قه‌ناعه‌تكردن گه‌نجینه‌یه‌كی نه‌بڕاوه‌یه‌

قه‌ناعه‌تكردن گه‌نجینه‌یه‌كی نه‌بڕاوه‌یه‌

پێشینان باسی ئاغایه‌كی ده‌وڵه‌مندی ده‌سه‌لاتدار ده‌گێڕنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ موڵك و سامانێكی زۆری هه‌بووه‌ له‌وهه‌موو خێره‌ی به‌رده‌ستی نارازی بووه‌، هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی ده‌وڵه‌مه‌ندتربووندا بووه‌، رۆژێك به‌ناو یه‌كێك له‌ باخچه‌ رازاوه‌كانیا ده‌گه‌ڕێ گوێی له‌ده‌نگ و ئاوازێكی زۆر خۆشه‌وه‌ ده‌بێت له‌دووره‌وه‌ دێت، كه‌مكه‌م به‌ره‌و ده‌نگه‌كه‌ ده‌ڕوات تا لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ ده‌بینێت ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ نۆكه‌ره‌كانی خۆی.. پیاوێكی رووخۆشی ده‌م به‌بزه‌، سه‌رو سیما جوان، پیشانده‌ری قه‌ناعه‌ت و خۆشی و به‌خته‌وه‌رییه‌!!

ئاغایش زۆری پێ سه‌یر ده‌بێ ئه‌م به‌م هه‌موو موڵك و سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌وه‌ سه‌د یه‌كێكی ئه‌و دڵخۆش نییه‌، و ئه‌ویش به‌و هه‌ژارییه‌وه‌ كه‌ته‌نیا نانه‌سكی بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ ئاوه‌ها دڵخۆش و كامه‌ران و به‌خته‌وه‌ره‌!!

ئاغا بانگی ده‌كات بۆلای خۆی وپێی ده‌ڵێ: تۆ خزمه‌تكارێكی لای من ده‌ستكه‌وتێكی زۆر كه‌مت هه‌یه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی مه‌مره‌ومه‌ژی و كوله‌مه‌رگی ژیان ده‌به‌یته‌سه‌ر، چۆنه‌ وا دڵخۆش و به‌خته‌وه‌ریت؟!

خزمه‌تكاره‌كه‌ش ده‌ڵێ: قوربان! من له‌ دیوه‌خانی ئاغادا كارده‌كه‌م و ئه‌وه‌نده‌م ده‌ست ده‌كه‌وێت خۆم و خێزانه‌كه‌م پێی بژین، كولانه‌یه‌كمان هه‌یه‌ تیا ده‌خه‌وین، وسه‌ربانێكمان هه‌یه‌ له‌ژێریا ده‌ژین، خێزانه‌كه‌م دڵیان به‌من خۆشه‌و من به‌وان دڵخۆش، مادام رۆژانه‌ نان له‌سه‌ر سفره‌كه‌ماندا بێ و خواردن هه‌بێ گوێ به‌شتی تر ناده‌ین..

ئاغایش زۆر له‌قه‌ناعه‌تی ئه‌م پیاوه‌ سه‌رسام ده‌بێ!! ده‌نێری به‌شوێن میرزای راوێژكاریداو باسی ئه‌و خزمه‌تكاره‌ی بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌، میرزایش به‌باشی گوێی بۆ ده‌گرێ.. ئه‌ویش ده‌لێ: قوربان! ده‌ته‌وێ بزانی چی كامه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری و دڵخۆشی ناهێڵێت؟! ده‌لێ: به‌ڵێ.. ده‌لێ: جه‌نابی ئاغا! بانگی نه‌وه‌دو نۆكه‌ی بۆ بكه‌.. ئاغا سه‌رسام ده‌بێ و ده‌لێ: مه‌به‌ستت چییه‌؟

میزا ده‌لێ: ئاغام! شه‌وێ كاتێ دنیا تاریك بوو 99لیره‌ی بۆ بخه‌ره‌ ناو كیسێكه‌وه‌و بیخه‌ره‌ به‌رده‌م قاپی ماڵه‌كه‌یان، و بێ ئه‌وه‌ی كه‌س پێت بزانێ خۆت بشاره‌وه‌ بزانه‌ چی رووده‌دات؟!

ئاغا به‌گوێی میرزای راوێژكاری ده‌كات و شه‌وێ به‌وجۆره‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و پێی گوتبوو، كیسه‌ لیره‌ له‌به‌ر ده‌م قاپیه‌كه‌یان دا ده‌نێ بێ ئه‌وه‌ی كه‌س پێی بزانێ خۆی حه‌شارده‌دات تابزانێ چی روو ده‌دات؟!

كه‌ خزمه‌تكاره‌كه‌ له‌كاره‌كه‌ی دێته‌وه‌ گورج كیسه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرێ و كه‌ده‌بينێ لیره‌ی تیدایه‌ له‌خۆشیا وه‌ختبوو باڵ بگرێ.. و ده‌رواته‌ ژوور و ده‌ركا دا ده‌خات و بانگی ژن و منداڵه‌كانی ده‌لكات و به‌ هه‌ڵپه‌ڕكێ و چه‌پڵه‌ لێدان و پێكه‌نینه‌وه‌ پێیان ده‌لێ: خوا ده‌رووی لێكردووینه‌ته‌وه‌، خێرو به‌ره‌كه‌تی بۆ باراندووین!! پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك به‌خۆشی دا ده‌نیشن ژن و منداڵ ده‌رۆنه‌ سه‌ر جێگاو خه‌ویان لێ ده‌كه‌وێت.. پیاوه‌كه‌ خه‌وی لێ ناكه‌وێت، جار له‌دوای جار پاره‌كه‌ی له‌ناو كیسه‌كه‌ ده‌ر ده‌هێناو ده‌یژمارد، كه‌ ده‌یبینی 99 لیره‌يه‌و سه‌دی ته‌واو نییه‌ به‌ده‌نی گرژده‌بوو، خۆی به‌خۆی ده‌گوت: له‌وانه‌یه‌ هه‌ر سه‌د بووبێ ولیره‌كه‌ی تری له‌وناوه‌دا كه‌وتبێ بابڕۆم بۆی بگه‌ڕێم به‌ڵكو په‌یدای بكه‌م!! به‌رده‌وام ئه‌و ناوه‌ی بۆ ده‌گه‌ڕا تا ماندوو ده‌بوو.. ئینجا به‌خۆی ده‌گوت: كێشه‌ نیيه‌ ده‌بێ كار بكه‌م و هه‌وڵ بده‌م تا لیره‌كه‌ی تریشی بۆ په‌یدا بكه‌م و ببێ به‌سه‌د لیره‌ ته‌واوه‌كه‌.. هه‌ولێَێكی زۆری دا تا له‌په‌ناوه‌ كارێكی تر په‌یدا بكات جگه‌ له‌كاره‌كه‌ی خۆی..

شه‌وانه ‌كه‌ده‌رۆیشته‌ سه‌رجێ بۆئه‌وه‌ی بخه‌وێ داڵغه‌و خه‌یاڵات خه‌وی لێ ده‌زڕاند،و له‌ئه‌نجاما دره‌نگێك خه‌وی لێ ده‌كه‌وت و به‌یانی دره‌نگ خه‌به‌ری ده‌بووه‌وه‌و له‌ ئیش و كاره‌كه‌ی دوا ده‌كه‌وت، ئه‌ميش به‌رده‌بووه‌ گيانی خێزانه‌كه‌ی خۆی به‌جنێودان ونه‌فرینكردنیان!! ئه‌و خێزانه‌ی كه‌جاران به‌وپه‌ڕی سۆزو خۆشه‌ویستییه‌وه‌ چاودێری ده‌كردن!!‌ ئه‌و منداڵانه‌ی كاتێ ده‌چووه‌ ده‌ر یه‌ك به‌یه‌ك باوه‌شی پیاده‌كردن و ماچی ده‌كردن و یاری له‌ته‌كا ده‌كردن، ده‌ينه‌ڕاند به‌سه‌ریانداو لێیان تووڕه‌ ده‌بوو، مۆڕه‌كه‌ی له‌ ژنه‌كه‌ی ده‌كرده‌وه‌، به‌و حا‌ڵه‌ته‌ ده‌روونيی و ماندووییه‌وه‌ ده‌رۆیشت بۆ سه‌ر كار، له‌ملایشه‌وه‌ شه‌وانه‌ دره‌نگێك ده‌خه‌وت به‌ڵكوو ئه‌و لێره‌یه‌ش په‌یدا بكات وبيانكات به‌سه‌د؟!

خۆشه‌ویستی و پێكه‌نین له‌ناوماڵدا نه‌ما ماچكردن و له‌باوه‌ش كردنی منداڵان نه‌ما، كاتێ ده‌ڕۆیشته‌ سه‌ركاره‌كه‌ی وه‌ك جاران چوست و چالاك نه‌بوو، بییركردنه‌وه‌ی زۆر و كه‌م خه‌وی په‌كی خستبوو، ئه‌و ئاوازه‌ خۆشه‌ی جاران ده‌یچریكان نه‌ماو ون بوو، له‌جیاتی ئه‌وانه‌ مۆنی وماندوویی و داڵغه‌ی زۆری بۆ دروستبوو، ده‌یویست كاری زۆرتر بكات تا بتوانێ لیره‌كانی بكاته‌ سه‌دی ته‌واو..

ئاغا ئه‌وه‌ی به‌چاوی خۆی بینییبووی به‌وپه‌ڕی سه‌رسامییه‌وه‌ بۆ راوێژكاره‌كه‌ی گێڕایه‌وه‌ و گوتی: من پێم وابوو ئه‌و هه‌ژارانه‌ به‌وه‌ده‌ستكه وتنی ئه‌و سامانه‌ زۆره‌ زیاتر دلخۆش و كامه‌ران ده‌بن، و ده‌ست به‌كڕینی خانووی خۆشتر و نوێنی تازه‌ تر و خواردنی باشتر ده‌كه‌ن، به‌لام شتێكی له‌وبابه‌ته‌ رووی نه‌دا..!!

راوێژكاره‌كه گوتی: قوربان! ئه‌و خزمه‌تكاره‌ له‌سه‌ر ئه‌وحاڵه‌تی هه‌ژارییه‌ پێ گه‌یشتووه‌و راهاتووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ خۆی وخێزانه‌كه‌ی به‌كه‌م قه‌ناعه‌تيان كردووه‌،و خۆیشیان به‌ دڵخۆش و به‌خته‌وه‌ر زانیوه‌، وحاڵێان باش بووه‌، به‌تایبه‌ت ژن و مێرده‌كه‌ له‌یه‌كتر رازی بوون، شتێك له‌ژیاندا نه‌بوه‌ته‌ كێشه‌ بۆیان، خه‌وتوون و نانی وشكیان خواردووه‌، وله‌سه‌ری راهاتوون، زیاد له‌مانه‌ش خانووه‌یه‌كیان بووه‌ تیایا بحه‌وێنه‌وه‌، كابرا به‌خێزانه‌كه‌ی به‌خته‌وه‌ربووه‌و ئه‌وانیش به‌و به‌خته‌وه‌ر.. به‌ڵام كاتێ له‌ناكاودا ئه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ رووی تێكردن و له‌هه‌وڵی ته‌واوكردنی ژماره‌كه‌دا بوون،و به‌ته‌مای زیاتر بوون، چونكه‌ سروشتی ئاده‌میزاد وایه‌ ئه‌گه‌ر ناكاو ژێوارییه‌كی بۆ هات و ده‌وڵه‌مه‌ندبوو قه‌ناعه‌ت ناكات به‌وه‌ی هه‌یه‌تی، هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه‌تی به‌شی تامردنی و زیاتریشی بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ر به‌شوێن په‌یداكردنی زۆرتر و زۆرترا ده‌گه‌ڕێ..

ئاغا رووده‌كاته‌ راوێژكاره‌كه‌ی و ده‌لێ: ميرزا! ئه‌وی راستی بێ من له‌م رووداوه‌وه‌ په‌ندێكی گه‌وره‌م بۆخۆم وه‌رگرت، و بڕیارم دا ئيتر له‌مه‌ولا رێز له‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ بگرم كه‌ خوا پێی به‌خشیوم ‌و سوپاسی خوایان له‌سه‌ر بكه‌م و نه‌كه‌ومه‌ شوێن سه‌راب.. چونكه‌ چه‌ند به‌شوێنیا رابكه‌م پێی ناگه‌م..

خوێنه‌رانی به‌رێز! ده‌زانی ئه‌م ده‌رسه‌ی ئاغا فێری بوو له‌سه‌ر حسابی به‌خته‌وه‌ری خێزانێك و نه‌مانی خۆشی و كامه‌رانییان بوو.

به‌رێزان! خۆشه‌ مرۆڤ هه‌وڵ بۆ باشتركردنی ژیانی خۆی و خێزانه‌كه‌ی بدات، و هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵدا بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاتاجی خه‌ڵكی نه‌بێت و ده‌ست له‌كه‌س پان نه‌كاته‌وه‌، و هه‌میشه‌ فه‌رمووده‌كه‌ی پێغه‌ممه‌ر ێ ی له‌یادبێ كه‌ ده‌فه‌رموێ: ده‌ستی بالا له‌ ده‌ستی نه‌وی باشتره‌..

به‌لام ئه‌م هه‌وڵدانه‌ی بۆ ئه‌وه‌ نه‌بێ ببێته‌ كۆیله‌ی پاره‌كه‌ی.. پاره‌و سامان بۆ ئه‌وه‌یه‌ خزمه‌تگوزاری مرۆڤ بێت نه‌ك خاوه‌نه‌كه‌ی ببێته‌ خزمه‌ت گوزاری.. ئه‌و سامانه‌ی سوودی بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی نه‌بێ و سوودی بۆ منداڵ و خێزانه‌كه‌ی و خزمان و ده‌ورو به‌ری نه‌بێ، نه‌بونی زۆر چاتره‌ تابوونی.. چونكه‌ له‌بوونه‌كه‌یا به‌وجۆره‌ جگه‌ له‌وه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی دبێته‌ حه‌ره‌سێكی ده‌م دورواوی له‌دنیادا، له‌قیامه‌تیشا سزاوئازارده‌درێ له‌سه‌ری و ده‌كرێ به‌ئاگرو پێی داخ ده‌كرێ هه‌روه‌ك قورئان بۆمان باس ده‌كات، و ده‌فه‌رموێ" وَالَّذِينَ يَكْنِزُونَ الذَّهَبَ وَالْفِضَّةَ وَلَا يُنْفِقُونَهَا فِي سَبِيلِ اللَّهِ فَبَشِّرْهُمْ بِعَذَابٍ أَلِيمٍ ێوْمَ یُحْمَى عَڵیْهَا فِی نَارِ جَهَنَّمَ فَتُكْوَى بِهَا جِبَاهُهُمْ وَجُنُوبُهُمْ وَظُهُورُهُمْ هَذَا مَا كَنَزْتُمْ لِأَنْفُسِكُمْ فَذُوقُوا مَا كُنْتُمْ تَكْنِزُونَ "التوبه‌/ 34و 35. واته‌: ئه‌وانه‌ی زێڕ و زیو خه‌زن ده‌كه‌ن و له‌رێی خوادا خه‌رجی ناكه‌ن مژده‌ی سزایه‌كی به‌سوێیان بده‌رێ، له‌ڕۆژێكداله‌ ناوئاگری جه‌هه‌ننه‌مدا سوور ده‌كرێته‌وه‌و ناوچاو و ته‌نیشت و پشتیانی پێ داخ ده‌كرێت ‌وپێیان ده‌گوترێ: ئه‌مه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ كه‌ كۆتان ده‌كرده‌وه‌و خه‌زنتان ده‌كرد.. ئه‌وته‌ نه‌خۆتان و نه‌ماڵ و نه‌منداڵ و نه‌خزمان كه‌س سوودی لێ وه‌ر نه‌گرت، ده‌تامی ئه‌وه‌ بچێژن كه‌بۆ خۆتانتان خه‌زن كردبوو ..

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)