بریا منیش لە هیجرەتتدا، چەند مارێک ژێر پێمیان بگەستایە!

بریا منیش لە هیجرەتتدا، چەند مارێک ژێر پێمیان بگەستایە!

بۆنە و ساڵیادى گرنگ و هەمیشە زیندووى سەرى ساڵى کۆچى و یادى هیجرەتى پێغەمبەرى خۆشەویست ـ درودى خواى لێبێت ـ بۆنەیەکە هەمیشە و بەردەوام پێویستى بە وردبوونەوە و لێکۆڵینەوە و لەسەر وەستان و هەڵوێستە لەسەرکردن و پەند لێوەرگرتنە، بۆنەیەکە دەریایەک سەروەرى و لێبڕان و کۆڵنەدان و خەمخۆرى و پەرۆشى و خواپەرستى و بۆخوا لێبڕانى یەکتاپەرستان و خواویستانمان بیر دەخاتەوە،..

بۆنە و ساڵیادى گرنگ و هەمیشە زیندووى سەرى ساڵى کۆچى و یادى هیجرەتى پێغەمبەرى خۆشەویست ـ درودى خواى لێبێت ـ بۆنەیەکە هەمیشە و بەردەوام پێویستى بە وردبوونەوە و لێکۆڵینەوە و لەسەر وەستان و هەڵوێستە لەسەرکردن و پەند لێوەرگرتنە، بۆنەیەکە دەریایەک سەروەرى و لێبڕان و کۆڵنەدان و خەمخۆرى و پەرۆشى و خواپەرستى و بۆخوا لێبڕانى یەکتاپەرستان و خواویستانمان بیر دەخاتەوە، بۆنەیەکە ئاسمانێکى ڕازاوە و پڕ لە ئەستێرەى درەوشاوەى ئەسحاب و هاوەڵى ڕاستگۆ و بە وەفا و قوربانیدەر و فیداکارمان دەخاتەوە یاد، هەروەک سەرى ساڵى کۆچى و یادى هیجرەتى سەروەرى خۆشەویستمان، بۆنەیەکە دونیایەکى تاریک و لێوانلێو لە خیانەت و دوژمنایەتى و ستەم و نادادى و چەوساندنەوە و خوێنڕێژى و ناپاکى بێ باوەڕان و ستەمکاران و موشریکانمان وەبیر دەهێنێتەوە.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، پێویستە مرۆڤى موسڵمان و تاکى باوەڕدارى پەیامدار، هەمیشە ئەم یادە پڕ شکۆیەى (هیجرەت و سەرى ساڵى کۆچى) بکاتە وێستگەى زیندووکردنەوەى جوانییەکان و نیشاندانەوەى دیمەن و تابلۆ قەشەنگ و ڕازاوەکان، بیکاتە وێستگەى دووپاتکردنەوەى سەروەرى و کار و هەڵوێستە مێژووییەکانى بڕواداران و شوێنکەوتووانى پەیامى دادخوازانەى خواپەرستى و یەکتاپەرستى.

ئەمڕۆ و لەم ساڵوەگەڕە مێژووییەشدا، دەبێ باوەڕدارانى یەکتاپەرست دڵخۆش و شادومان بن کە هێشتا زۆرن ئەو کەسانەى کە شوێنکەوتەى پەیامى ئیلاهى و ئەو پێغەمبەرە ئازیز و نازدارەن، هێشتا لە قەدپاڵى چیاى (جودى) و لەم مەملەکەتى (کاوان)ى کوردییەشدا، نەوە و ڕۆڵەکانى (سەڵاحەدینى ئەیوبى) باوە گەورەمان، عاشقانە و شەیدایانە درێژەپێدەرى پەیامى پێغەمبەرانى پەیامدار و بانگخواز و کاروانى یەکتاپەرستانن، هێشتا شاگرد و نموونەکانى وەک ئەبوبەکر و عومەر و عوسمان و عەلى و خەدیجە و فاتیمە و سومەییە و زەنیرە و بیلال و یاسر و حەمزە و سەلمان و ئەرقەم و ئەوانیتر، لەم مەملەکەتەدا دێن و دەڕۆن و سەرقاڵى یەکتاپەرستى و کارى پەیامدارى و بانگخوازى و جوهد و جیهادى بێ وچانن.

هەروەک پێویستە ساڵیادى هیجرەت و سەرى ساڵى کۆچى، بکرێتە وێستگەیەک بۆ بایەخدان بە ژیان و کەسێتى و پەیام و ئاکار و ڕەوشتە جوانەکانى پێغەمبەرى خۆشەویستمان موحەممەد ـ درودى خواى لێبێت. و  سەرجەم یار و هاوەڵە دڵسۆز و خەمخۆرەکانى.

وەک ئاشکرایە کە یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانى مرۆڤەکان ـ لە پاش باوەڕهێنان بە خواى گەورە و خۆشویستنى ـ بڕواهێنان و خۆشویستن و شوێنکەوتنى موحەممەدى پێغەمبەرە ـ درود و سەلامى خواى لێبێت ـ هەر لەبەر ئەوەشە کە بەشێکى سەرەکى باوەڕ پەیوەستە بەو زاتە سەروەرەوە و بەشى دووەمى شایەتومان تایبەت کراوە بە شایەتى دان بەو ئازیز و خۆشەویستەوە.

خۆشەویستى ئەم مرۆڤە گەورە و ئەم دوایین نێردراوەى خواى میهرەبان، لە گەورەترینى ئەرکە بەندایەتى و ئیمانییەکانمانە، شوێنکەوتن و گوێڕایەڵى کردن و پەیڕەوى کردن لە پەیام و بەرنامەکەیشى، سومبولى سەلماندنى ئەم خۆشەویستییەى (رسول الله)یە.

ئێمە لەم ساتەوەختەدا و لە پاش هەزار و چوار سەد و سى و ئەوەندە ساڵ، کە یادى ئەو هیجرەتە بێ وێنەیە و کۆچى گرنگ و مێژوویى ئەو سەروەرە و یارە ڕاستگۆ و دڵسۆزەکانى دەکەینەوە و بۆنەى سەرى ساڵى کۆچى زیندوو دەکەینەوە، هەموو لایەک ئاواتەخوازین کە خۆزگە لەو کاتى کۆچ و هیجرەتە پیرۆز ء نورینەى  یارانى موهاجیر و هاوڕێیەتى یارى هاوسەفەر و پێغەمبەردا ـ درودى خواى لێبێت ـ ئێمەش وەک (یارى بێ قەرارى غار) ئەبوبەکرى ڕاستگۆ، هاوڕێ و هاوسەفەرى ئەو سەروەرە نازدارە بووینایە، یاخود بریا لە کاتى ئەو هیجرەتەدا و لە نێو ئەشکەوتى (سەور)دا، سەروەر و سەردارى مرۆڤایەتى سەرى بخستبایاتە سەر ڕانمان و ئۆخژنێکى بدایە و تاوێک شەکەتى ڕێگەى دەرکردایە، یاخود خۆزیا ئێمەش لە برى حەزرەتى ئەبوبەکرى ڕاستگۆ، لە برى مارێک چەند مارێک ژێر پێى ئێمەشى بگەستایە، تا ئێمەش هەستمان بەو هەست و شعورەى ئەو مارە بکردایە کە: (بە زمانى حاڵ مارى بەستەزمان ناڵاندى کە: بمبوورە یارە بێ قەرارەکە، بەخوا ویستم ژێر پێت ماچ بکەم و تۆزى ژێر پێت بسڕم، دەم و دانم بشکێ کە ژێر پێتى گەست و خوێنتى ئالوودە کرد!!)

شەڵڵا ئێمەش کۆترە شینکەیەک یاخود جاڵجاڵۆکەیەک بووینایە و ببووینایاتە سپەر و دوژمنانمان فریو بدایە و ئومێدێک بووینایە بۆ ڕزگارى، یاخود ئێمەش یەکێک بووینایە لە سەربازە نەناسراوەکانى خوا و پارێزگارى سەروەر و یارمان بکردایە و [جُنُودَاً ڵمْ تَرَوْها] بووینایە.

بەخوا حەزمان دەکرد کە لە کاتى هیجرەتى نوریندا، ئێمەش تاج و شەرەفى ئەوەمان پێ ببڕایە کە یارێکى ڕاستگۆ بووینایە و جەستەى خاکیمان ببوایاتە قەڵغانەکەى (زەید)ء دڵیشمان بەشێک لە خەم و ئەحزانەکانى (ئەبوبەکرى ڕاستگۆ)ى هەڵگرتایە و، ڕۆحیشمان شەرم و شکۆمەندى و سامانەکەى عوسمانى (ژى النورین)ى لەکۆڵنایە، یاخود وەک (عەلى) شێرە لاوى باوەڕدار، گیانمان بکردایەتە قوربانى و لە ناو پێخەفى سەروەردا ئێشکگر بووینایە، یان وەک (خاتوونە ئەسماى سەلار و بوێر) توێشوو ء تفاق و خۆراکمان بۆ (ئەشکەوتى سەور) ببردایە و نازناوى (ژات النگاقین)مان پێ ببەخشرایە، یاخود لەگەڵ (عەبدوڵڵا)ى شوانى لێزان و بە سەلیقەدا، بە ڕانە مەڕەکەمان تەپوتۆزمان بکردایە بە سەروچاوى نەیار و دوژمنەکاندا و جێ پێکانى سەروەر و یارمان بسڕیایاتەوە.

هەموو ئەم دیمەنانە و چەندینى دیکە، ئەوەمان پێ دەڵێن کە: پێویستە یادى هیجرەتى گەورەترین مرۆڤ و ئازیزى دڵ و موهاجیرە شوێنکەوتووەکانى، جارێکى دیکە و سەر لە نوێ هەموو شوێنکەوتووان و دۆستان و عاشقان و شەیدایانى ئەو زاتە مەزن و خۆشەویستە، زیندوو بکاتەوە و تەوەللود و ژیانێکى نوێیان پێ ببەخشێتەوە و وەک گوڵێک کە ـ پاش پەژمووردە بوونى ـ بە ئاوێکى سازگار و نەسیمێکى دەمبەیان دەبووژێتەوە، ئەوا ئەوانیش دڵ و ڕۆحیان ببووژێتەوە و ئیمانیان تازە ببێتەوە و ئایەتى: [یا ڕَیُها الژَینَ آمَنُواْ آمِنُواْ بِاللهِ ۆرَسُولِهِ..] لە خۆیاندا بەرجەستە بکەن.

هەموومان تامەزرۆ و تینووى بینین و گەیشتن بە لیقا و دیدارى ئەو سەروەرە و هاوەڵ و یارە دڵسۆزەکانین، بۆیە ئەم بۆنە و ساڵیادى هیجرەت و سەرى ساڵى کۆچییە، ئەوە دەخوازێت لە هەموومان کە لەم یاد و بۆنەیەدا بۆ چەند ساتێک سەفەر و گەشتێکى ڕۆحى و ئیمانى بکەین و لە دەروازەى ماڵە چکۆلە جوانەکەى (ئەرقەم)ەوە بچینە ژوورەوە، یان بە نێو کوچە و کۆڵان و زیخ و لمى بیابانى مەککەدا ڕێ تەى بکەین و، بەرەو چیاى (سەور) بکەوینە ڕێ و لەوێ تاوێک لەگەڵ یارە بێ قەرارەکەدا ئۆقرە بگرین و خەوەنووچکەیەک بمانباتەوە و خەیاڵ و خەونمان سەفەر بکات بۆ ساتە نورینەکانى کاتى دابەزینى وەحى و نەرمە پروشەى دابارینى پەیڤە ڕەحمەتییەکانى نیگا و میواندارى جبیرلى ئەمین، لەوێ ڕاش بەرەو مزگەوتى (قوبا)ء مەدینەى میواننەواز و بۆ لاى هۆزەکانى (ئەوس و خەزرەج)ء پشتیوان و ئەنسارە  بێ وێنەکان بکەوینە ڕێ و لەگەڵیان ببینە برا و میرات لەیەکتر ببەین و ماڵەکانمان بکەین بە دوو بەشەوە.

وەرن با لەم ساڵیاد و بۆنەى هیجرەتەدا پێکەوە ـ گەر بۆ ساتێکیش بووە ـ ئێمەش میواندارى سەروەر بکەین و ئەگەر خۆراک و شێوێکى ئەوتۆشمان نییە بۆ نان و (شێوى ئێوارەى) مێوانە ئازیزەکەمان، ئەوا با چراکەمان خامۆش بکەین و بیکوژێنینەوە و مناڵەکانمان بخەوێنین و خۆشمان بەدەم تەقەتەقى قاپە خاڵییەکانەوە لەگەڵ سەروەردا خوانێکى مەعنەوى نۆشى گیانمان بکەین.

دواجار و لەم وەرزى هیجرەت و ساڵە نوێیەدا، با جارێکى  دیکە و لەم مەملەکەتەى کە پڕیەتى لە بۆن و بەرامە و بۆنەکانى هیجرەت و کۆچ و کۆچکەرى، لێرە کە لێوانلێوە لە دۆستەکانى سەردارى کۆچەریان و هاوڕێیانى یارى غار، هەموو لایەکمان پێکەوە هەزاران دردود و سڵاء بنێرین بۆ گیانى پاکى پێغەمبەرى خۆشەویست ـ درودى خواى لێبێت ـ ء سەرجەم هاوەڵ و  یارە خۆشەویستەکانى و یارى ڕاستگۆ و هاوسەفەرى کۆچ بە تایبەتى، با جارێکى دیکەش پەیمانى خۆشەویستى و شوێنکەوتەیى و گوێڕایەڵیمان بۆ ئەو سەروەر و پێغەمبەرە خۆشەویستە ـ درود و ڕەحمەتى فراوانى خواى لێبێت ـ دووبارە بکەینەوە و بەڵێنى بەردەوامى و دامەزراوى بدەین.

****

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)