بۆ ئه‌وانه‌ى تازه‌ ده‌چنه‌ ژیانى هاوسه‌رییه‌وه

بۆ ئه‌وانه‌ى تازه‌ ده‌چنه‌ ژیانى هاوسه‌رییه‌وه

 

په‌یوه‌ندی نێوان ژن وپیاو به‌هێزتر و خۆشترین په‌یوه‌ندیه‌ له‌نێوان سه‌رجه‌م دروستكراوه‌كاندا،خۆشه‌ویستی ئه‌و دوانه‌ش خۆشه‌ویستیه‌كی جوان و پاكه‌، ژن وپیاو به‌ده‌ست خۆیانه‌ گه‌ر بیانه‌وێ ژیانیان ئاوه‌دان و گوڵباران بكه‌ن یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.

 

وه‌ك ده‌بینین كاتێ كوڕ و كچێك ده‌یانه‌وێ خێزان پێك بهێنن و ماوه‌یه‌ك به‌ ده‌زگیرانداری ده‌گوزه‌رێنن بۆ ژیانی داهاتویان كۆمه‌ڵه‌ ئامانجێكیان هه‌یه‌ و زۆر جار به‌ شێوازێكی ناوازه‌و میسالی بۆ ئه‌و ژیانه‌ی چاوه‌رێیانه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌ن ، ئه‌م‌ تێڕوانینه‌ش له‌وانه‌یه‌ زیاترهۆیه‌كه‌ی ئه‌وه‌بێت كه‌ئه‌وان یه‌كه‌م مه‌نزڵی ژیانیان جێده‌هێڵن و به‌ره‌و زێدێكی نوێ و هێلانه‌یه‌كی نوێ ده‌چن ، به‌ خه‌یاڵی خۆیان پڕه‌ له‌ خه‌ونی ئه‌رخه‌وانی و ئاوات و خۆزگه‌ .

 

بۆیه‌ زۆر جار به‌بێ بیركردنه‌وه‌و خۆئاماده‌كردن بۆ هه‌موو پێشهات و خۆشی و ناخۆشیه‌كانی ئه‌و ژیانه‌ نوێیه‌ هه‌نگاو ده‌نێن.

 

ئاشكرایه‌ ساڵه‌كانى سه‌ره‌تاى هاوسه‌رگیرى هه‌نگاوى یه‌كه‌مى به‌رده‌وامى ژیانى خێزانداری دیارى ده‌كات بۆ ساڵانى داهاتووى ئه‌و خێزانه‌.

 

كه‌ئه‌مه‌ش پشت به‌سته‌ به‌ وكردارو ره‌فتارانه‌ى ڕۆژانه‌ هاوسه‌ره‌ تازه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌یكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى كتوپڕ تووشى ئه‌و حاڵه‌ته‌ نه‌بن ، كه‌وا بكات زۆرێك له‌كارو كرده‌وه‌كان تێك بچن ،پێویسته‌ له‌سه‌ره‌تاى ژیانى هاوسه‌رداریدا وریا بن و نه‌كه‌ونه‌ ناو چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌ك به‌بێ مه‌به‌ست، و پاشان ئه‌م هه‌ڵانه‌ درێژه‌ بكێشن و ڕابێن له‌سه‌رى به‌شێوه‌یه‌ك ببێته‌ هه‌ڵسوكه‌وتى ژیانى رۆژانه‌ بۆیان و خه‌ونی خۆش و ئه‌رخه‌وانی ژیانیان لێ ببێته‌ دۆزه‌خ.

 

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ و له‌ پێناوی ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر و خۆشگوزه‌راندا ، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تازه‌ ده‌چنه‌ ژیانی هاوسه‌ریه‌وه‌ چه‌ند خاڵێكی گرنگ هه‌یه‌ پێویسته‌ ئاگاداری بن و لێى دوربكه‌ونه‌وه‌ تا نه‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ و نه‌بێته‌ هۆی روخانی هێلانه‌ی ژیانیان له‌وانه‌:

 

1- خۆ تێهه‌ڵقورتانى به‌رده‌وام:

 

له‌پاش كاتى ده‌ست گیرانى و له‌گه‌ڵ ڕۆژگاره‌كانى سه‌ره‌تاى هاوسه‌رگیرى بوكێ و زاوا هه‌موو زانیاریه‌كى ووردو گرنگی تایبه‌ت به‌ خێزانداری له ‌ئه‌وله‌ویه‌تى به‌ڵگه‌و گرنگى پێدانیاندایه‌، بەڵام له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونى كات گۆڕه‌پانى سه‌ربه‌ستى بچوك ده‌بێـته‌وه‌و لێره‌وه‌ كێشه‌ى حه‌قیقى ده‌ست پێده‌كات ئه‌و نازه‌نینیه‌ى له‌كاتى ده‌زگیرانیدا هه‌بوه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێكیانه‌وه‌ قبوڵ ناكرێ، بۆیه‌ تایبه‌تمه‌ندێتى له‌سنورێكى رێگه‌پێدراودا كارێكى دروستو پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ى هاوبه‌شى و شه‌راكه‌تى نه‌بێته‌ كارى پرسیارو وه‌ڵام و ژیانیان نه‌بێته‌ پیشه‌ى دادوه‌رى وهه‌ندێ جار بۆنى سجنى لێ بێت.

 

2- ره‌خنه‌ى به‌رده‌وام:

 

وه‌ك له‌پێشه‌وه‌ ئاماژه‌م پێ كرد له‌گه‌ڵ تێه‌پوڕبوونى كات ئه‌و وێنا میسالیه‌ى كه‌ ژنو مێرد له‌مێشكیاندا نه‌خشه‌یان كێشاوه‌ هه‌ریه‌كه‌و به‌رامبه‌ر ئه‌وى دى هه‌یه‌تی كاڵ ده‌بێته‌وه‌ ، ئه‌وكات ئه‌گه‌ر به‌ناواقیعى بۆ ژیانى هاوسه‌رێتان ڕوانى بێت هیچ كام له‌وان هه‌ڵه‌ى ئه‌وى ترى پێ قبوڵ ناكرێ، و وورده‌وورده‌ یه‌كێكیان به‌دواى نه‌نگیى شه‌ریكه‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێ.

 

بۆنمونه‌ : زۆر كه‌س هه‌یه‌ له‌كاتى ڕوودانى كێشه‌وگرفته‌كاندا زۆر ده‌نگ به‌رزده‌كاتو وه‌یان وشه‌ى زیاده‌ و نه‌گونجاو ده‌ڵێت یان هه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتێكى ترى له‌راده‌ ده‌رچو ده‌نوێنێ، به‌شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندى ڕێزو متمانه‌ى نێوانیان له‌یاد ده‌كات كه‌له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆى برینداریى درێژخایه‌ن، و به‌رده‌وام گرێیه‌ك دروست ده‌كات له‌سه‌ ردڵى به‌رامبه‌ره‌كه‌ى....بۆیه‌ پێویسته‌ هاوسه‌ران له‌سه‌ره‌تاى پێكه‌وه‌نانى ژیانى خێزانیه‌وه‌ خۆیان رابهێنن به‌زاڵ بوون به‌سه‌ر هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وتیاندا له‌كاتى توڕه‌بوون دا، بۆ ئه‌مه‌ش واباشه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌یتوانى زاڵ بێت به‌سه‌ر توڕه‌بوونه‌كه‌یدا، ئه‌و شوێنه‌ جێ بهێڵێت بۆ ماوه‌یه‌ك سه‌عاتێك یان زیاتر بۆ ئه‌وه‌ى هێور بێـته‌وه‌و كۆنتڕۆڵى توڕه‌بونه‌كه‌ى بكات.

 

3- به‌سه‌ربردنى زۆربه‌ى كاته‌كانى دوور له‌یه‌كتر:

 

یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانى دروست بونى كێشه‌ به‌سه‌ر بردنى كاته‌كانى هاوسه‌رانه‌ دوور له‌یه‌ك، به‌تایبه‌تى ئه‌و پیاوانه‌ى زۆربه‌ى كاته‌كانیان له‌ده‌ره‌وه‌ى ماڵ و له‌ ئیش و كار ده‌گوزه‌رێنن ئه‌مه‌ش ماناى ئه‌وه‌نیه‌ كه‌پیاوان واز له‌ ئیش و كار و پێداویستى یه‌كانى ڕۆژانه‌یان بهێنن، و بچنه‌ ماڵه‌وه‌ دانیشن له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یاندا، به‌ڵكو پێویسته‌ بۆ هه‌موو شتێ كات وساتى خۆى هه‌بێت ئیشو كار كاتى خۆى هه‌یه‌و به‌سه‌ربردنى كات له‌گه‌ڵ هاوڕێ و براده‌رانیش به‌هه‌مان شێوه‌ كاتى خۆى ده‌وێ

 

ژیانى خێزانى جیاوازه‌وه‌ له‌كاته‌كانى رابردوو وته‌نهایى و ره‌به‌نی،

 

بۆیه‌ پێویسته‌ هاوسه‌ران ئه‌وه‌نده‌ ماف به‌خۆیان بده‌ن كاتى باشیان هه‌بێت بۆ دانیشتنوگفتوگۆو پێكه‌وه‌ ژیان، چونكه‌ به‌ڕاستى به‌سه‌ربردنى زۆرینه‌ى كات له‌ده‌ره‌وه‌ه‌ى ماڵ و دوورله‌یه‌كتر ژیانى خێزانى ده‌ڕوخێنێ.

 

4- ده‌ست تێوه‌ردانى كه‌س وكار:

 

یه‌كێك له‌وهۆیانه‌ی كه‌ ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی ژیانى خێزانى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌وروبه‌ر و كه‌سوكار به‌نهێنى و ورده‌كاریه‌كانى نێوان هاوسه‌ران بزانن و ده‌ست بخه‌نه‌ ناو هه‌موو كارو بارێكی ژیانیانه‌وه‌.

 

ماڵه‌ باوان و خه‌زوران و كه‌سوكار رێزی تایبه‌تیان هه‌یه‌و بونى په‌یوه‌ندى و تێكه‌ڵى له‌گه‌ڵیان پێویسته‌و شتێكى باشه‌ ، به‌ڵام نابێت ئه‌وان به‌هه‌موو ورده‌كاریه‌كانی نێوان (كوڕ و بوكه‌كه‌یان یان كچ و زاواكه‌یان) بزانن ته‌نانه‌ت كاتى ڕوودانى هه‌ركێشه‌یه‌كیش وا باشتره‌ ژن و پیاو خۆیان رابهێنن كێشه‌كانیان نه‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ و خۆیان چاره‌سه‌رى بكه‌ن، مه‌گه‌ر له‌حاڵه‌تى خوانه‌خواسته‌ زۆر ئاڵۆزدا پێویستیان به‌ڕاوێژكردن هه‌بێت به‌كه‌سێكى به‌ئه‌زمونو شاره‌زا بۆ دۆزینه‌وه‌ى ڕێگا چاره‌یه‌ك.

 

هه‌موو ئه‌وه‌ ده‌زانین كاتێك ژنوپیاو كێشه‌یه‌كیان ده‌بێت له‌دوای ماوه‌یه‌ك له‌یه‌كتر ده‌بورێنو ئاشت ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان ئاگادارى كێشه‌كه‌یان بن ئه‌وا تا ماوه‌یه‌كى درێژ له‌بیریاندا ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ئاسانی ناسڕێته‌وه‌ له‌ مێشكیاندا.

 

5- له‌بیركردنى هه‌ندێ ووشه‌ى گرنگ:

 

خۆشم ئه‌وێى، سڵاوت لێبێت و به‌یانیت باش، بیرم ئه‌كردى، خۆشه‌ویسته‌كه‌م،به‌بێ تۆ ناژیم و... هتد.

 

ئه‌مانه‌ ده‌سته‌واژه‌ گه‌لێكن كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی ئاسوده‌یی نێوان ژن و پیاو ،

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێ كه‌س كه‌ ده‌چنه‌ ژیانى هاوسه‌رىو ماوه‌یه‌ك تێده‌په‌ڕێنن ئه‌م وشانه‌ به‌لایانه‌وه‌ به‌هایه‌كیان نامێنێو به‌شتێكى لابه‌لایى وبچوكى ده‌زانن كه‌له‌راستیدا وتن ودووباره‌ كردنه‌وه‌یان زۆر گرنگه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك ده‌ڕبڕینى ئه‌مانه‌ی پێ زه‌حمه‌ت و قورسه‌، به‌لام له‌گه‌ڵ قورسى و ماندووبونه‌كانى ژیاندا وتنى ئه‌م ووشانه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتر له‌لایه‌ن هاوسه‌رانه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى ئارامى و حه‌وانه‌وه‌ له‌ئامێزێكى گه‌رمى ڕۆمانسى و خۆشبه‌ختیدا.

 

بۆیه‌ ده‌ڕبڕینى ئه‌م ووشانه‌ به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر پێویسته‌ بۆ درێژه‌دان به‌ ژیانێكی پڕ له‌خۆشه‌ویستی، به‌تایبه‌تى له‌بۆنه‌كانى وه‌ك جه‌ژنه‌كان ویادى له‌دایك بوونو یادى ڕۆژى هاوسه‌رگیری و.....

ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن ئه‌وا هه‌نگ ئاسا له‌یه‌ك كاتدا ده‌توانن شیله‌ی گوڵان بمژن و هه‌نگوین ببه‌خشن.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)