وەڵامی بۆچوون بدەوە

ترووسكەی ڕەسەنی زمان لە قەڵەمی مامۆستا مــــەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیاندا

ترووسكەی ڕەسەنی زمان لە قەڵەمی مامۆستا مــــەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیاندا

زمانی كوردی لەگەڵ ئەوەی بە درێژایی مێژوو لە ژێر زەبروزەنگی بێگاناندا بووە و هیچ دەسەڵاتێك هەل و مەودای گەشانەوەی پێ نەداوە و تەنانەت هەتا ئەو جێیەی بۆیان كرابێ بۆ تاواندنەوە و سڕینەوەشی هەوڵیان داوە و دەیان پیلان و دەهۆیان بۆ داڕشتووە، بەڵام بەو حاڵەشەوە لە ڕەوت و گەشانەوە نەكەوتووە و هەر زمانێكی دیكە بوایە بەجێی ئەو، ئێستا ئاسەواری نەمابوو. ئەمڕۆش ئەگەرچی زمانی كوردی تا ڕادەیەك لە برەو دایە و كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەی پێ بڵاو دەكرێتەوە و چەن كەناڵی تەلەویزیۆنیشی هەیە، بەڵام زیاتر لە هەموو كاتێ كەوتۆتە مەترسییەوە و ئاوا بڕواتە پێشێ بە دەستی خۆمان تەور لە ڕیشەی دەدەین و لەنێوی دەبەین. بەداخەوە زۆربەی نووسەران و ئەدیبانی ئەمڕۆی كورد لەگەڵ زمانەكەی خۆیان نامۆن و بۆ دۆزینەوەی وشەیەكی پەتیی كوردی و داتاشینی وشە حەفتا كەل‌وكون دەپشكنن و هەر كەس بە كەیفی خۆی وشە و دەستەواژە دادەتاشێ، بەڵام ئەوەی بە لایانەوە گرینگ نییە و هەر بە خەیاڵیشیاندا نایە، ڕێزمانە.

رێزمان سەرچاوەی زمانە و هەر زمانێك ڕێزمانی تایبەت بەخۆی نەبێ و پێڕەوی لەو ڕێزمانە نەكرێ تێدا دەچێ. ئەگەرچی خاوەنی ملوێنان وشەی پەتی و تایبەت بەخۆشی بێ. بۆ وێنە زمانی فارسی دەتوانین بڵێین هەشتا لە سەدی وشەكانی، عەڕەبی و زمانەكانی دیكەیە، بەڵام چونكە خاوەنی ڕێزمانێكی تایبەت بە خۆیەتی ئێستا یەكێ لە زمانە دەوڵەمەند و زیندووەكانی جیهانە.

ئێمەش بێتوو لەسەر زمان و ڕێزمانێكی یەكگرتوو پێك نەیەین و پێڕەویی لێ نەكەین، باشتر وایە هەر لە ئێستاوە دەستی لێ هەڵگرین و لەوە زیاتر خۆمان ماندوو نەكەین و وازی لێ بێنین. بیر و ئەندێشەیەكیش كە هەمانە وا چاكترە بە زمانێك بینووسین كە ڕێزمانەكەی دروست و ڕەسەنە و تێی دەگەین با دوایی تووشی پەژیوانی نەبین و نەڵێین بە جارێ ماڵی وێرانم ئەویشم چوو ئەمیشم چوو.

ئێستا لە باشووری كوردستان ئەو هەموو گۆڤار و ڕۆژنامە و كتێبە بڵاو دەكرێتەوە بەڵام دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم دە لە سەدیان تەنیا كاغەز ڕەش كردنەوەیە و بۆنی زمانی كوردییان لێ نایە. زۆری و بۆریی نووسەر و شاعیری نادەرۆست و بڵاوكراوەی نابەرپرسانە بوونەتە درم و پەتای زمانەكەمان، شێوە زمانێكی ڕەق و تەق و هەللەق مەللەق و ناحەزیان دامەزراندووە و پێی دەنووسن كە لە ژێر كارتێكەری عەڕەبی و فارسی و توركی دان و نە ڕێزمانە كوردییەكە دیارە، نە هیچ كام لەو سێ زمانە بە تەواوی پێڕەوی لە ڕێزمانەكەیان دەكرێ.

نووسەران و قەڵەم بەدەستانی ئەمڕۆ بە داخەوە خۆیان بە عەللامەی دەهر دەزانن و فیز بە مەدڕەكی زانستگایی و پلە و پایەی فەرهەنگی و ئەدەبییەوە لێدەدەن و تەنانەت دەماریان ناهێنێ نووسراوەی شاعیران و نووسەرانی قەدیم بخوێننەوە و بە كۆنەپەرست و سەلەفییان لە قەڵەم دەدەن. بەڵام ئەگەر چاوێك لە ڕابردووی ئەدەبی كورد بكەین، بۆمان دەردەكەوێ كە نووسەران و شاعیرانی نەمر چ خزمەتێكیان بە زمانەكەمان كردووە و هەر كامیان كۆڵەكەیەكی قایم و پتەو بوون بۆ ئەو میچە بەرین و بەرزەی زمانی كوردی و لە مەترسیی بوومەلەرزە و تێك تەپین پاراستوویانە و بە جوانترین شێوە هەتا ئەمڕۆیان هێناوە و داویانەتە دەست ئێمە. تەواوی ماوەی تەمەنیان لەگەڵ ئەو هەموو كەم‌وكووڕی و نەبوونی و چەرمەسەرێ و كوێرەوەرییەی بوویانە پارێزگارییان لە زمان و ئەدەبەكەی خۆیان كردووە و خوێنی دڵیان خواردووە و سووكایەتییان پێكراوە و بەند و ئەشكەنجە و زیندانیان بە گیان كڕیوە و تامڵیان كردووە و زمانەكەیان بە ڕۆحی خۆیانەوە گرێ داوە و هەتا دوایین ساتی ژیانیان بۆ گەشانەوەی هەوڵیان داوە و خەمیان بۆ خواردووە و بەو ئاواتەوە سەریان ناوەتەوە.

زۆربەی ئەو شاعیر و نووسەرانەش لە حوجرەوە سەریان هەڵداوە و حوجرە دەورێكی گرینگ و بەرچاوی بووە لە بووژانەوە و پەرەپێدانی زمان و ئەدەبەكەماندا. هەر لە مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و نالی و مەحوی و حاجی قادر و بێكەس و پیرەمێرد و سالم و كوردی و بێخود و حەمدی و وەفایی و حەریق و قانع و سەیفولقوزات و حەقیقی و ئاوات و خاڵەمین و قزڵجی و زەبیحی و هەژار و هێمنەوە تا دەگاتە ڕاوچی و نووری و ئەم مامۆستایەمان كە ئەمڕۆ یادی دەكرێتەوە، هەموو لە حوجرەوە هەڵقوڵیون و هەر كام ئەستێرەیەكن لە قوژبنی حوجرەی گڵین و دووكەڵاوی و كون تێبووەوە هەڵاتوون و ئێستا ئاسمانی زمان و ئەدەبەكەمانیان ڕووناك و گەشاوە و زریوەباران كردووە.

جێی خۆیەتی لێرەدا بۆرە گلەییەك لە مامۆستایانی ئایینی و حوجرە بكەین و لێیان بپرسین بۆ بێدەنگن و دەنگ هەڵنابڕن و سەر هەڵنادەن؟ بۆ ئاسۆی حوجرە تەم گرتوویەتی و ئەستێرەی لێوە هەڵنایە. خۆ مامۆستاكانی ئەمڕۆ لە هەموو بارێكەوە لە مەلا و فەقێكانی قەدیم تێر و تەسەلتر و پۆشتە و پەرداختر و بێ‌خەمترن و ئازادیی قەڵەم و بەیانیش ئەمڕۆ زیاتر هەیە.

با لەوە زیاتر خوێنی خۆم تاڵ نەكەم و قسەی هەق و ڕەق نەدركێنم و دڵانی ناسك و شێعراوی و هونەراوی لە خۆم شلوێ نەكەم و درێژدادڕی وەلا نێم. ئەگەر بە چاوێكی هەقبینانە و سادقانەوە بڕوانینە بواری پەخشانی سەردەم لە ئەدەبیاتی كوردیدا لە دوای مامۆستا هەژار، قەڵەمی مامۆستا مەلاعەبدوڵڵای ئەحمەدیان لەو بوارەدا لووتكەیە و پاراوی و ناسكی و ڕەوانی و ڕەسەنایەتی زمانی ئەو كەڵە نووسەرە مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەكات، زمان و وشە و زاراوە و دەستەواژە و پەند و قسەی نەستەق لە دەستیدا وەكوو مێو وایە و لە دانان و ڕیزكردنی وشەدا هێندە میعمارێكی زانا و مامۆستایە و هێندێ جار شیرینی و ڕێك‌وپێكی و جوانی لە زمانی پەخشانەكانیدا دەگاتە ئاستێك خوێنەر مەست دەكا و وەك دەروێش لەوانەیە حاڵی لێ بێ و شاگەشكە بێ.

مامۆستا ئەحمەدیان لە بواری ئایینی و ئەدەبی و كۆمەڵایەتی و هونەری و سیاسیدا هەوڵی داوە و قەڵەمە بەبڕشت و بەتواناكەی وەك كانیاوی بەهاران وشەی ڕەسەن و پەتیی كوردی لێ هەڵقوڵیوە و خوێنەری وریا و كوردی‌زان و شارەزای زاراوەی ڕەسەنی موكریان دەزانن چ سیحرێك لە زمان و كەلامی ئەو زاتە پایەبەرزەدایە.

ڕۆمانی «گەلحۆ» گەنجینەیەكی دەوڵەمەند و بەنرخی ئەدەبییە كە كەلاوڕێژە لە وشەی ڕەسەن و پەتیی كوردی. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆمانێكی ڕەخنەگرانە و تەوس‌ئامێزە و ئاماژە بە بیر و باوەڕ و خورافاتی كۆمەڵگای كوردەواری دەكا و دەیانداتە بەر پللاری تانە و سەركۆنە.

لە بواری ئایینیشدا دەیان كتێب و وتاری بەنرخی نووسیوە و بە شێوەیەكی ڕۆشنبیرانە و سەردەمییانە ئاوڕی لە مەسەلە ئایینییەكان و بارودۆخی دین و مرۆڤ داوەتەوە و هەروەها زۆربەی گەورە پیاوانی ئەدەب و ئایینی بەسەر كردۆتەوە و سەبارەت بە ژیان و ئاسەواریان نووسیویەتی و تیشكی سەرنجی خستۆتە سەریان و بە كۆمەڵگای كوردەواریی ناساندون. مامۆستا ئەحمەدیان ئەو گەورە پیاوانەی بە چیای بەرز شوبهاندووە و لە ڕاستیدا هەر واشە. چونكە گەورە پیاوانێكی وەك عەللامە قزڵجی و عەللامە مەلا ئەبووبەكری موسەنیف و مەلا یووسفی ئەسەم، بوداغ سوڵتان و مەلاجامی و...

هەروەها چەند لێكۆڵینەوەی ئەدەبی نووسیوە لەوانە وەفایی و سابڵاغ، مەولەوی و ئاسەوارەكانی لە دەلاقەیەكی نوێوە، بیرەوەریی مامۆستا هەژار، شێعر و هێمن، یادێك لە مەلا كەریمی فیدایی، شوێن دانانی قوڕئان و حەدیس لەسەر ئەدەبیاتی كوردی، سووكە ئاوڕێك لە مێژووی زمان و وێژەی كوردی و زمانی تەنز و تەوس و...

هەروەها چەند وتاری ئایینی و نەتەوایەتی نوووسیوە: وەك: كورد و ئیسلام، ڕۆژ، زەوی، مانگ، ئاو، هەوا؛ بیرەوەریی كارەساتی جەرگبڕ و دڵتەزێنی هەڵەبجە، زستانی دڵڕەشی كەوڵ سپی تێی تەقاند، جێژنی نەورۆز و پەیام و بیرەوەرییەكانی و... لە وتاری «شێعر چییە و شاعیر كێیە؟ شیعر كەڵكی چییە و زیانی چییە؟ شێعری كۆن و نوێ تەوفیریان چییە؟»دا ئاماژە بە زۆر شتی جوان و ناسك دەكا و دەفەرموێ: «شێعر گڕ و گڕپەی دڵانێكە كە مەنجەڵی دڵی چەند ئینسانێكی دیكە لەسەر كوانوویەكی سێ كوچكە وەكوڵ دێنێ و ئەو كوچكانەش بریتین لە:

1ـ شعوورێكی تایبەتی و هەست و خوست و دیتن و بیستنێكی كە دەبێتە هۆی ئەوە شاعیر ڕەنگ و دیمەنی وا دەبینێ و بانگ و هاواری وا دەبیستێ كە هەتا ئەو هاواری نەكردووە و دەست نیشانی نەكردوون، خەڵكی ئاسایی هەواڵێكیان لەوان نەبووە، وەكوو ئەوەی كە هەر ئەو دووربینی بەسەر چاوییەوە بێ و هەر گوێی ئەو هەست و خوستی نهێنی ببیستێ!

كوچكی دووهەم دەزگایەكی یەكجار بەكاری بیرتاشین و چاوگۆڕین كە شاعیرێك بە هێزی ئەو دەزگایە دەتوانێ دوو كاران بكا، یەكەم: دووربینی دیتنی خەڵك بۆ دیتنی ڕاستەقینەكان ئەوەندە بەتین و گوڕم و قۆچاغ بكا، كە هەق و ناهەق و چاكە و خراپە بە ڕەنگێكی یەكجار زەق و زیندوو ببینن. دووهەم: دووربینی دیتنی خەڵكی وەها سەرەوبن كەن كە شتی زۆر كەم و بڕیان بە زۆر و زەوەند وەبەر چاوی بخەن!

كوچكی سێهەم: هێزی داڕشتنی بیر و لە قاڵبدانی خەیاڵ كە شاعیرێك بە جۆرێكی ئەوەندە هونەرمەندانە ئەو بیر و خەیاڵانە دادەڕێژێ و قاڵبەكانیان پێك دەگرێ و هاوتایان دەكا و جەمسەرەكانیان هاوڕەنگ و هاودەنگ دەكا و شایانی بیستنیان دەكا...» كە بە بڕوای من جوانترین وەڵامی بۆ شێعر چییە، بە دەستەوە داوە. بۆچوونی ئەو مامۆستا بەڕێز و زانایە وردبینانەترین وەڵامە بۆ ئەو پرسیارە.

لەو وتارەدا زۆر بێ لایەنانە شێعری نوێ و شێعری كێش و سەروادار هەڵدەسەنگێنێ و ئاماژە بەو خاڵە گرینگەش دەكا کە: شێعری نوێ ڕەنگە لای نەتەوەكانی دیكە نوێ بێ، بەڵام لە لای ئێمەی كورد سەدان ساڵە بە شێوەی بەیت و حەیران و بەندەكان كوتراوە و منیش بەش بە حاڵی خۆم ئەو ڕایەی دەسەلمێنم و لەوەتا دەستم قەڵەمی گرتووە و بیرم بڕی كردووە، هەر لەسەر ئەو باوەڕە بووم و شێعری نوێم بە درێژەپێدەر و كامڵ بووی بەیت و حەیران و بەندەكان زانیوە. شێعریش ئەگەر شێعر بێ، لەهەر قاڵب و فۆڕمێكدا بێ شێعرە و شێعری ڕاستەقینەش یانی ئاوێنەی زەمان، ئاوێنەیەك كە لە چوارچێوە گیرابێ یان بێ چوارچێوە بێ گرینگ نییە، گرینگ ئەوەیە جوانی و ناحەزی و هەقیقەتی ژیان و زمان و كۆمەڵگا نیشان بدا.

لە كۆتاییدا جارێكی دیكە تكا لە نووسەران و شاعیرانی لاو دەكەم ئاگایان لە زمانەكەمان بێ و هەوڵ بدەن زمانی كوردی بە شێوەی دروست و ڕێزمانی دروستەوە فێر بن و پێی بنووسن. ئەوەش تەنیا لە سایەی قەڵەم و ڕێبازی گەورە پیاوانی گەلەكەماندا وەدەست دەكەوێ و دەتوانین تینوایەتیمان لە كانیاوی بیر و زانست و زمانی ڕەسەنی گەورە پیاوانێكی وەك مامۆستا هەژار و مامۆستا هێمن و مامۆستا ڕاوچی و مامۆستا ئەحمەدیان بشكێنین و پاراو بین و درێژە پێدەری ڕێگا پاك و بێگەردەكەیان بین.

ده‌نگی ئێوه ناوه‌ندی ده‌نگه‌کان: 5 (1 vote)

وه‌ڵام بدەوە

ناوه‌رۆکی ئه‌م به‌شه‌ شه‌خسیه‌و به‌شێوه‌ی گشتی پێشان نادرێت.
1 + 2 =
Solve this simple math problem and enter the result. E.g. for 1+3, enter 4.