وەڵامی بۆچوون بدەوە

عیرفانی حەزرەتى مەولەوى

نووسەر: 
سیروان فریدون
عیرفانی حەزرەتى مەولەوى

بە داخەوە چەند ئەدیب و نووسەرێکى کورد پێداگرى لە سەر ئەوە دەکەن کە مەولاناى کورد حەزرەتى مەولەوى شاعیرێکى عیرفانى نەبووە ، ئەڵبەتە تاوتوێکردنی ئەم بابەتە زۆر درێژە دەکێشێ ، لێرەدا تەنیا چوارینەیەکى ئەم شاعیرە مەزنە دەخەینە روو و بە پێی توانا راڤەی دەکەین ، ئەوجا بڕیار بدەن کە ئایا حەزرەتى مەولەوى شاعیرێکى عیرفانى بووە یان نا...

حەزرەتى مەولەوى دەفەرمێ :

تـــا تەوانـــام بـی شـــەو بێــــداریم کەرد

پــــەرێ نۆشــــاى جام بـێ قەراریم کەرد

وێت واتــــەن هــەرکـەس شەوان بێدار بۆ

مشێو مەست زەوق بـــادەى مەی خار بۆ.

تا تەوانام بی : تا توانام بوو.

نۆشاى جام : نۆشینى جام.

وێت واتەن : خۆت وتووتە.

مشێو : دەشێ ، دەبێ.

حەزرەتى مەولەوى لەم چوارینەیەدا روو دەکاتە ئاستانەى خواى گەورە و بە پاڕانەوە و بەوپەڕى خشوعەوە پێی دەڵێ : تا جوان بووم و هێز و توانام تێدا بوو شەونخوونیم چێژت و خەریکى زیکر و فیکرى تۆ بووم بە خەیاڵى گەیشتن بە دیدارى زاتى پاکت کە ئەویش خۆى لە نۆشینى جامێک لە شەرابى یەکڕەنگى خودایی دەبینێتەوە و بۆ نۆشینى ئەو جامەش پەلەم بوو و قەرارم لێ بڕا ، ئەى خواى گەورە خۆت فەرمووتە هەرکەسێک بە زیکر و فیکرى منەوە شەوان بێدار بێ و شەونخوونى بچێژێ ئەوا پاداشتى دەدەمەوە بەوەى لە بادەى یەکڕەنگى وەحدەت دا سەرخۆشى دەکەم و بەوەش دەگاتە دیدارم و لە کۆت و بەندى ئەم دنیا فانییە رزگارى دەبێت و بەرەو بەقا دەڕوات (بەقاى پاش فەنا).

ئەم لێکدانەوەیە بە پێی بنەما عیرفانییەکانە ، واتە لێکدانەوەیەکى عیرفانیە ، لە ئەدەبی عیرفانى دا شەراب و مەى و بادە و ساقى و مەستى و سەرخۆشى ... تاد ماناى تر دەبەخشن دوور لە مانا زاهرییەکەیان ، ئەگەر بەم شێوە عیرفانییە ئەم چوارینەیە لێکبدەینەوە ئەوا بە روونى دیارە کە حەزرەتى مەولەوى شاعیرێکى عیرفانى بووە و لە عیرفان دا گەیشتۆتە ئەو مەقامە کە راستەوخۆ و بێ پەنابردنە بەر پیرەکەى روو لە دەرگاى خواى گەورە بکات و داواى پاداشت بکات کە ئەمەش لە تەصەوف و عیرفان دا پلەیەکى بەرزە و دواى بڕینى چەندین قۆناغ ئەوجا پێی دەگەیت ، ئەگەر بەم لێکدانەوەیەش رازى نەبین ، ئەوا دەبێ ئەو چوارینەیە وەکو هەیە لێکى بدەینەوە و ئەو سەرخۆشى و بادەیە بە بادەى نێو مەیخانەکان لە قەڵەم بدەین و حەزرەتى مەولەویش بە کەسێکى سەرخۆشى بێهۆش دابنێین کە ئەمەش دوورە لە ئاکار و ئەخلاقى حەزرەتى مەولەوییەوە ، هەموومان دەزانین کە حەزرەتى مەولەوى زانایەکى ئایینى بووە و چەندین دانراوى شیعریی ئایینى هەیە.

بۆیە بەندە پێم وایە تەنیا ئەم چوارینەیە بەسە بۆ سەلماندنى ئەوەى کە حەزرەتى مەولەوى شاعیرێکى عیرفانى بووە و شایەنى ئەوەیە هاوشێوەى خواجە حافزى شیرازى لێکدانەوەیەکى عیرفانییانەى سەرتاسەرى بۆ تەواوى شیعرەکانى بکەین لە دوو تۆى چەندین بەرگە کتێب دا.

ده‌نگێ نه‌دراوه

وه‌ڵام بدەوە

ناوه‌رۆکی ئه‌م به‌شه‌ شه‌خسیه‌و به‌شێوه‌ی گشتی پێشان نادرێت.
3 + 3 =
Solve this simple math problem and enter the result. E.g. for 1+3, enter 4.