‌که‌ی ده‌س راگره‌... به‌ ئاوی وا ناکوژێته‌وه‌ ئه‌م ئاگره‌... هه‌زارجاریش بیسوتێنی، ئه‌ینوسنه‌وه‌... راوێژ و ته‌گبیری ئه‌وێ... ئه‌بانه‌نوی رۆژ و شه‌وێ... ئه‌بێ ئه‌م گه‌له‌ رابێنی له‌‌پیلانی دوژمنانی، تێی گه‌یه‌نی... به‌‌هه‌وێنی یه‌کتاپه‌ره‌ستی بی‌مه‌یه‌نی... خاو و خلیچکی و نه‌گۆمه‌یی لێ راماڵی... راپه‌ڕێ زرت و زینوو بێ... 

به‌ خوێنی دوژمن تینو بێ... له‌ ده‌رونیا تۆی یه‌کیه‌تی بچێنێ... ریچه‌ڵۆکی دووبه‌ره‌کی له‌ بنج و بێخا ده‌ربێنێ... نۆکه‌ری و جاشیه‌تی نه‌کا... برای به‌ گورگان‌خوارد نه‌دا... وه‌ک که‌و بۆ دوژمن نه‌خوێنآ... گه‌لی بۆ پارێز نه‌هێنێ... بۆ سه‌ربه‌ستی خوی فیدا کا... له‌ پاره‌په‌ره‌ستی راکا... بخوێنآ زانیاری فێر بێ... با چاوی دوژمنی کوێر بێ... بیر و برَوای خوانه‌ناسان له‌ ژێر پیً نیً... ئه‌وه‌ی راسته‌ له‌ گوێی بگرێت و پێی لێ نێ... ته‌نیا سه‌ر بۆ خوا نه‌وی کا... بو که‌سی دی کڕنوش نه‌با...

ئه‌م خاڵانه‌ و چه‌ندها خاڵی په‌سه‌ندی‌ترله‌ خۆیا بێنێته‌ دی پترجا، ئه‌توانێ ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ بسرَێته‌وه‌.ئه‌م دێوه‌زمه‌ دابه‌زێ و ئه‌م نه‌گبه‌ته‌ ببڕێته‌وه‌ واتای چاک بۆ خۆی تۆمار کا... شان به‌ شانی به‌خته‌وه‌ری و خۆشبه‌ختی و سه‌ربه‌ستی راکا ئیدی له‌ روپه‌ڕه‌ی فه‌رهه‌نگی مێژوودا بواری باش، دۆخ و باری له‌‌باری بۆ ئه‌ره‌خسێ که‌س ناتوانیً به‌ هیچ قه‌ڵه‌م و پێنووسێ واتای خراپ و ناحه‌زی بۆ بنووسێ.

به‌ڵێ به‌م باسه‌ خۆش و راسه‌ دڵ‌و ده‌روونم حه‌سایه‌وه‌... ده‌ستم سره‌وت فه‌رهه‌نگه‌که‌م دانایه‌وه‌... بڕیارم دا بۆ هاتنه‌دی ئه‌م مه‌به‌سته‌، تبکۆشم... به‌ ووزه‌ و تین و بیر و هۆشم... ئۆقره‌ نه‌گرم، بخرۆشێنم و بخرۆشم... خوا یار بێ به‌ڵکوو بێته‌ دی.

ده‌نگێ نه‌دراوه

بۆچوونەکان

1
بدون‌نام (not verified)
1391/4/19 08:38

سلام
جا کاکه ئه وه بو چی ناچنه فیس بوکی ماموستا ابراهیم و عه کسی کی باش له ماموستا ابراهیم بیرن و لیره دانن!
آخر ئه وهیچ عه کسه داتان ناوه !

2
سه ید (not verified)
1391/4/22 03:53

سڵاوو پێزانین
كرا‌‌‌‌نه‌وه‌ی ده‌لاقه‌ی كوردی سایتی ئیسلاح به‌خۆمان و ئێوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری خۆشه‌ویست و سه‌رجه‌م هۆگرانی وشه‌ی كوردی پیرۆزبایی ده‌ڵێم و ئاواته‌خوازین ، ئه‌م سه‌كۆیه ببێته‌مه‌كۆی هه‌ناسه‌ ئیمانیه‌كان و قڵپه‌ی زانست و سه‌مفۆنیایی پێكه‌وه‌ژیان.

3
ابو هیرا (not verified)
1391/4/24 07:02

ئه م عه کستانه باشتره، ده ستان خوش هی پیشوه که یتان گورا

وه لی ماموستا عه کس جوانتریچی هه س

که می با له هه ل بژاردنی عه کسیچا ورد بینو باشه

دوای ئه وه؛ لازم بوو بفرموون که عه کسه که تان گوراوه، وه گرنه، که سی تر به هاتایه ئیرا، وای ده زانی که ئه و که سه ی ئه وه ل که نه قدی عه کسه که ی کردوه، مه به ستی هه ر ئه م عه کسه سه، که وا نه بوه.

تکایه ده قه ت فه رمون.

4
حامید بەهرامی (not verified)
1391/4/25 02:17
5
هیمو (not verified)
1391/4/28 12:28

کوردیه کی پاراو وجوانه هیوامان تیکوشانی توکمه یه بژین

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)
کاری منداڵان و منداڵانی کار کۆمه‌ڵایه‌تی (1398/03/31)