وەڵامی بۆچوون بدەوە

كۆڕۆنا چەمك و بۆچوونەكانی گۆڕی و ئەوەی كە لە مەحاڵ دەچوو، كردییە واقیع

كۆڕۆنا چەمك و بۆچوونەكانی گۆڕی و ئەوەی كە لە مەحاڵ دەچوو، كردییە واقیع

تۆ بڕوا بكەیت یان نا...
كۆڕۆنا چەمك و بۆچوونەكانی گۆڕی و ئەوەی كە لە مەحاڵ دەچوو، كردییە واقیع.
لەگەڵم وەرە با پێكەوە بڕوانینە ئەوەی كە بەڕێوەیە و دێتە پێش، ئیتر بڕوا بكەیت یا نا، ئەوە ڕاستییەكەیە.گومانی تێدا نییە كە قودرەت و توانایەكی حەكیمانە نەخشەی مەشخەڵ و دیاردەكانی ژیان دەكێشێ‌، لەوانەیە زۆر كەس هەبن لە دیمەن و هاوكێشە ئاڵۆزەكانی تێ نەگەن، بەدڵنیایی كە لەناو جەرگەی تاقیكردنەوە و كارەساتەكان و چەرمەسەرییەكانەوە بەخشش و خۆشنودیی و بەزەیی لەدایك دەبێت، لە مردن ژیان بەرپا دەبێت، لە مەسەلە دژ بەیەكەكانیشدا بەهەمانشێوە ئەو حیكمەتە دەردەكەوێ‌ كە جگە لە ژیرمەندەكان كەسی تر لێی تێ ناگات.
ڕەحمەتی خوای گەورە لە مامۆستای شەهید سەیید قوتب بێت كە لە نامەیەكیدا بەناوی دڵخۆشییەكانی ڕۆح دەڵێت: «خۆر هەڵدێت و ئاوا دەبێت، زەویش بەدەوریدا دەسوڕێتەوە، لەو ڕووداوەوە ژیان لێرە و لەوێ‌ بەرپا دەبێت. هەموو شتێك زیندووە و لە گەشە دایە، گەشە لە ژمارە و لە جۆردا، گەشە لە چەندێتی و چۆنێتیدا. جا ئەگەر مردن لەباریدا بوایە و شتێكی بهێنایەتە كایە، ئەوا درێژەدان بە ژیان دەوەستا! بەڵام ئاشكرایە كە مردن لەچاو ژیانی بەخشەر و بەروەپێشچوو و ئاوەدانییەوە، هێزێكی كەم و بەرتەسكە!»

مرۆڤیش پەلەیەتی لەوەی چۆن بێت ڕاڤەی ڕووداوەكە بكات كە وەك خراپەیەك دێتە پێش چاوی، ئەمەش لەكاتێكدا كە هەموو تاقیكردنەوەیەك بەخشش و خەڵاتێكی گەورەی تێدایە.

كێ‌ بڕوای دەكرد ئەگەر پێش چەند مانگێك بمانوتایە كە سوپا و سەربازانی دەوڵەتە زلهێزەكان لەجیاتی ئەوەی بێن لەدوای گردبوونەوە و ئاڵەنگاری هەر بینراو و نەبینراوێك لە هەڵپەدابن بەدوای یەكدا و دابارێن بەسەر خەڵاتی سەركەوتندا!؟ كەچی وا ئەمڕۆ دەیانبینین لە ترسی مردنێكی تاڵ بە ڤایرۆسێك، بەدوای یەكدا هەڵەداوان و لە پڕژ و بڵاوبوونەوە دان!

كێ‌ بڕوای دەكرد سەرۆكی بەهێزترین دەوڵەتی سەربازی و سیاسی و ئابووری لەبەردەم ڤایرۆسێكی نەبینراودا دەستەوسان بێت!؟

كێ‌ بڕوای دەكرد كە ڕۆژێك دێت كۆچی نایاسایی پێچەوانە دەبێتەوە! ئا ئەوەتا ئیسپانیا كە پێشتر دەیناڵاند و سكاڵای دەكرد بەدەست گرفتی كۆچی كۆچبەرانی نایاساییەوە، كەچی ئەمڕۆ لە ترسی كۆڕۆنا كەشتییە نایاساییەكانی كە كۆچبەرانی ئیسپانیان هەڵگرتووە، بەرەو مەغریب ڕەوانە دەكات.

كێ‌ بڕوای دەكرد گەر پێی بوترایە دەرمانی دەردت لە ماڵەكەی خۆتدایە و لە دەرمانخانەدا نییە، چارەسەرەكە بریتییە لە قەڵغانی بەرگری سروشتیی نەك لە شلەییەكی كیمیاوی بكرێتە جەستەی نەخۆش!؟

كێ‌ بڕوای دەكرد ڕۆژێ‌ دێت كە بانگی نەمر و هەمیشەیی (الله أكبر أشهد أن لا إلە إلا الله...) لە ئەورووپادا لەدوای قەدەغەكردنێكی درێژخایەن، ئەمڕۆ بەرز دەبێتەوە و لەبەرانبەردا مزگەوتەكانی خۆراوا هەماهەنگی دەنگ و هاواری زوڵاڵی مزگەوتەكانی وڵاتە عەڕەبی و ئیسلامییەكان دەكەن!؟

كێ‌ بڕوای دەكرد كەعبەی پیرۆز و مزگەوتی پێغەمبەر (دروود و سه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت) دەرگایان دادەخرێ‌، لەكاتێكدا دەرگا و بۆشایی هەمووی جیهان واڵایە بۆ بەرزكردنەوەی ناوی خوا و پێغەمبەرەكەی!؟

كێ‌ بڕوای دەكرد ڕۆژێ‌ دێت باسی چاكەی ڕێنماییەكانی پێغەمبەری خوا موحەممەد(دروود و سه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت) لەسەر لاپەڕەكانی بەهێزترین و گرنگترین و مەترسیدارترین ڕۆژنامەكانی جیهاندا بكرێت!؟ پەڕاوەكەی خوای گەورە لە شوێنەكانی وانەوتنەوە لە كۆشكی سپیدا بخوێنرێتەوە!؟

كێ‌ بڕوای دەكرد ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆ دێت که وڵاتێكی وەك مەكسیك پێدابگرێ‌ لەسەر دابڕان و رێگریكردن لە هەر كۆچبەرێك كە بیەوێت لە ئەمەریكاوە بێتە ناو مەكسیك، ئەمەش لەدوای ئەوەی كە پێشتر ئەمەریكا داوای ئەوەی دەكرد كە دیوارێكی لێكجیاكەرەوە بەرز بكاتەوە و هەرجۆرە هەوڵێكی دزەكردنی مرۆڤ لە مەكسیكەوە بۆ ئەمەریكا قەدەغە بكات.

پێش مانگێك كێ‌ بڕوای دەكرد ئەو باڵندانەی كە لە قەفەسدا دادەنران و بەند دەكران، وا ئێستە ئازادن و بەپێچەوانەوە ئەو مرۆڤانەی كە ڕێگیریان لە فڕینی باڵندەكان دەكرد، خۆیان توندی ماڵەكان بوون!؟


كێ‌ بڕوای دەكرد سەرۆك وەزیرانی پێشووی سۆماڵ، وڵاتی خۆی جێدەهێڵێ‌ و دەڕوات تا لە بەریتانیا نیشتەجێ‌ ببێ‌ و لەوێ‌ بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیان لەدەست بدات، كەچی لە بەرانبەرەوە ئەو شاندە ئیتالییە كە بەسەردانی فەرمی لە سۆماڵ بوو، لەدوای تەواوبوونی ماوەی سەردانەكەی، داوا دەكات ماوەی سەردانەكەی بۆ درێژبكرێتەوە و لە سۆماڵ بمێنێتەوە!؟


كێ‌ بڕوای دەكرد شەقامەكانی شارە گەورەكانی ئەورووپا لە هاتوچۆكاران و گەشتیاران چۆل دەبن و مراوی و ڕێوی لەجێگایاندا بەو شەقامانەدا دەسوڕێنەوە!؟


كێ‌ بڕوای دەكرد پزیشكەكان دەمرن و ئەو نەخۆشەی که پزیشكەكە چارەسەری بۆ دەكرد، دەمێنێ‌ و پزیشكەكە خۆی دەمرێ‌!؟

پەند و عیبرەت لە ڕووداو و مەسەلەكان لە كۆتایی و سەرەنجام دایە، نەك لە وێنەی ڕواڵەتییه‌کاندا! كەواتە پەلە مەكەن و خێرا حوكم مەدەن بەسەر مەسەلەكدا پێش كۆتاییهاتنی، بەبیر خۆتان بێننەوە بیلالی حەبەشی كە چەكمە و قاچی بێباوەڕانی بەسەریەوە بوو، كەچی دواتر بەرز دەبێتەوە و لە سەربانی كەعبەی پیرۆز بانگ دەدات و قاچەكانی دەخاتە سەر سەری ئەو كەسەی كە ئازار و ئەشكەنجەی دەدا!؟


كێ‌ بڕوای دەكرد پێغەمبەری ڕێزدار(دروود و سه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت) بە تەنها و بێكەس لە تاریكیی شەودا كە مەككەی جێهێشت، دواتر بە ڕۆژی ڕۆشنا بەیاوەری دەهەزار هاوەڵ و جەنگاوەری ڕزگاركەرەوە دەگەڕێتەوە ناو مەككە.

بەدڵنیایی خوای گەورە هەر فەرمانی خۆی جێبەجێ‌ و پایەدار دەكات، لە ئایندەدا ئەم سەردەمەمان دەگۆڕێ‌ بە سەردەمێكی چاكتر و جوانتر. باش گومانبردن بە خوای گەورە، بەشێكە لە جوان بەندایەتیكردن و پەرستنی خوای گەورە، چونكە بەدڵنیایی كە لەدوای هەر سەختی و تەنگانەیەك دەرووی خێر واڵایە.

ئەی پەروەردگارمان، ئەی ئەو زاتە كە دڵەكان بەو بارەدا دەخەیت كە خۆت دەتەوێت، دڵی ئێمەش دامەزراو بكە لەسەر هەق و ڕاستی و پەنات پێ دەگرین لە خراپی سەرەنجام، عاقیبەتمان بەخێر بگێڕە.

ئامین

ده‌نگی ئێوه ناوه‌ندی ده‌نگه‌کان: 5 (1 vote)

وه‌ڵام بدەوە

ناوه‌رۆکی ئه‌م به‌شه‌ شه‌خسیه‌و به‌شێوه‌ی گشتی پێشان نادرێت.
1 + 1 =
Solve this simple math problem and enter the result. E.g. for 1+3, enter 4.