وەڵامی بۆچوون بدەوە

غرووبت بۆ من سروورە ئەی ماهی نوور

غرووبت بۆ من سروورە ئەی ماهی نوور

ئــیلاهی! ئـەی خاوەنی غرووب و تڵووع و سەحەر! وا جارێکی دیکە و لە ڕۆژێکی نوورینی دیکەی مانگی نوور و خۆشنوودی و لێبووردنتدا هاتینەوە بەر ئاستانەی مەغفیرەت و مەڕحەمەت و مەحەببەتت.

پەروەردگارا! وا ئێمەی بەندەی موشتاقی دیدارت بە لێوی شەقاربردووی وشک و زمانی تەڕی پڕ بە نزا و زیکر و گەدەی هەڵگوشراوی خاڵی و پڕ لە باوەڕ و عیشق و مەحەببەتەوە خۆمان لە بەردەم میوانی ئازیزی ”ڕەمەزان“ی ڕەمزی ئیماندار، دەکەینە قوربانت.

ئــەی مـەعـبوودە مەحبووبەکەی دڵە موشتاق و تامــەزرۆ! وا ئـەمجارەش بە جەستەی خەستەی خاکینی شەکەت و ماندوومانەوە، بە ترووسکەیەک لە ئیمان و عەهد و پەیمانەوە، بە دونیایەک ئومێد و تامەزرۆیی و شەوقی ویساڵەوە، سەحەرخێزان و بە زمان و دڵ و گوێ و گیان و چاوی بەڕۆژووە ڕۆژێکی دیکەی پڕ نوور دەگەیەنینە غرووبێکی نوورینتر و ساتەوەختی بێدەنگی پڕ لە نەغمە و دەنگی نزا و تکا.

ئــــیلاهــی! ئەوا ئێمە تەنافی کاتژمێرەکانی کاتی سەحەر گرێ دەدەین لە وەختی ”افطار” و بەربانگ و نەمانی تینوویەتی زاری تەژنە و تەژنەتربوونی دڵی تینوو و کاتی تەڕبوونەوەی دەمارەکان و مسۆگەربوونی پاداشتی نەبڕاوە و ڕەزامەندی و قبوڵبوونی ڕۆژووی ڕۆژمان.

یـاڕەب! ئێمە دەزانین کە بەم نزا زەلیلانەی غـرووب و بەم تکایانەی ساتی بەربانگ، تینوویەتی کۆچ ده‌کا و بارگەی دەپێچێتەوە و دەمارە وشک هەڵهاتووەکانیشمان تەڕ دەبنەوە و چاوەڕوانی پاداشتی نەبڕاوەت دەکەن، باوەڕ ناکەین تۆی ئازیزیش لەوە زیاتر لە چاوەڕوانی ڕازیبوون و گیرابوونی نزاکانمان بمانهێڵیتەوە.

ئەی مەحبووبی دڵی بێ دڵانی دڵدار! دڵمان کورسی عەرشی مەحەببەتی تۆیە و بێ حزووری تۆ بوونی نییە، ئێمەی ”بێ دڵ” بە یادی تۆی یاری مەحبووبەوە هەمیشە دڵگەرمی دڵداری کردنین، دەسا تۆش ئەی یار و یاوەرە یاریدەرەکەمان، دڵمان بدەرەوە و دڵنەواییمان بکە ئەی دڵنەوازی دەهەندەی دڵاوا .

خوایە گیان! ئەی ئەو میهرەبانەی کە ڕۆژت دروست کرد بۆ کار و فەرمان و شەوت خوڵقاند بۆ ئیستڕاحەت و پشوودان! ئێمەی بەندەی ”صائم”ت سپه‌ینان و لە سەحەردا و لەگەڵ خواردنی لوقمە لوقمەی خواردنی سه‌حه‌ری و پارشێو و بە دەم قومە قومەی داوای بەخشش و لێبووردنت لێ دەکەین و بەو هیوایه‌ین بمانخەیتە ڕیزی ئەوانەوە کە «وبالاسحارهمیستغفرون».

ئەی کەریمی خاوەن کەرەمی بێ چوون! ئێمەی ناچیز و ئاتاجی مەرحەمەتی بی ئەنداز و مەحەببەتی بێ هاوتات، لەم مانگی نوور و دابەزینی نووری قوڕئانه‌دا، زیاتر لە مانگ و ڕۆژ و کاتەکانی دیکە ڕووی دڵمان لە ئاستانەی ڕەحمەتت ناوە و زێدەتر لە جارانیش ڕوومان لە مزگەوت و سوجدەگا و ماڵەکانت کردووە، لەوەش زیاتر هەندێ لە ماڵە بێتفاقەکانی خۆیشمان کردووەتە مزگەوت و مەجلیسی زیکر و ناوی تۆی خاوەن جەلال و جەمالی تێدا بەرز و پیرۆز ڕادەگرین، هەر لەوێ و لەو شوێنە پیرۆزانەشدا نوێژ و زیکر و تەسبیحات و تەڕاویح ئەنجام دەدەین و شەو و ڕۆژەکان زیندوو ڕادەگرین، بۆیە چاوەڕوانین فریشتەکان دەورمان بدەن و ڕەحمەتت دامانپۆشێت.

خوایە گیان! ئێمە وازمان لە هەندێ کار و سەرقاڵی هێناوە بۆ ئەوەی تۆی مەزن لێمان ڕازی ببیت، هەروەک نەمانهێشت کار و کاسبی و سەرقاڵییەکانی ژیان، قیامەت و زیکر و یادی تۆ و نوێژ و خێر و زەکات و بەخشینمان لەبیر ببەنەوە، دەسا خوایە گیان تۆش بە لوتفی خۆت لەناو جەمع و کۆمەڵێکی زۆر باشتر لە ئێمەدا بیر و زیکرمان بکە و فه‌رامۆشمان مەکە.

ئەی خواوەندی خاوەنی قەهر و مەحەببەت! باش دەزانی کە ئێمە هەموو ئەم کارانەمان بە دڵ و باوەڕەوە و هێندێکی کەمی لەبەر ترس و تووڕەبوون و خەشم و سزای تۆ ئەنجام داوە، بەشێکی ئێجگار زۆریشی لەبەر عیشق و مەحەببەت و ئەوینی زۆرمان بۆ زاتی وەدوود و مەحبووبت ئەنجام داوە، لەوانەیە بەشێکیشی لەبەر پاداشت و نیعمەت و خێرە نەبڕاوەکانت بووبێت، دەسا تۆش ئەی خوای گەورە و بەتوانا، لە قەهر و خەشمت بمانپارێزە و بە عیشق و خۆشەویستیت ڕازی و دڵخۆشمان بکە و بە نیعمەت و خەڵاتەکانیشت پاداشتمان بدەرەوە و کەرمکە پێمان.

خوایە گیان! گیانمان بە قوربانت، ئەڵبەت ”موفتی زادە” گوتەنی: نەک گیانێ سەد گیان، ئێمە تامەزرۆیانە و شەیدایانە و عابیدانە پێشوازیمان لە مانگی پڕ خێری ڕەمەزان کرد و هێندەش کە دەتوانین هەوڵ دەدەین، چون و شایستە میوانداری میوان و خەڵاتە گرانبەهاکەت بکەین.

ئیلاهی! تۆ لە قوڕئانە پیرۆزەکەتدا و سەروەری نازداریش لە فەرموودە شیرینەکانیدا باسی خێر و پاداشتە فراوانەکانی ئەم مانگە نوورینەتان بۆ کردووین، خوایە گیان ئێمەش ـ بەم کەم تفاقییەی خۆمانەوە ـ چاومان لە هەموو خێر و خەڵات و پاداشتەکانی ئەم مانگی نوورییە و ئومێدی زۆریشمان بە مەغفیرەتە و مەرحەمەت و کەرم و بە خششی تۆ هەیە و گومانی باشمان بە خوایەتی زاتی خاوەن عەتا و نیعمەتت هەیە، هەر بۆخۆشت فەرمووتە: «ٲنا عند حسن ظن عبدی بی…» دەی ئێمە گومانی زۆرمان بە ڕەزامەندی و خۆشەویستی و لیقا و دیدار و دواجاریش بە بەهەشت و مەقامە بڵند و بەرزەکانی فیردەوس و عیللییین هەیە، دەتوخوا خوایە گیان بە ناوی خۆت سوێندت دەدەین کە بێبەشمان مەکە و دڵخۆش و ڕازیمان بکە و شوێنە زۆر باش و بەرز و بڵندەکانمان پێ ببەخشە.

ئەی خوا ئازیزەکەی دڵی خوا دۆستەکان! ئێمە بە دڵ و گیان و بە باوەڕی پتەوەوە ڕۆژووی ڕەمەزان دەگرین، دەخوازین تۆش بە کەرەمی بێ ئەندازە و دەسەڵاتی خوایانەت هەر لە ده‌یەی یەکەمی ئەم مانگەدا لە گوناهەکانمان خۆش ببیت، لە ده‌یەی دووەمیشدا بەزەییت بە حاڵی شڕۆڵ و کڵۆڵ و تفاق و توێشووی خێر و حەسەناتماندا بێتەوە، لە دەیەی سێهەم و کۆتاییشدا ئازادت کردبین لە قەهر و سزا و لە هەرچی قسوور و کەمتەرخەمی و کرچ و کاڵی و ناتەواوییەک کە هەمانبووە، تاکوو بچینە ڕیزی ئەوانەوە کە پاک بووبینەوە لە گوناهی لەوەو پێشمان و ”ایمانا و احتسابا” لێت قه‌بووڵ کردبین و لە ژەنگ و ژاری گوناهـ پاکت کردبینەوە.

ئەی دۆستە بێوێنەکەمان و ئەی ئارامی گیان و مایەی ئاسودەیی دڵی بێقەرارمان! تکا دەکەین تکا، ببە بە دۆستمان و لە تاریکی ستەم و گوناهـ و غەفڵەت دەرمان بهێنە و بمانخەرە ناو ڕووناکی و ڕۆشنایی ئێمان و باوەڕەوە.

خوایە گیان! خۆت باش دەزانیت کە ئێمە عەیامێکە ئیمانمان پێ هێناویت ـ ئەگەرچی ئیمانەکەمان کرچ و کاڵ و لاوازە ـ ئەوەتا خۆت لە پەیامە پیرۆزەکەتدا فەرمووتە: «اللە ولی الذین امنوا یخرجهم من الظلمات الی النور…» دەسا خوایە گیان بمانکە بەندەیەکی ئیماندار و وەلی و دوستی خۆت و تۆش ببە بە وەلی و دۆست و پشت و پەنامان «یا ولی».

ئەی بەخشەری گیان و مایەی ژیان و هێزی مان و ئارامی گیان! وا ئێمە بەدەم زمانی بەڕۆژووە و لەم ساتی گیرابوونی نزا و پاڕانەوەیەدا، هاتووینەتە حزوورت و دڵنیات دەکەین لەوەی کە ئۆقرە و ئارام ناگرین و کۆڵ نادەین لە نزا و تکا و پاڕانەوە، تاوەکوو لێمان نەبووریت و دڵخۆشمان نەکەیت بە بەخشین و لێبووردن و مەرحەمەتت، جارێکی دیکەش دڵنیات دەکەین کە تاوەکوو شیرینی ئیمان و باوەڕمان پێ نەچێژیت، ژیانمان تاڵ دەبێت، ئۆقرە و ئارام ناگرین تا ناو و یاد و زیکرت لەسەر زار و لەنێو زەین و لەناخی دڵماندا نەبێتە میوانێکی ئازیزی هەمیشەیی، بەردەرگای ڕەحمەت و «اجابة دعوة»ی تۆی «مجیب»یش چۆڵ ناکەین و بەجێ ناهێڵین تا لێمان خۆش نەبیت و بە نیگایەکی کەریمانە و ئیلهامێک بۆ دڵی تاسەوسەندوومان موژدە و مزگێنی لێخۆشبوون و ڕازی بوونت نەکەیتە خەڵاتمان.

خوایە گیان! ئێمە بەم گومانە باشەوە هاتووینەتە دیوانت، قەت باوەڕ ناکەین توش نائومێدمان بەکەیت، نه‌ک ئەوە به‌ڵکوو دەمانەوێ مەقامی «بەندە» و خواناسێکی خواپەرەستی خوادۆستمان پێ ببەخشیت کە لە دەروازەی «ڕەییان»ەوە بێینە ماڵە لێوانلێو لە ناز و نیعمەتەکەت و لەگەڵ خۆشک و برا «صائم»ەکاندا کۆڕ و مەجلیسمان گەرم لە تەڕاویحەکانی شەوانی قەدر بکەین.

 

نووسه‌ر: مودریک عەلی عارف

ده‌نگێ نه‌دراوه

وه‌ڵام بدەوە

ناوه‌رۆکی ئه‌م به‌شه‌ شه‌خسیه‌و به‌شێوه‌ی گشتی پێشان نادرێت.
1 + 8 =
Solve this simple math problem and enter the result. E.g. for 1+3, enter 4.