وەڵامی بۆچوون بدەوە

یادێک لە مانگی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (س)

یادێک لە مانگی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (س)

گوڵ وشەی شادی لە خۆشیت پڕ بە لێوم دێتەدەر

یادی تۆ ڕەونەق دەبەخشێ، خشڵە بۆ شێعر و هونەر

چوارەدە چەرخە زوانی پەسنی خێڵی پاکان دێنە گۆ

ناگەیێ هێشتا بە تۆز و گەردی ژێر پێت سەربەسەر

ناوی تۆ ناوازەیە، وەک کردەوەت ئەی ڕێبەرم

کێیە بتوانێ ، ببینێ ، تابشی نووری قەمەر

تۆم هەبێ لەم ژینە بۆ پاڵپشتی بەسمە پاڵ وەدەم

چاکترین سەرقافڵەچی، کاروانە ڕێگەی پڕ خەتەر

خۆشە یادی تۆ لە سەر زار، مانگی مەولوودی گوڵە

گوڵ بە ئەشقی بۆنی تۆیە پێی دەخەمڵێ دەشت و دەر

بێژەوانانی گەلی مە چوونە ڕیزی قەیس و سەحب

تا نەڵێن کوردیش لە مەدحت کورتە هێنێ، تاجی سەر

شێعر و هۆنراوە و وتاری شەوقی تاسەت چڵ دەخەن

گڕفشانە ، دوڕ ڕژانە، سێحری خامە و چاوی تەڕ

سەر چیە ؟ قوربانی ساتێ ناوی پیرۆزت دەبەن

گەسکی بەرپێتە مژۆڵم بۆ مرووری ڕەگوزەر

کۆچەر و یاری دەدەر گەر هاو دەمی تۆیان هەبوو

بوونە پێشمەرگەی خەبات و سەنگەری فەتح و زەفەر

دادەمرکێنێ گڕی دڵ شەونمی سەڵاواتی تۆ

ڕا دەماڵێ چڵک و چێوی چاوی لێڵاو و کەدر

بۆ لە داییک بوونی تۆ هەر چی هەبوو کەوتە کەنین

کەوکەبی بەختی هەژارو مانگی ونبووی بێ پدەر

شاری ئیسماعیل و هاجەر ، چاوگەیی زەم زەم تەقی

گوێ و زوبانی خۆشەویستی تۆ دەبەخشن خوار و سەر

ماڵی کەعبە جێگە ڕاوی هۆبەل و لات و عوزان

تۆ نەبی کێی تر دەتوانی ئە بووتانە خاتە دەر؟

ئێش و برکی ژاری ماری غاری سەوری چەشتووە

یاری غارت، بۆیە تاجی هاونشینی خستە سەر

بانگی ئازادی مرۆڤە، زەڵ زەڵەی ماڵی سەعید

پێگەیێ بەرزە بگۆڕێ بیری ناوازەی عومەر

ئینقلابی بیرو ڕا بوو کۆچی پیرۆزت بەرەو

شاری یەسریبی غەریب و موژدە بۆ پیر و پەکەر

مەکتەبی قورئانە وانەی سەنگی سەختی کردە ئاو

ئاوری بەردا لە ناخی بیر پووچ و بێ سەمەر

تیشکی ڕووناکیت کە دەرکەوت پشتی تاریکی چەمی

سواڵەتی گۆڕی بە جارێ، هاو پلەی زێڕە و گوهەر

مانگ و ئەستێرە و کەژ وکێو، دارو بەردوو گیانلەبەر

کەوتنە پێشوازی بەرەو ڕووی قیبلەگای ئەهلی نەزەر

خۆشەویستی تۆ نەبێ ئەهلی ئەدەب چۆن دێتە حاڵ

بۆ گڕو کاڵێ گەڕاڵە، گڕنە دەگرێ، بۆ ئەسەر

ئەی خوا بڕژێنە بارانی سڵاوات و سلام

لەم شەوی هەینی بە دیاری ڕۆح و گیانی پێغەمەر

ڕێگرە جەردەی گوناە و دڵ قەتیسی ئەریمەن

سەر بووە مەیدانی سەودای ڕێی نەزانی بێ خەبەر

عەرزی ئەم شاعیرە کوردە لەم وڵاتە بێ کەسە

پڕ بە پڕ لێوڕێژ لە ئەشقە و تاسەباری ڕێی قەدەر

 

شەوی 1ی خەزەڵوەری 1399 هەتاوی

غه‌فوور كه‌سنه‌زانی - ژاكاو

ده‌نگێ نه‌دراوه

وه‌ڵام بدەوە

ناوه‌رۆکی ئه‌م به‌شه‌ شه‌خسیه‌و به‌شێوه‌ی گشتی پێشان نادرێت.
1 + 0 =
Solve this simple math problem and enter the result. E.g. for 1+3, enter 4.