وەڵامی بۆچوون بدەوە

پێناسە و ڕوونکردنەوەیەک دەربارەی تەفسیری (لەسایەی فی ظلال القرآن)دا.

پێناسە و ڕوونکردنەوەیەک دەربارەی تەفسیری (لەسایەی فی ظلال القرآن)دا.

دەسپێك

خوايە گيان سوپاس و ستايشى بێ پايان هەر شايستەى تۆيە، دروود و سڵاوى نەبڕاوەش شايستەى ئەو پێغەمبەرە ڕێزدارەتە(ﷺ) كە ماندوونەناسانە و لێبڕاوانە پەيامى نوورينى گەياند بە هاوەڵان و ئەوانيش بەوپەڕى ئەمانەتەوە گەيانديان بە نەوەكان، تا دنيا دنيايە بە تيشكە نوورينەكانى ناخ و دڵ و دەروونى ئەو مرۆڤانەى پێ ڕووناك و نوورين ببێ كە بە فيترەتى پاكيان و بە خۆشەويستى زاتى تۆ و قوڕئانەكەى تۆ و پێغەمبەرەكەى تۆ درەوشاوەيە.

لە ڕاستيدا ئێمەمانان نازانين چۆن سوپاس و پێزانينی خۆمان دەربڕين بەرامبەر نيعمەتی ئيمان، بەرامبەر نيعمەتی ئيسلام، بەرامبەر نيعمەتی قوڕئان. چونكە بە ئاشكرا دەبينين مرۆڤايەتی لە چ ئاستێكی سەرگەردانی و پەستی و ستەمدا ژيان دەباتەسەر، چۆن زۆرداران بێباكانە ستەم دەكەن، خوێن دەڕێژن و لە هەموو بوارەكانی ژياندا گەندەڵی برەو پێ دەدەن. هەموويشی بەرهەمی دوور لە خوايی و باوەڕ لاوازييە بەو زاتە و بە لێپرسينەوەی لە وردودرشتی كردەوەكانمان.

ئێمە بە پشتيوانی خوا و بە داوای يارمەتی و كۆمەك لەو زاتە نزيكەی هەشت ساڵمان لە سايەی (في ظلال القرآن)ەكەی (سيد قطب)دا بەڕەحمەت بردە سەر، بەڕاستی ماوەيەكی پيرۆز و پڕ بەرەكەت بوو. بەتايبەت كاتێ كە (مختصر في ظلال القرآن)م دەستكەوت لە لايەکەوە و بە خزمەتی مامۆستا عابێدين ڕه‌شيد گەيشتم لە لايەكی ترەوە. (مختصر)ەكە ڕێگای بۆ كورت كردمەوە تا لە حەوت بەرگدا تەواوی بكەم. مامۆستا عابێدينيش بە ڕێنموونيیەكانی دەستی واڵا كردم كە لە سايەی (في ظلال)دا بژيم و بە دەستێكی كراوە سوودی لێ وەربگرم، هاوكات واقعی ئەمڕۆش فەرامۆش نەكەم و تەفسيرەكە هاندەر بێ بۆ ژيان لە سايەی قوڕئاندا بە شێوازێكی (عملی) و كرداری و ئومێدبەخش بێت بەوەی كە تەمومژ و شەوەزەنگی ئەم ڕۆژگارە هەر دەڕەوێتەوە، بەرەبەيان هەڵدێ و سەرجەم ئوممەتی ئيسلام بە گشتی و گەلی كوردمان لە سايەی قوڕئاندا كە نوێترين پەيامی خوايە بۆ مرۆڤايەتی لە هەموو جۆرەكانی كۆنەپەرستی و سەركەشی و لادان، ڕزگاری دەبێ و سەربەرز و سەرفەرازی هەردوو جيهان دەبێ ئینشاڵڵا.

شايانی باسە دوای ئايەتەكانی قوڕئان تەفسيری (ڕۆشن) دابەزێنراوە، ئينجا ڕوونكردنەوەی زياتر لە سايەی (في ظلال)دا بۆ ڕوونكردنەوەی مەبەست و مەرامی ئايەتەكان كراوە.

بەڕاستی بەختەوەرن ئەو كەسانەی كە ڕۆژگاری تەمەنيان لە سايەی قوڕئاندا دەبەنە سەر، پێزانن بەرامبەر ئەو پەروەردگارەی كە ئەوەندە بەلوتفە بە فەرموودە شيرين و پڕبەرەكەتەكانی ئاراستەمان بكات بۆ هەموو خێر و چاكەيەك و دەرەنجامی هەموو لادان و نادروستيیەكيشمان بۆ ڕوون دەكاتەوە.

لە پانتاييەكی زۆردا بەسەرهاتی قەوم و گەلە پێشينەكانمان بۆ دەگێڕێتەوە و سەرەنجامی ئيمانداران و ياخیيەكانمان وەك فيلم دەخاتە بەرچاو. هەروەها بە جۆرەها شێوە باسى بەهەشت و خۆشی و شوێنە دێرين و ڕازاوەكانی دەفەرموێت، ناز و نيعمەته ورد و درشتەكانی دەخاتە ڕوو تا هاندەرمان بێ بۆ چاكە، لە پاڵ ئاماژەكردن بە دۆزەخەكەی تا هەوڵ بدەين لێی دوورەپەرێز بين.

لە كۆتاييدا هيوادارين كە ڕۆشنبيرانمان هەوڵ بدەن فيكر و ناخ و دڵ و دەروونی خۆيان بە ژيان لە سايەی قوڕئاندا ڕۆشن بكەنەوە و لە خەوی غەفڵەت بێدار بنەوە و لە دنياپەرستی و ماددەپەرستی خۆيان دەرباز بكەن، بە دڵ و بە گيان ڕووبكەنە ئەو زاتەی كە هەر لە بەرەبەيانی مێژووەوە گرنگی بە مرۆڤ داوە، كۆتا پەياميشی بۆ ناردووە تا سەربەرز و سەرفەرازی هەردوو جيهان ببێ.

بەڵگە نەويستە ئەم قوڕئانە هاتووە بۆ زيندووكردنەوەى دڵان، بۆ ئاراستەكردنى ئينسان، بۆ ڕێكخستنى خێزان، بۆ پتەوكردنى پەيوەندييە كۆمەڵايەتييەكان، بۆ ئەوەى دەسەڵات ببێتە خزمەتگوزارى گەلان، نەك بۆ پرسە و سەرقەبران. شايانی باسە يەكێك لە هەزاران بەڵگە لەسەر گەورەيی و شكۆی ئەم قوڕئانە، ئەو هێرشە ناڕەوايەيە كە هەر لە سەرەتای نازڵبونييەوە كراوەتە سەری و لەم ڕۆژگار و سەردەمەيشدا كورد واتەنی ناحەزانی ئاگريان تێچووە و شوڵيان لێ هەڵكێشاوە، كاتێ كە دەبينن بە هيچ فوويەك خامۆش نابێ، بە هيچ درۆ و دەلەسە و پڕوپاگەندەيەك لايەنگرانی سارد نابنەوە، جگە لەوەی كە ڕۆژبەڕۆژ لاوانی ژير دێنە ژێر سايەی.

بە ئاشكرا دەبينين هيچ ڕەخنەيەك لە بتپەرستانی هەمەجۆر، لە بوزی و گاپەرست و شەيتانپەرستان ناگيرێ، لە ئایينى شێواوی مەسيحيیەت كە عيسا پێغەمبەر(علیه السلام) بە كوڕی خوا ناوزەد دەكەن ناگیرێ، لە جولەكە كە ميللەتان بە خزمەتكاری خۆيان ناوزەد دەكەن ناگيرێ!!

بەڵكوو بە هەموو شێوەيەك ڕاگەياندنەكان، پڕۆسەی پەروەردە، نەك تەنها لە كوردستان، بەڵكوو لە جيهانی ئيسلاميدا كار بۆ شێواندنی واتا و مەبەستەكانی قوڕئان و مێژووی ئيسلام دەكەن، جەور و ستەمی دەسەڵاتدارانی دێرين دەلكێنن بە ئایينی ئيسلامەوە، لە بەرامبەرەوە ڕووە پرشنگدارەكانی مێژووی ئيسلام دەشارنەوە.

بەڵام با دۆست و دوژمنى ئەم ئایينە، ئەم قوڕئانە، دڵنيا بن كە ئەم گەردوونە بێخاوەن نیيە، تا زانست لە بوارە جياوازەكاندا بەرەوپێش بچێ، زياتر گەورەيى و شكۆ و مەزنى بەديهێنەرى گەردوون دەردەكەوێ كە زانايانى ويژدانزيندووى حەپەساندووە بە ڕێكوپێكى و هاوئاهەنگى و هاوسەنگى لە ورد و درشتى دروستكراوانيدا، هەموويشى بۆ خزمەتى ئێمەيە.

بۆیە دەبێ ئێمەش پێزان و سوپاسگوزار بين، چونكە ئەو زاتە دەيەوێ ئێمە ژيانى تەمەن كورتى دنيامان بە ئاسوودەيى بەسەربەرين، تا بۆ هەميشە و هەتاهەتايى لە سايەى سۆز و ميهريدا لە بەهەشتە ڕازاوەكەيدا لە تەمەنى لاوێتى و بە كەماڵى تەندرووستى حەساوە و بەختەوەر بين.

«قوڕئان ڕوونكەرەوەى ئەم گەردوونه فراوانەيە، بەجۆرەها شێوە ئاماژە بەلايەنە جۆراوجۆرەكانى جيهانى ديار و ناديار دەكا، گەنجينە و نهێنيیە شاراوەكانى دەردەخا، دەستنيشانە بۆ ناوە پيرۆزە جۆراوجۆرەكان و ڕەنگدانەوەيان لەسەر لاپەڕە پەنهانەكانى دروستكراوە بێشومارەكانى ئاسماناكان و زەوى.

قوڕئان بە دارشتنە ناوازە و بێ‌وێنەكانى كليلى كردنەوەى دەروازە جۆراوجۆرەكانى جيهانى ديار و ناديارە.

قوڕئان گفتوگۆى شيرينى پەروەردگارى مەزن و خاوەن ميهرە بۆ ئەم دروستكراوە ناوازە سەرپشكکراوە ڕێزدارە، كە ئەگەر پابەندى فەرمانەكانى ئەو زاتە بێ، بەختەوەرى هەردوو جيهان دەستەبەر دەكا بۆ هەميشە و هەتاهەتايى. گەر سەركەش و ياخى بێ، ئەوە بەدبەخت و چارەڕەش دەبێت بۆ هەميشە و هەتاهەتايى.

قوڕئان دەيەوێ مرۆڤ پەروەردە بكات تا مرۆڤدۆست بێ، هەست و نەست و بيروهۆشى فراوان بێ، لە چوارچێوەى ژيانى دونيا و تەمەنى كورتيدا قەتيس نەبێ.

قوڕئان دەيەوێ مرۆڤەكان بەختەوەر بن، تەنها گەردنكەچى خواوەندى بەديهێنەريان بن، هەميشە شكۆ و گەورەيى ئەو زاتەيان لەيادبێ. قوڕئان ئەو كتێبە پيرۆزە تاقانەيە كە ناحەزانى نەيانتوانيوە و نايشتوانن دەستكارى بكەن، چونكە خاوەنى بڕيارى پاراستنى داوە، هەموو كتێبە ئاسمانیيەكانيشى لە ئامێز گرتووە.

ئەم قوڕئانە كتێبخانەيەكى پيرۆزە و سەرچاوەى هەموو زانستە بەسوودەكانە لە بوارەكانى ماددى و مەعنەويدا و هۆكارى بەختەوەرى نەبڕاوەيە بۆ سەرجەم مرۆڤەكان گەر لێى تێبگەن و پەيڕەوى بكەن». (سوود لەپێناسەیەکی مامۆستا سه‌عید نورسی دەربارەی قوڕئان وەرگیراوە).

لەڕاستيدا ئێمە بەم هەوڵەمان دەمانەوێ لەم چەند بەرگەدا دەستى خوێنەرى هێژاى قوڕئاندۆست بگرين و بيهێنينە ژێر سايەى قوڕئانەوە، هيواداريشين كە قوڕئاندۆستانى خامەبەدەست لە ئێستا و داهاتوودا بەردەوام بن لە سوودوەرگرتن لە گەنجينەى پڕ لە نوور و بەرەكەتى ئەم قوڕئانە تا بەختەوەرى و سەربەرزى و سەرفەرازى بۆ گەلى كوردمان بەتايبەتى و سەرجەم ئوممەتى ئيسلام دەستەبەر بكەن، بەتايبەت لەم رۆژگارە ڕەشەدا كە ناحەزانى قوڕئان بەهەموو توانايانەوە هەوڵ دەدەن بەرى ئەم نوورە بگرن و چينى لاوانمان لە تاريكستانەكانى دنياپەرستى و مادده‌پەرستيدا قەتيس و سەرگەردان بكەن.

هەربۆيە لەم ڕۆژگارەدا لە هەموو كات زياتر پێويستە دڵسۆزان لە خەمى لاواندا بن تا بيانهێننە ژێر سايەى قوڕئان و لە گرێوگۆڵى دەروونى ئاڵۆز كە شەيتانەكانى شێوە مرۆڤ هەوڵ دەدەن بەردەوام دروستى بكەن، ڕزگار بكەين و ئاراستەى خێريان بكەين.

بە هيواى ئەوەى توانيبێتمان خزمەتێكمان به قوڕئانەكەى پەروەردگارمان كردبێ و شايانى قه‌بووڵى پەروەردگارى ئازيزمان بێت. بێگومان گەر ناتەواويى و كەموكوڕييەك بەدى كرا، ئەوە لە بەندەوەيە و هيوادارين خواوەندى پەروەردگار بە لوتفى خۆى بمانبەخشێ،گەر پەسەندى لاى خوێنەرانيش بوو، ئەوە فەزڵى خوايە و بە ئومێدى نزاى خێرين.

لە كۆتاييدا نزاى خێرمان بۆ هەموو ئەو مامۆستا و برا و خوشكە بەڕێزانەى كە هاوكارييان كردين بۆئەوەى ئەم بەرهەمە پيرۆزە بگاتە دەستى خوێنەران هه‌یه‌، خواى گەورە بە ئەندازەى گەرديلەيەك و بچوكتريش لەوە چاكەكان فەرامۆش ناكات. خواى گەورە پاداشتى هەموو دڵسۆزان بداتەوە.

نووسه‌ر: بوڕهان محه‌ممه‌د ئه‌مين

ده‌نگێ نه‌دراوه

وه‌ڵام بدەوە

ناوه‌رۆکی ئه‌م به‌شه‌ شه‌خسیه‌و به‌شێوه‌ی گشتی پێشان نادرێت.
5 + 2 =
Solve this simple math problem and enter the result. E.g. for 1+3, enter 4.