وەڵامی بۆچوون بدەوە

په‌یامی مامۆستا عەبدوڕڕەحمان پیرانی، ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح به‌بۆنه‌ی هاتنی جێژنی پیرۆزی قوربانی ١٤٠٠

تاران- پێگه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئیسلاح

بسم الله الرحمن الرحیم لن يَنَالَ اللَّهَ لُحُومُهَا وَلَا دِمَاؤُهَا وَلَٰكِن يَنَالُهُ التَّقْوَىٰ مِنكُمْ ۚ كَذَٰلِكَ سَخَّرَهَا لَكُمْ لِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَىٰ مَا هَدَاكُمْ ۗ وَبَشِّرِ الْمُحْسِنِين(حه‌ج:٣٧)

جێژنی قوربان که دێت، بۆن و به‌رامه‌ی گیانبه‌خشی ئیمانیی پوڵایینی ئیبڕاهیمی خه‌لیل و شکۆی ملکه‌چی و دڵسۆزیی ئیسماعیلی زه‌بیح، تیشک دەخاتە سەر ڕوح و هه‌ستی خواپه‌ره‌ستان و یادی ئه‌و به‌نده‌ سه‌ربه‌رزانه، که له‌ ڕچه‌شکێنانی بانگه‌وازی به‌ره‌و تاکه‌په‌ره‌ستی و به‌ندایه‌تی بوون، ده‌بێته هۆی سه‌قامگیری و گه‌شه‌ و باڵاکردنی به‌نده‌کان.

جێژنی قوربان، کۆڕیادی ئیبڕاهیمی خه‌لیل و بانگه‌شه‌که‌رانی سه‌ربه‌رزی ئیمان و به‌ندایه‌تییه‌ که په‌یمانی خۆیان له‌گه‌ڵ به‌دیهێنه‌ر و به‌دیهێنراو برده‌ سه‌ر و به‌ به‌خشینی ژیانی خۆیان، به‌ندایه‌تی خوا و خزمه‌ت به‌ خه‌ڵک، ئیلهامبه‌خشی ته‌واوی چاخه‌کانن.

ئێمه‌ی موسوڵمان جێژنی قوربان به‌ نیشانه‌ی ڕێزگرتن له‌ پایه‌داری و گیانبه‌خشیی ئیبڕاهیم و ئیسماعیل -سه‌لامی خوایان لێ بێ- له‌ تاقیکردنه‌وه گه‌وره‌که‌ی خوای گه‌وره‌، جێژن ده‌گرین و وه‌ک سمبوولێکی ڕوون و نموونه‌یه‌کی ئاشکرا و ئیلهامبه‌خش و ڕێنیشانده‌ری مرۆڤ بۆ په‌روه‌رده‌ی نه‌فس و به‌رزکردنه‌وه‌ی ڕوح و واتا به‌خشی به‌ ژیان ده‌زانین.

له‌ دۆخێکدا ده‌چینه‌ پێشوازی ئه‌و جێژنه پیرۆزه‌ که به‌هۆی به‌ربڵاوی په‌تای کۆڕۆنا، حه‌جی ئه‌وساڵ زۆر سنووردار به‌ڕێوه‌ ده‌چێ و هاووڵاتیانی خۆشه‌ویستمان، به‌هۆی دۆخی ناله‌باری ئابووری و قه‌یرانی ژینگەیی، له‌ دۆخێکی ئه‌سته‌مدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن، له‌ قوڵایی دڵه‌وه‌ داوا لە خوای گەورە ده‌که‌ین که به‌ره‌که‌تی حه‌رز و ئاسمانیی به‌سه‌ر خه‌ڵکی خۆڕاگری ئه‌و نیشتمانه‌دا ببارێنیت و چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین که خه‌ڵک و به‌رپرسان به‌ هاوكاری یه‌کتر و به‌ برنامه‌ڕێژی و ڕاستبینی و بیرئاوه‌ڵه‌یی بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی گرفته‌کان و به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یران و که‌موکوڕییه‌کان هه‌وڵ بده‌ن. بێگومان به‌ هاوكاری و تێگه‌یشتنی دروست له‌ بەرپرسیارەتییه‌کی گرینگی که له‌ ئاست یه‌کتری هه‌مانه، ده‌توانین ژیانێکی باشتر بۆخۆمان ڕه‌چاو بکه‌ین.

هاتنی ئه‌و بۆنه‌ پیرۆزه‌ به‌ ته‌واوی هاوولاتییانی ڕێزدار، کۆمەڵگای به‌ڕێزی ئه‌هلی سوننه‌ت، بەتایبەت خوشکان و برایانم له‌ «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» پیرۆزبایی ده‌ڵێم و له‌ باره‌گای خوای میری مه‌زن داواکارم که ته‌وفیقی زیاترمان بدات له‌سه‌ر ڕێبازی خاوێنکردنه‌وه‌ی نه‌فس، خزمه‌ت به‌ خه‌ڵک و ڕۆڵگێران بۆ ئاوه‌دانی زیاتر.

 

سه‌به‌رز و سەرفراز بن

عەبدوڕڕەحمان پیرانی

ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح

٢٩ی پووشپه‌ڕی ١٤٠٠

وه‌ڵام بدەوە

ناوه‌رۆکی ئه‌م به‌شه‌ شه‌خسیه‌و به‌شێوه‌ی گشتی پێشان نادرێت.
6 + 3 =
Solve this simple math problem and enter the result. E.g. for 1+3, enter 4.