وەڵامی بۆچوون بدەوە

پرسی زمانی دایکی و ئەرکی کۆمەڵگا

نووسەر: 
پێژمان حەبیبی
پرسی زمانی دایکی و ئەرکی کۆمەڵگا

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، لە دەرەنجامی ستەم و کارەساتێکی خوێناوییەوە لە لایەن ڕێکخراوی یونسکۆی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری کراوە. له ساڵی ١٩٥٢ی زایینی پاکستان بڕیاری دا بە زەبری زۆر، زمانی ئۆردوو بەسەر گەلانی پاکستاندا بسەپێنێت، خه‌ڵکی به‌نگاڵ به تایبه‌ت خوێندکاران دژ به‌م کاره نامرۆڤانه‌ و نادیمۆکراتییانه‌ی حکومه‌تی پاکستان ڕاوه‌ستان. خوێندکاران وه‌ک ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه و خه‌ڵک بە ئارامی خۆپیشاندانیان ساز دا. به‌ڵام حکومه‌تی پاکستان به هێزی پۆلیس هێرشی برده سه‌ر خۆپیشانده‌ران و تاقمێک له‌وان کوژران. ئه‌و هەوڵه‌ی پاکستان بۆ سه‌پاندنی زمانی ئۆردوو به سه‌ر زمانی زگماکی نەتەوەکانی دیکەی پاکستان، له ئاکامدا بوو به هۆی جیابوونەوەی وڵاتی بنگلادیش له پاکستان. 

لە ساڵی ١٩٩٩ی زایینیەوە یونسکۆ بۆ گرینگیدان به زمانی زگماک و ڕێگری له لەناوچوونی زمانی زگماک، رۆژی دووی ڕەشەمەی وەکوو ڕۆژی ڕێزگرتن لە زمانی دایکی دیاری کرد. 

زمانی دایکی لەبەر ئەوەی زمانی ئاخاوتن، فەرهەنگی خۆماڵی و زمانێکە مرۆڤ پێی گۆچ کراوە، دەبێتە سەرچاوەی هزر، دنیابینی و خەیاڵی مرۆڤ و لە هەموو کایەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵگەدا ڕەنگ دەداتەوە. زمانی زگماک بناغەی هزر و بیر و شوناسی مرۆڤە. مرۆڤ بەبێ زمانی زگماک شوناسی نییە، ئەو مرۆڤەی زمانی زگماکی خۆی چاک فێر دەبێت و چاکی بەکاردێنێت هزر و بیری بەرفرەوانتر دبێت. متمانە و پەرمین و باوەڕبەخۆبوون بە مرۆڤ دەبەخشێت. زمان لە ڕەخسانی دەرفەتی تێفكرین و هزرین و قوڵبوونەوە بۆ ئاستەكانی ئافڕاندن، ڕۆڵی كاریگەری هەیە. زمان لە بیچم‌گیری و ڕواڵەت بەخشی و پێکهێنانی كەسایەتی تاك و ناسنامەی كۆمەڵایەتی و كۆی كولتووری گشتیدا کاریگەری ئێجگار زۆری هه‌یه.

 زمان گرنگترین ئامڕازی پەیوەندی كولتووری و ڕەوایەتی مێژوو و هێڵانەوەی یادەوەری بەكۆمەڵ و ناسنامەی جەماوەر و گەلانە.

یەکەم بایەخی زمانی دایکی بۆ هەر نەتەوەیەک ئەوەیە کە ئەوەی وا لە ناختدا هەیه، دەتوانی بە ئاسانترین و ساکارترین شێوەی دەربڕین، بیگوازیتەوە بۆ بیسەر و بەردەنگەکەت؛ چون جگە لە زمانی دایکی هیچ زمانێکی تر ناتوانێت به ئاسانی مەبەست و قسەی شاراوەی دەروون دەربخات؛ گەر زمانی دایکی نەبێت، دایکێک چۆن کۆرپەکەی بلاوێنێتەوە! ئەویندارێک چۆن بە قەد و باڵای یارەکەیدا هەڵبڵێ!؟

 هه‌ژاری موکریانی ده‌ڵێ:

قه‌واڵه‌ی بوون و مانه‌وه‌ی گشت نه‌ته‌وه‌کانی سه‌رزه‌وی، زمانه.

زمان نه‌مێنێ بوون له نێو ده‌چێ. زمانی كوردی لە مێژووی كۆن و نوێی ئێمەدا فاكتەرێكی سەرەكی ڕاگرتنی كورد بووە وەك نەتەوە. زمان، شادەماری ڕۆحی نەتەوەیە، بەو پێیە ئەو نەتەوەیە زیندووە کە زمانەکەی زیندوو بێت. چونکە لەڕێی ئەم شادەمارەوە خوێنی نیشتماندۆستی و هەستی نەتەوەیی دەگاتە هەموو دەمارەکانی دیکەی تاک بە تاکی کۆمەڵ. 

سەرەڕای ئەمەش زمان زیاتر لە سیاسەت و ئابووری، توانیویەتی خزمەت بە یەكێتی نەتەوەیمان بكات.

ئێسته پرسیار ئەوەیه ئێمه چۆن دەتوانین زمانی زگماکی خۆمان بپارێزین و له ئاسیمیله‌بوون له نێو زمانەکانی ‌تر یا ڕێگە نەدەین زمانەکەی خۆمان لەناو بچێ؟

دیارە پاراستنی زمان تەنیا ئەرکی چەن پسپۆڕ و چەند ناوەندی تایبەت نییە، بەڵکوو ئەرکی له مێژینەی کۆمەڵگایه، مامۆستا “موحه‌ممه‌د خاڵ” له سه‌ر بایه‌خی زمان ده‌ڵێ:

"کۆمه‌ڵگا بەبێ زمان و بەبێ فه‌رهەنگ له ژێر پێی نه‌ته‌وه‌کانیتردا ده‌پڵیشێته‌وه. نەتەوەیەک زمانی دایکی خۆی لە بیر بکا دەبێتە ژێردەستە و کۆیلەی فەرهەنگی ئەو گەلە زاڵەی کە زمانی بە سەردا سەپاندووە. ھەروەھا پێشکەوتنی نەتەوە و پەرەسەندنی خودی زمانی نەتەوە لە پێوەندییەکی پتەودان. ھیچ نەتەوەیەک بە بێ زمانێکی تایبەت و ھاوبەش وێنا ناکرێت.  بۆ نەسڕانەوەی ھەر کەمینە و ھەڵگرتنی ھەر یادەوەرییەکی کۆن، زمان گەورەترین فاکتەر و پێداوییستیە".

 فێربوونی هەر زمانێک پێویستی بە تێپەڕاندنی چوار قۆناغ هەیە: بیستن، ئاخاوتن، خوێندن و نووسین. ئەگەر کەسێک لە ڕەوتی فێربوونی زمانەکەیدا ئەم چوار قۆناغە تێپەڕێنێت، یەکگرتوویی فیکری، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی پیک دێت و کۆمەڵگە لە گەیشتن بە ویست و داخوازەکانی زۆر نزیک دەبێتەوە. 

۱ــ یەکەم هەنگاو بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە لە بنەماڵە‌ی خۆمانەوە دەست‌ پێ بکەین، لەم بوارەدا دایکان لە نێو بنەماڵەدا، نەخشێکی هەرە گرینگیان هەیە؛ دایکان پێیان شوورەیی نەبێ بە زمانی خۆیان قسە بکەن و خۆیان بە کەم نەزانن چونکوو گەورەترین هۆی بە زمانی بێگانە قسەکردن خۆ بە کەم زانینە! دایکان جگه له ئەوەی که ئەبێ نەهێڵێ منداڵەکەی وشە‌ی بێگانە وەکوو: "مامان"، "خالە"،"عمە"، "دایی"، "عمو"، "زن دایی"، "زن عمو"، و..... بەکار بێنێ، ده‌بێت خۆیان بە باشی زمانی ستانداردی کوردی فێر بن و ئه‌و زمانه ستاندارده بە باشی فێری منداڵەکانیان بکەن.

۲ــ ئەرکی پاراستنی زمان زۆرتر له سەرشانی ڕێکخراوە ناحوکمییەکان، شاعیران، نووسەران، ڕۆماننووسان، گۆرانیبێژان و وێژه‌رانه. ئەوانە پێویستە زۆر هوشیارانه  بۆ نووسین و ئاخاوتنیان له زمانی پێوەری کوردی کەڵک وەربگرن. دەبێت  زاراوە جیاوازەکانی زمانی پێوەری کوردی وەک دەرفەت چاو لێ بکەن و له نووسین و ئاخاوتندا بۆ هاوتاسازی لە هەمبەر وشەی بێگانە کەڵکیان لێ وەربگرن.

۳ــ دیارە کەڵک‌وەرگرتن و لێکۆڵینەوەی زۆرتر له زمان دەبێتە هۆی ئەوە که زمان ببێته خاوەن گەنجینەیەی گەورەی زمانەوانی. پسپۆڕانی زمانی کوردی، خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ له دەرەوە و ناوەوەی وەڵات، نەتەنیا دەبێ ساڵانە سەدان لێکۆڵینەوەی زانستی ماجستێر و دوکتۆرا له سه‌ر زمانی کوردی بنووسن، بەڵکوو باشترە خەڵکی بیانیش هان بدەن که لێکۆڵینەوە‌ی ئاکادیمیانه له سەر زمانی کوردی بکەن.

٤ــ هەوڵدان بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی زانستیی زمانەوانی بەدوور لە باندووڕی زاراوە یا بن‌زاراوەیەکی تایبەت و هه‌روه‌ها چێکردنی ڕێنووس و ڕێزمانێکی یەکگرتوو و ستاندارد تا قۆناغی یەکەم کە خوێندن بە زمانی دایکییە، ساناتر بخرێتە بواری جێبەجێکردن. زمانی کوردی پێویستی بە نوێکردنەوەی ڕۆژانە هەیە؛ جیهان بەخێرایی بەرەو گۆڕان و پێشکەوتن دەڕوات بۆیە پێیویستە زمانیش خوی لەگەڵ ئەو گۆڕان و داهێنانادا بگونجێنێت.

ده‌نگێ نه‌دراوه

وه‌ڵام بدەوە

ناوه‌رۆکی ئه‌م به‌شه‌ شه‌خسیه‌و به‌شێوه‌ی گشتی پێشان نادرێت.
12 + 0 =
Solve this simple math problem and enter the result. E.g. for 1+3, enter 4.