وەڵامی بۆچوون بدەوە

زانای به‌ناوبانگی کورد ئیبن خه‌له‌کان

زانای به‌ناوبانگی کورد ئیبن خه‌له‌کان

ه‌ ئیبن خه‌له‌کان نازناوی زانای به‌ناوبانگی کورد "ئه‌حمه‌دی کوڕی محمدی کوڕی ئیبراهیمی کوڕی ئه‌بوبه‌کری کوڕی خه‌له‌کانی به‌رمه‌کی"ه‌ که‌ به‌ بنه‌چه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر مالکی کوڕی جه‌عفه‌ری کوڕی یه‌حیای کوڕی به‌رمه‌کی سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌ی به‌رمه‌کییه‌کانه‌. له‌ ساڵی (608)ێ كۆچێ كه‌ ده‌کاته‌ ساڵی (1211)ی زاینی له‌ شاری هه‌ولێری ئێستا له‌دایک بووه‌ و، له‌ ساڵی (1282)ی زاینی له‌ دیمه‌شق وه‌فاتی کردووه‌. سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی به‌رمه‌کییه‌کان ده‌ڵێن ڕاست ناکات. بۆیه‌ ڕۆژێک خۆی له‌ هاوڕێکانی ده‌پرسێ که‌ ئایا خه‌ڵکی دیمه‌شق سه‌باره‌ت به‌وه‌ چی ده‌ڵێن. ئه‌وانیش له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێن: له‌وه‌دا به‌ درۆزنت ده‌زانن و ، ئه‌ویش ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر درۆم بکردایه‌ ده‌مووت که‌ من ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر عه‌باس ، یان عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب ، یان یه‌کێک له‌ یاوه‌ران. درۆی گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک که‌ فارس بوون و هیچ ئاسه‌وارێکیشیان نه‌ماوه‌ سودی چییه‌؟

"شه‌ره‌فه‌ددینی کوڕی مسته‌وفی"ی خاوه‌نی کتێبی "مێژووی ئه‌ربیل" بنه‌چه‌ی ئیبن خه‌له‌کان ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر به‌رمه‌کییه‌کان. ئیبن خه‌له‌کان لای کوڕه‌که‌ی خۆی "موسا" وتوویه‌تی که‌ ئه‌و سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی کورده‌ و ناویان "زه‌رزاری" بووه‌. واته‌: به‌چکه‌ی گورگ.

دوکتۆر ئه‌حمه‌د خه‌لیل ده‌ڵێ: کاتێک ده‌گه‌ڕام به‌ دوای مێژووی کورد دا بۆم ده‌رکه‌وت که‌ توێژه‌ره‌وه‌ی ئینگلیزی "ویلیام ئێگلتون" له‌ دوو جێی کتێبه‌که‌یدا "ده‌روازه‌یه‌ک به‌ ڕووی فه‌رشی کورد و چنراوه‌کانی تریاندا" ئاماژه‌ی بۆ خێڵی "زه‌رزار" کردووه‌. ئه‌و کتێبه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی له‌ ساڵی (1988) له‌ به‌ریتانیا ده‌رچووه‌. ئه‌و توێژه‌ره‌وه‌یه‌ کاتێک باسی خێڵه‌کانی کوردی نیشته‌جێی ڕۆژئاوای ئازربایجانی کردووه‌ ، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌و خێڵه‌ش کردووه‌.

بۆ ئه‌وه‌ی که‌ خێڵێکی کورد نیشته‌جێی ناوچه‌یه‌ک بێت و له‌ ناوچه‌یه‌کی تر بوونی هه‌بێت ، ئه‌وه‌ شتێکی سروشتییه‌ ، چونکه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا شتی وا ده‌بێت هه‌روه‌ک چۆن خێڵه‌کانی قه‌یس و شه‌مه‌ر که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا دانیشتووی نیوه‌دورگه‌ی عه‌ره‌ب بوون و بوونیان له‌ عێراق و شامیش هه‌یه‌. ئیبن خه‌له‌کانیش بنه‌چه‌ی خۆی بردۆته‌وه‌ سه‌ر به‌رمه‌کی و خێڵی زه‌رزار.

ئیبن خه‌له‌کان که‌ دوو کاری گرنگی له‌ خۆیدا کۆکردۆته‌وه‌ ، یه‌کێکیان دادوه‌ری و ئه‌وی تریان مێژوو نووس ، شتێکی نه‌شیاوه‌ که‌ بنه‌چه‌ی خۆی نه‌نووسێت. بۆ ئه‌وه‌ش که‌ خۆی فارسه‌کانی به‌ فورسی مه‌جوس ناوبردووه‌ ئه‌وه‌ له‌سه‌ر زمانی ڕه‌شه‌ خه‌ڵکه‌وه‌ بووه‌ و ، له‌ناو خه‌ڵکدا وایان پێوتوون. خه‌ڵکی ئه‌وه‌یان زانیوه‌ که‌ به‌رمه‌کییه‌کان فارس بوون و فارسیش له‌ پێش ئیسلامدا ئاگر په‌رست بوون.

هۆکاری تێکه‌ڵ بوونی ناوی کورد به‌ فارس و عه‌جه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ کورد پێش هاتنی ئیسلام بۆ ناوچه‌کانیان سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی ساسانی فارس بوون و ، بردنه‌وه‌یان بۆ سه‌ر ساسانییه‌کان مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی بووه‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌ بنه‌چه‌ی نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه‌ نه‌بووه‌. له‌ سه‌ده‌ی شه‌شه‌می زاینیدا ده‌وڵه‌تی "ئه‌خمینییه‌کان" ، که‌ فارس بوون ، نازناوی "پاشای میدی" و ناوی پاشاکانی میدیایان له‌ پاشاکانی خۆیان ده‌نا ، له‌وانه‌: کۆڕشی دووه‌م و قه‌میزی کوڕی و دارای یه‌که‌می جێنشینی. میدیه‌کانیش پێش فارس ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌بووه‌ و فارس له‌ بن ڕکێفی ئه‌واندا بوون. (سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی سیاسی: لێره‌دا جێی خۆیه‌تی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بکه‌ین که‌ ئێستا قه‌یرانێکی گه‌وره‌ له‌ سه‌ر سروودی "ئه‌ی ڕه‌قیب" هه‌یه‌ که‌ تیایدا شاعیر بنه‌چه‌ی کورد ده‌باته‌وه‌ بۆ سه‌ر میدیا و که‌ی خوسره‌و و ، گه‌لێک له‌ خه‌ڵکی کورد پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ ڕاست نییه‌ و ، که‌ی خوسره‌و فارس بووه‌).

باکگراوندی زانستیی ئیبن خه‌له‌کان

ئیبن خه‌له‌کان له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی ناسراوی مه‌یدانی دینداری و زانستی دینی بووه‌. "شه‌هابه‌ددین محمد"ی باوکی بۆ فیربوونی زانست چۆته‌ شام و میسر و عێراق و ، له‌ شاری موسڵ و به‌غداد وانه‌ی فیقهی خوێندووه‌. یه‌کێک له‌ هاوڕێکانی ناوی عیزه‌دین بووه‌ که‌ به‌ "ئیبن ئه‌سیر" ناسراو بووه‌. هه‌روه‌ها هاوڕێی "ئیبن شه‌داد"ی قازی بووه‌. باوکی ئیبن خه‌له‌کان دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌کی زۆر له‌ موسڵ ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌گوێزێته‌وه‌ بۆ شاری ئه‌ربیل و له‌وێ لای حاکمی ئه‌ربیل "موزه‌فه‌ره‌ددین"ی مێردی خوشکه‌که‌ی سه‌لاحه‌ددینی ئه‌یوبی ڕێزێکی تایبه‌تی ده‌بێت و ده‌کرێته‌ مامۆستا له‌ قوتابخانه‌ی "موزه‌فه‌رییه‌" و ، له‌ بواری فه‌توادا ناوبانگ ده‌رده‌کات.

ئیبن خه‌له‌کان کوڕه‌ بچکۆله‌ی شه‌هابه‌ددین بووه‌ و له‌ ساڵی (608)ی کۆچیدا له‌دایک بووه‌. ته‌مه‌نی دوو ساڵان بووه‌ که‌ باوکی وه‌فاتی کردووه‌. شه‌هابه‌ددین حه‌زی کردووه‌ ئه‌م کوڕه‌ی ڕێگای زانستی دینی بگرێ. ئه‌ویش ئاواته‌که‌ی باوکی هێناوه‌ته‌دی و بڕوانامه‌ی زانستی له‌ گه‌وره‌ زاناکانی سه‌رده‌می خۆی وه‌رگرتووه‌. ئیبن خه‌له‌کان له‌ قوتابخانه‌ی موزه‌فه‌رییه‌ ده‌ستی کردووه‌ به‌ خوێندن و له‌ مه‌جلیسی زانای به‌ناوبانگ "ئه‌بولبه‌ره‌کات"ی ناسراو به‌ "ئیبن مسته‌وفی" دانیشتووه‌. له‌ ساڵی (621)ی کۆچیدا سه‌حیحی بوخاری لای زانای به‌ناوبانگ "عه‌لی کوڕی ئه‌بی جه‌عفه‌ر محمدی کوڕی هیبه‌توڵا الموکه‌ڕه‌م السوفی به‌غدادی خوێندووه‌.

ئیبن خه‌له‌کان هێشتا ته‌مه‌نی (18) ساڵی پڕ نه‌کردۆته‌وه‌ که‌ ئه‌ربیلی به‌جێ هێشتووه‌ و ، بۆ زیاتر خوێندن ڕووی له‌ جێیه‌کانی تر کردووه‌. له‌ گه‌ڵ خۆی براکه‌یی و چه‌ند کتێبێکی بردووه‌ و به‌نیاز نه‌بووه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌ربیل. سه‌ره‌تا له‌ شاری موسڵ گیرساوه‌ته‌وه‌ و له‌وێ له‌سه‌ر ده‌ستی که‌ماله‌ددین موسای کوڕی یونس وانه‌ی خوێندووه‌ و ، هێنده‌ هۆگری ئه‌و زانایه‌ بووه‌ و بۆی بۆته‌ سه‌رچاوه‌ی زانست که‌ بڕیاری داوه‌ ئه‌گه‌ر ژنی هێنا و کوڕێکی بوو ناوی بنێ یونس.

ئیبن خه‌له‌کان دوای موسڵ رووی کردۆته‌ حه‌ڕان و له‌وێشه‌وه‌ چۆته‌ شاری حه‌له‌ب و ، بوونی له‌ شاری حه‌له‌ب گونجاوترین هه‌ل بووه‌ بۆی ، چونکه‌ لای "به‌هاددینی کوڕی شه‌داد"ی قازی و ، "جه‌ماله‌ددین ئه‌بوبه‌کر ماهاتی"فه‌قیه‌ و ، "ئیبن خه‌باز"ی موسڵی و "مۆفه‌قه‌ددینی کوڕی یه‌عیش" وانه‌ی دینی خوێندووه‌. چاویشی به‌ مێژوونووسی به‌ناوبانگ "عیززه‌دین ئیبن ئه‌سیر"ی هاوڕیی باوکی که‌وتووه‌.

له‌ ساڵی (632) کۆچیدا ڕووی کردۆته‌ دیمه‌شق و ، له‌وێ ته‌فسیر و حه‌دیس و فقهی له‌ لای شێخ ئیبن سه‌لاحی شاره‌زووری کوردی خوێندووه‌ و ، دوای ئه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ حه‌له‌ب. وادیاره‌ نه‌یویستووه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌ربیل چونکه‌ له‌و کاته‌دا ته‌تار به‌سه‌ریدا کشاون و کاولیان کردووه‌. هه‌روه‌ها وا سه‌یری خۆی کردووه‌ که‌ هه‌ر پێویستی به‌ وه‌رگرتنی زانست ماوه‌ ، بۆیه‌ ڕووی کردۆته‌ میسر و ، له‌ ساڵی (636)ی کۆچیدا گه‌یشتۆته‌ شاری ئه‌سکه‌نده‌رییه‌.

ئیبن خه‌له‌کانی قازی

"به‌دره‌ددین السنجاری" قازی قازییه‌کانی میسر ده‌بێت و ئه‌ویش کورد بووه‌ و سه‌ر به‌ خێڵی "زه‌رزار"ی بووه‌. به‌درددینی سه‌رۆک قازییه‌کان ئیبن خه‌له‌کانی کردۆته‌ جێگری قازی میسر. کاتێکیش مه‌مالیکه‌کان گه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵات و شوێنی ئه‌یوبییه‌کانیان گرته‌وه‌ ئیبن خه‌له‌کان له‌سه‌رده‌می شا "زاهیر"دا بووه‌ قازی شام و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شامدا کشا.

ئیتر ئیبن خه‌له‌کان که‌وته‌ دانانی قازی و جێگر بۆ خۆی له‌ هه‌موو شاره‌کانی شامدا و ، چاودێری ئه‌وقاف و قوتابخانه‌کانی ده‌کرد و ، مه‌سه‌له‌ قه‌زاییه‌کانی یه‌کلا ده‌کرده‌وه‌. تا ساڵی (669)ی کۆچی له‌و پله‌یه‌دا مایه‌وه‌ و ، دوای ئه‌وه‌ لابرا. لابردنه‌که‌ی له‌به‌ر که‌مته‌رخه‌می نه‌بووه‌ ، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ به‌ ویستی شا "زاهیر" که‌ سه‌ردانی شامی کردووه‌ ، "عیزه‌ددین السایغ" له‌ جێی دانراوه‌ و ، عیزه‌ددین چاره‌ی ئیبن خه‌له‌کانی نه‌ویستووه‌.

ئیبن خه‌له‌کان چۆته‌وه‌ بۆ میسر و له‌وێ له‌ قوتابخانه‌ی "فه‌خرییه‌" بۆته‌ مامۆستا و ، دوای ئه‌وه‌ هه‌ژاری ڕووی تێکردووه‌ ، به‌ تایبه‌تی که‌ وه‌زیری میسر زۆر تینی بۆ هێناوه‌. به‌ڵام له‌ ساڵی (676)ی کۆچی به‌دواوه‌ بارودۆخی مه‌عیشه‌تی به‌ره‌و باشی گۆڕاوه‌ ، چونکه‌ جارێکی تر کاری له‌ دادگانی دیمه‌شقدا ده‌ست که‌وتووه‌. له‌و پله‌یه‌دا سێ ساڵ ماوه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ ئاژاوه‌ ده‌که‌وێته‌ ناو کوڕه‌کانی شا "زاهیر" که‌ پێشتر ناوی "پێرس" بووه‌ و ، ئاژاوه‌که‌ هه‌موو شام و میسر ده‌گرێته‌وه‌ و له‌ کۆتاییدا ده‌سه‌ڵات ده‌که‌وێته‌ ده‌ست چه‌رکه‌سییه‌کان و شا "مه‌نسور قه‌لاوون" ده‌بێته‌ فه‌رمانڕه‌وا. به‌ڵام ئیبن خه‌له‌کان حه‌زی له‌ چاره‌ی ئه‌و پاشایه‌ نه‌کردووه‌ و له‌ ده‌ستوپێوه‌ندی ئه‌و نه‌بووه‌. ئیبن خه‌له‌کان بۆ ماوه‌یه‌کی کورت گیراوه‌ و ، پاشا لێبوردنی بۆ ده‌رکردووه‌ و کاره‌که‌ی له‌ دادگای حه‌له‌ب وه‌رگرتۆته‌وه‌. به‌ڵام له‌ ساڵی (680)ی کۆچیدا جارێکی تر ئیبن خه‌له‌کان له‌ کاره‌که‌ی ده‌رکراوه‌ته‌وه‌. ئیبن خه‌له‌کان دوای ئه‌وه‌ بووه‌ به‌ مامۆستا له‌ قوتابخانه‌ی "نه‌جیبه‌" و قوتابخانه‌ی "ئه‌منییه‌" و ، تا کۆتایی ته‌مه‌نی به‌ مامۆستایی ماوه‌ته‌وه‌. ئیبن خه‌له‌کان له‌ (26/ڕه‌جه‌بی/681)ی کۆچیدا که‌ ده‌کاته‌ (1282)ی زاینی وه‌فاتی کردووه‌ و ، له‌ شاخی "قاسیون" له‌ شاری دیمه‌شق به‌ خاک سپێردراوه‌.

ئیبن خه‌له‌کانی زانا و مێژوو نووس

ئیبن خه‌له‌کان شاره‌زاییه‌کی زۆر باشی له‌ فقه و ئوسوڵ و زمانی عه‌ره‌بیدا هه‌بووه‌ و ، تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو شاره‌زای مه‌زهه‌بی شافیعی بووه‌ و ، له‌ فه‌تواکانیدا دیار بووه‌ که‌ به‌رده‌وام سه‌یری ئه‌و مه‌زهه‌به‌ی کردووه‌. ئیبن خه‌له‌کان هاوڕێی کتێب بووه‌ و پاره‌ و ماڵه‌که‌ی هه‌موو داوه‌ به‌ کتێب. له‌ سه‌ره‌تای ژیانیدا حه‌زی کردووه‌ ببێت به‌ شاعیر ، بۆیه‌ شیعرێکی زۆری داناوه‌ و ، له‌ ئاستی شاعیرانی وه‌ک "زوهه‌یر" و "ئیبن مه‌تروح" و "ئیبن الخیمی" و "جه‌زار"دا بووه‌. ته‌نانه‌ت دوای کارکردنیشی له‌ دادگا و قه‌زادا له‌ شیعر دوور نه‌که‌وتۆته‌وه‌ و هه‌ر گرنگی پێداوه‌. به‌وه‌ ناسراوه‌ که‌ شاره‌زاترین که‌س بووه‌ له‌ دیوانی "موته‌نه‌بی"دا و ، شیعره‌کانی موته‌نه‌بی زیاتر هانده‌ری بوون بۆ گرنگی دان به‌ ڕیزمانی عه‌ره‌بی و زمانه‌که‌ خۆشی.

ئیبن خه‌له‌کان خاوه‌نی ده‌موچاوێکی جوان و زمانێکی فه‌سیح بووه‌. کابرایه‌کی به‌رچاوته‌نگ نه‌بووه‌ و ، زۆر له‌ شاعیره‌کانی سه‌رده‌می خۆی به‌ باشی باسیان کردووه‌. هه‌میشه‌ ده‌ستگیرۆیی هه‌ژارانی کردووه‌ و ، کابرایه‌کی بیرمه‌ند و له‌سه‌رخۆ بووه‌. به‌ وقار بووه‌ و بۆ کاری قازێتی و دادگا لێوه‌شاوه‌ بووه‌. له‌ مه‌جلیسه‌کانیدا هه‌میشه‌ باسی زانست و ڕه‌وشتی به‌رز کراوه‌ و ، مرۆڤ به‌ ده‌ست خاڵی له‌ دانیشتنه‌کانیدا نه‌هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌.

جگه‌ له‌وانه‌ ئیبن خه‌له‌کان مێژوو نووس بووه‌ و خاوه‌نی کتێبی "وفیات الاعیان و انباء ابناء الزمان" بووه‌ که‌ له‌ ساڵی (672)ی کۆچیدا له‌ نووسینی بۆته‌وه‌ ، به‌ڵام تا ساڵی (680)ی کۆچی هه‌ر زانیاری بۆ زیاد کردووه‌. ئیبن خه‌له‌کان به‌نیاز بووه‌ کتێبێکی گه‌وره‌ی مێژوویی وه‌ک "الکامل فی التاریخ"ی ئیبن ئه‌سیری مامۆستای بنووسێت ، به‌ڵام کارکردنی له‌ دادگا و پله‌کانی قه‌زادا ئه‌و بواره‌ی بۆ نه‌کردۆته‌وه‌ و ، ئه‌وه‌نده‌ی پێی کراوه‌ ته‌رجه‌مه‌ی کردووه‌. له‌وه‌شدا ئه‌م ڕێچکه‌ی خواره‌وه‌ی بۆ خۆی هه‌ڵبژاردووه‌:

1. له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی نووسیوه‌ که‌ به‌رواری وه‌فات کردنیانی زانیوه‌.

2. ته‌نها له‌به‌ر ناوبانگ ده‌کردنیان له‌سه‌ر یاوه‌رانی نه‌نووسیوه‌.

3. له‌به‌ر ناوبانگ ده‌رکردنیان له‌سه‌ر خه‌لیفه‌کانی نه‌نووسیوه‌.

4. له‌و که‌سانه‌ زانیاری وه‌رگرتووه‌ که‌ بینیوونی.

5. هه‌رکه‌سێک به‌ناوبانگ بووه‌ له‌سه‌رده‌می خۆیدا ناوی له‌ کتێبه‌که‌یدا نووسیون.

6. هه‌وڵی داوه‌ بنه‌چه‌کانیان به‌ پێی توانا بنووسێت.

7. جاروبارێک قسه‌ی خۆش و ده‌مه‌ته‌قێی خه‌ڵکانی به‌ناوبانگی نووسیوه‌ تا کتێبه‌که‌ی بێزارکه‌ر نه‌بێت.

8. نه‌یویستووه‌ زانیارییه‌کانی کورت و کوێر بن.

هه‌رچه‌نده‌ زیاتر له‌ حه‌وت سه‌ده‌ تێپه‌ڕیوه‌ به‌سه‌ر ئیبن خه‌له‌کاندا ، به‌ڵام ناوی هه‌ر زیندووه‌ و ، کتێبخانه‌ گشتی و تایبه‌تییه‌کانی خه‌ڵکی باوه‌شیان کردووه‌ به‌ کتێبه‌کانی ئه‌و زانایه‌دا ، به‌ تایبه‌تی کتێبی (وفیات الاعیان) که‌ باسێکی مێژووییه‌.

وه‌ڵام بدەوە

ناوه‌رۆکی ئه‌م به‌شه‌ شه‌خسیه‌و به‌شێوه‌ی گشتی پێشان نادرێت.
5 + 7 =
Solve this simple math problem and enter the result. E.g. for 1+3, enter 4.