وەڵامی بۆچوون بدەوە

ئەهلی سوننەتی ئێران وەک بزاڤێکی کۆمەڵایەتی لە وت و وێژ لەگەڵ عەبدولعەزیز مەولودی

ئەهلی سوننەتی ئێران وەک بزاڤێکی کۆمەڵایەتی لە وت و وێژ لەگەڵ عەبدولعەزیز مەولودی

مەولودی، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمەڵناسی ئێران: کێشەی بەڕێوەبردنی ناوەندە زانستییەکانی ئەهلی سوننەت وەک خۆی بەردەوامە و بە بەردەوامی خوێندکار و فەقێی ئەهلی سوننەت لە فشار دان، بانگ کردنەکان بەردەوامن و تەنانەت هێندێک لەو کەسانە تووشی زیندانی بوون دەبن. ئێستاش بەربەستەکان لەو بوارەدا درێژەیان هەیە و تا ئەو کاتەی کە ئەو کێشانە بەردەوام بن، داوا گشتییەکان بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشانە دەبنە بیرۆکەی پێکهاتنی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی.

ـ هەر بزاڤێکی کۆمەڵایەتی خاوەن چەندین فاکتەرە، وەک: خەباتی بەردەوام، ڕێککەوتنی بە کۆمەڵ، ئاستێك لە ئۆرگانیزە کردن بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان، ڕووبەرێکی ڕۆشنی وەک گۆڕانکاری، پاراستن، جێگۆڕکێ یا لەناوچوونی کۆمەڵایەتی. بە واتایەکی تر بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان خوازیاری سەقامگیر بوونی دیسپلینی نوێ لە ژیانی کۆمەڵایەتین، بەو پێناسانە ئایا بە ڕای ئێوە کۆمەڵگای ئەهلی سوننەت لە ئێران خاوەن ئەو فاکتەرانەی بزاڤێکی کۆمەڵایەتی لە ئێرانی ئەوڕۆدا هەن؟
بە سەرنج دان بەوەی کە لە مێژووی هاوچەرخی ئێران بە بەردەوامی بەستێنێک بۆ بزاڤی کۆمەڵایەتی خەڵک هەبووە، دەتوانین بڵێین کە کۆمەڵگای ئەهلی سوننەتی ئێرانیش بەشێک لەو بزاڤە بووە و لە پاڵ داوا گشتییەکانییاندا کۆمەڵە داوایەکی تایبەتیشی هێناوەتە ئارا. ڕەنگە لە ڕاڤە کردنی ئەو بابەتەش هێندێک کەس دژ بەو بۆچوونە بن و ئەو بابەتە لە چوارچێوەی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی دانەبیننەوە و تەنانەت نکۆڵیشی لێ بکەن. ئەوە بابەتێکی ئاساییە، چونکە بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی هەر بزاڤێکی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای ئەهلی سوننەتی ئێڕاندا نابیندرێت. بەڵام ئێمە دەبی دان بەوە بنێین کە بزاڤەکان بە کۆمەڵێک کێشە دەست پێ دەکەن و دواتر دەگەنە قۆناغی بێداری و ئاگادار بوونەوە. بەم هۆیە دەتوانین لە سەر ئەو داوایە سوور بین کە ئەهلی سوننەت لە ئێران لەگەڵ داواکاری و یا بە شێوازێکی دیکە بڵێین لە گەڵ هێندێک گرفت ڕووبەڕوون کە بە هێنانە ئارای ئەو گرفتانە بە شێوازی جۆراوجۆر، بواری جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتییان پێکهێناوە. هەر وەک گوتم ئەو گرفتە لە دەرەوەی بازنەی بەستێنی سەرەکی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی خەڵکی ئێران نییە و بەشێک لە داواکانییان هاوتەریب لەگەڵ داوا گشتییەکانی بزاڤی کۆمەڵایەتی ئێرانە. هەڵبەت بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ئاشتیخوازانەی خەڵکی ئێران قۆناغەکانی جۆربەجۆری خامۆشی و هەستانەوە و لەم چەشنەی تێپەڕ کردووە.

-بەڕای ئێوە ئەو فاکتەرانەی کە بۆ ئەهلی سوننەت لە ئێراندا وەکوو بەشێک لە بزاڤی کۆمەڵایەتی ئێران ئەژمار دەکرێن، کامەن؟
زۆر ئاساییە کە بزووتنەوەکان بە داواکارییەک یا چەندین داواکاری تایبەت دەست بە جوڵانەوەی خۆیان دەکەن. دەتوانین بڵێین کە ئەهلی سوننەتی ئێران کۆمەڵە داواکارییەکی هەیە کە لە ڕابردووشدا ڕایانگەیاندوون. یاسای بنەڕەتی ئێران بەشێک لە ماف بۆ موسوڵمانانی ئەهلی سوننەت –ئایینزا ئیسڵامییە نافەرمییەکانی وڵاتی ئێران ـ ڕەچاو کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە پێویستە لە مافە بنەڕەتییە گشتییەکان کە یاسای بنەڕەتی بۆ هەموو شارۆمەندانی ئێران ئاماژە پێ داوە بەهرەمەند بن. شێوازی هەڵسوکەوت لە گەڵ ئەهلی سوننەت لە سەرەتای شەڕ و دوای تێپەڕبوونی شەڕیش لەو بۆچوونە ڕامیارییانەی کە لە ناو دەسەڵات دا خەریکی جموجۆڵ بوون کاریگەری وەرگرتووە. بەو مانایە کە لە سەردەمی ڕێفۆرمخوازەکاندا بە سەرنج دان بەوەی کە ڕێفۆرمخوازان گرینگییان بە مافی خەڵک و هەروەها بە مافی مرۆڤ دەدا، بواری دەستەبەرخستنی بەشێک لە مافە گشتییەکان بۆ ئەهلی سوننەت تەیار بوو. بەڵام بە سەرنج دان بەوەی کە ڕێفۆرمخوازەکان لەو پەڕی دەسەڵاتی یاسایی کە بوویان، نەیانتوانی بە شێوەی پێویست لە هێز و دەسەڵاتی خۆیان کەڵک وەربگرن، تەنانەت لەو سەردەمەشدا تووشی هێندیک بێ هیوایی و ناکامی بوون. بۆ نموونە دەکرێ ئاماژە بەوە بکەین کە داخوازی بۆ هەبوونی مزگەوت یا چەند مزگەوت بۆ ئەهلی سوننەت لە تاران، بێ وەڵام مایەوە، داوای کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی هەڵکەوتەکانی ئەهلی سوننەت لە پۆستە دەوڵەتییەکان، لە گەڵ وەڵامێکی زۆر توند و نەرێنی ڕووبەڕوو بۆوە وەک دژایەتی لە هەمبەر وەرگرتنی پۆستی شاندی سەرۆکایەتی مەجلس شەشەم لە لایەن دکتۆر جەلالیزادە، بانگ کردنی زانایانی ئایینی ئەهلی سوننەت بۆ دادگاکانی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی و فشار بۆ جێهێشتنی شوێنی خزمەتیان و چەندین دیاردەی تری لەو جۆرە. بە سەرنج دان بەوەی کە هێندێک تەیاری توندڕەو لە وڵاتدا خەریکی جموجۆڵن و دژایەتی پەرەسەندنی مافی ئایینزا و ئایینه نافەرمییەکانی وڵات دەکەن و دەستە و گروپێکی بەهێزیشن، دەتوانین بڵێین کە لە سەردەمی دەوڵەتی نۆیەم و دەیەم و تەنانەت ئێستاش بەشێک لەو کێشە و گرفتانە بەردەوام ماونەتەوە. هەر وەک کە کێشەی مزگەوت لە تاران، ئێستاش هەر بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە و لەم دواییانەشدا بەڕێز عەلی موتەهەری ئاوڕدانەوەیەکی جدی لەسەر ئەو داواکارییە هەرە سەرەتاییەی وەک پێویست لە مەجلیس کرد. پرسی بەڕێوەبردنی ناوەندە زانستی و ئایینییەکانی ئەهلی سوننەت وەک خۆی ماوەتەوە، ئەوەش فشار دەخاتە سەر خوێندکاران و فێریارانی ئایینی ئەهلی سوننەت . بانگ کردنەکان هەر درێژەی هەیە و بەردەوامە و هێندێک جار ئەو کەسانە (مامۆستایان و زانایانی ئایینی ئەهلی سوننەت) دەخرێنە بەندیخانە. سەخت گرتن ئێستاش لەو بوارەدا هەر درێژەی هەیە و تا کاتێک کە ئەو گرفتانە بە چارەسەر نەکراوی بمێننەوە، داوا گشتییەکان بۆ چارە کردنی ئەو گرفتانە دەبنە هۆی ئەوەی کە بیرۆکە بۆ سازبوونی بزاڤ پێک بێت.
هەڵبەت من قبوڵ دەکەم کە ئەهلی سوننەت لە ئێراندا، بە هۆی پەرتەوازەیی و هەروەها فرەچەشنیی کۆمەڵایەتی لە هەناوی خۆیدا نەیتوانیوە ڕیبەرێکی دیاری کراو و تۆکمەی هەبێ. هەرچەند فاکتەری ڕێبەرایەتی لە نێودا لەناو نەچووە. ئەهلی سوننەت خاوەنی چەندین تەیاره لە ناو خۆیدا کە دەتوانین ئاماژە بە هێندێکیان بکەین. لەوانە تەیارێک وەک مەکتەب قوڕئان بە ڕێبەرایەتی خوالێخۆشبوو زانای گەورە کاک ئەحمەدی موفتیزادە کە ئەویش هێندێک بیر و بۆچونی جیاوازی لەناو خۆیدا هەیە، جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاح بە ڕێبەرایەتی دکتۆر عەبدوڕڕەحمان پیرانی، مزگەوتی مەککی بە بەڕێوبەرایەتی مەولانا عەبدولحەمید، جەماعەت تەبلیغ و هەروەها جەماعەتی سەلەفی کە لە ناو خۆیاندا بیرۆکەی جۆراوجۆریان هەیە. بوونی چەندین تەیاری جۆربەجۆری ئەهلی سوننەت و هەروەها بوونی نەتەوە و زمانی جۆربەجۆر لەناو خەڵکی ئەهلی سوننەتدا، کێشە و گرفتەکانی نێو جوڵانەوەی ئەو بەشە لە خەڵکی ئێرانی زیاتر کردووە، لەو ڕوویەوە دەتوانین بڵێین کە هەم داواکانیان دیاری کراوە و هەم سازمان و ڕێبەرایەتی لە ئاستێکی سەرەتایی و هەروەها ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی پاراستن و ئافراندنی جوڵانەوە بە بەردەوامی لە ئارا دان.

-یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بزاڤی کۆمەڵایەتی بوونی تێئۆری و تێئۆریسیەنە کە جودا لە تێئوری دان و هەروەها ڕاڤە کردنی دۆخی ئێستا کە بتوانێ بزوتنەوە بەرەو پێش ببات و بۆ مسۆگەربوونی گۆڕانکاری له داهاتوودا، بەرچاوڕوونییەک بداته هێزە کۆمەڵایەتییەکانی نێو بزوتنەوە. وا وێدەچێت کە ئەهلی سوننەت لە بۆشاییەکی تێئۆریک بۆ پێشڤەچوونی بزاڤ تووشی گرفت بووە. ئایا ئەهلی سوننەت ئێستا لە تێئۆرییەکی تایبەتی کۆمەڵایەتی وەکوو جووڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی پەیڕەوی دەکات؟
لەو بوارەوە ناتوانین بۆچوونێکی زۆر جددیمان هەبێ. دروستە کە نەبوونی کەسانێک کە بتوانن لە بواری تێئۆریک بۆ داواکاری و گرفتەکانی ئەهلی سوننەت لە ئێراندا بیرۆکە دابڕێژن جۆرێک لە بۆشایی تێئۆریکی ڕووی داوە. تەنانەت دەتوانین بڵێین کە بە گرفتی بوونی گروهێک یا کۆمەڵێک کە وەک تاقمێکی ڕۆشنبیر کار بکەن و ڕەخنە لە دۆخی ڕابردوو و ئێستای ئەهلی سوننەت و کەم و کورتییەکانی ناو بزوتنەوە بکەن، ڕووبەڕووین. ئەو دیاردەیە دەبێ ڕوو بدات و حەول بۆ پێک هێنانی دەستەیەکی وا دەبێ لە ئارا دابێ. حوجرە و خوێندنگاکانی ئەهلی سوننەت لە ئێستادا تووشی گرفتی زۆر بوون و هەروەها بە بەردەوامیش مانەوە لەو دۆخەدا، یەکێ لە کێشە جدییەکانی ئەو بوارەیە. بابەتێکی دیکە کە جێی ئاماژەیە ئەوەیە کە هێندێک بەربەست لە بەڕێوەبردنی ئەو ناوەندانە بە سەرنج دان بە وەی کە لە ژێر کاریگەری و بەڕێوەبەرایەتی شورای مودیرییەتی ناوەندەکانی گەورەی ئیسڵامیدا (مرکز بزرگ اسلامی) هەن. جیا لەوە پەرتەوازەیی مەدرەسەکان کە بووەتە بەربەست لەوەی کە بە شێوازێکی ڕێک و پێک و یەکپارچە بەڕێوەبچێت. لە باشووری وڵات تا ڕادەیەک خوێندنگاکان ڕێک و پێک ترن و ناوەندە زانستییەکان لە بەرنامە و پڕۆگرامی ڕێک و پێکتر کەڵک وەردەگرن و کەسانێکی شارەزا لەو ناوەندانەدا جموجۆڵیان هەیە. بەڵام ئەو بابەتە لە مەدرەسە و قوتابخانە سوننەتییەکانی کوردستاندا نابیندرێت. لە ساڵانی ڕابردوودا دوکتۆر عوسمانی نوێنەری خەڵکی بۆکان لە پاڕڵمانی ئێران بیرۆکێکی هێنا ئارا لەسەر ئەو بنەڕەتە کە مەدرەسەیەکی زانستی ئایینی بە نێوی ئیمام شافعی پێک بهێندرێت کە ڕۆژئاوای ئێران لە خۆ بگرێت، تەنانەت هێندێک لە زانا ئایینییەکانی ئەهلی سوننەتی ناوچەشی بانگ کرد و هەڵبژاردنی شورای بەڕێوبەرایەتی ئەو قوتابخانەش وەک هەنگاوی یەکەم بۆ ئەنجامی ئەو کارە ڕووی دا. دواتر نەزانرا کە ئەو بابەتە بۆچی تا ئێستا بە بێ دەنگی ڕاگیراوە؟ و بەدواداچوونی بۆ نەکراوە. بە سەرنج دان بەو بابەتانەی کە باس کران دەتوانین بڵێین کە ئەهلی سوننەت لە ئێراندا لە ڕاستیدا بە هیوای گۆڕانکاری لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی بۆ دەستەبەرخستنی ئەو ڕادەیە لە مافە قەبوڵ کراوەکان حەول دەدەن و لەو ڕێگایەشدا، زۆرترین نزیکی لە ڕێفۆرمخوازان دەکەن. هەڵبەت هێندێک لە مامۆستایانی ئایینی ئەهلی سوننەت زیاتر هاوڕا لەگەڵ باڵی بناوانگرن (اصولگرا) کە زۆرتر ئیمام جومعەکانی (دایمی و کاتی) هێندێک لە شارەکانن.

ـ ئایا دەتوانن بە شێوەیەکی دیاری کراوتر ویست و داخوازییەکانی ئەهلی سوننەتی ئێران ئاماژە پێ بدەن؟
لە نێو وەڵامی پرسیارەکانی ڕابردوودا تا ڕادەیەک ئاماژەم بەو داواکارییانە کرد ئەوەی کە بە گشتی هەیە و دێتە بەرچاو و ویستی گشتی ئەهلی سوننەتیشە دەستەبەر کردنی پایەکانی یاسای بنەڕەتی لە بواری ئایینزا نافەرمییەکانە. زۆر ئاساییە کە خوێندنگاکانی ئەهلی سوننەت پێویستە بە شێوازێک بەڕێوە بچن کە سەربەخۆ لە دەوڵەت یا رێکخراوە فەرمییەکان بن. بەڵام لە هەل و مەرجی ئێستادا بەو وانانەی کە لە ژێر چاودێری شوڕای بەڕێوبەرایەتی ناوەندەکان، هەرچەند ڕەنگە نەگوترێ بەڵام بە شێوەی گشتی زانایانی ئەهلی سوننەت هاوڕا لەگەڵ ئەو شێوازە نەبوون. هەڵبەت ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە بە گشتی ئەو ناوەندانە لە ژێر چاودێری فەرمی بڕۆنە دەرێ. بەڵکو بەو مانایەیە کە بەڕێوبەرایەتی ئەو ناوەندانە دەبێ بە زانایانی ئەهلی سوننەت بسپێردرێت و لەو نێوەشدا هێندێ کەسی تر جیا لەو مامۆستایانە بۆ ئاگا لێ بوونی چاڵاکییەکان چاوەدێریان بکەن. وا وێدەچێت کە ناوەندە زانستییەکانی ئەهلی سوننەت لە هەل و مەرجێک کە بە پێی بەرنامە داڕشتنی نێو خۆیی و لەسەر بنەمای بۆچوونی زانایان بەڕێوە بچن، دەتوانن بە شێوەیەکی سروشتی و ئاسایی لە بواری زانستییەوە بەرەو پێش بچن و تەنانەت لە بیری گۆڕانکاری لە بیر و هزر و هەروەها داهێنان لە دوزە ئایینی و ئایینزاکان دابن. کاتێک که وا هەست پێ بکرێت کە ئەوان لە بەڕێوبردنی ناوەندەکانی خۆیان ڕۆڵێکیان نییە و لە پەراوێز دان، یا بە واتایەکی تر لە سەرووی خۆیانەوە ڕێبەرایەتی دەکرێن، ئاساییە کە نە گۆڕانکارییەک ڕوو دەدات و نە داهێنانێک پێک دێت. ئەو کەسانە لەو باروودۆخەدا تەنیا دوورەپەرێز و بێ هەڵوێست بار دێن. سەرەڕای ئەوەش داواکاری بۆ بینا کردنی مزگەوت یا مزگەوتانێک لە تاران هەر هەبووە. لە هیچ شوێنێکی یاسادا بەربەستێک بۆ مسۆگەر بوونی ئەو داخوازییە پێش بینی نەکراوە.

ـ بە بۆچوونی ئێوە ئەوڕۆ ئەهلی سوننەت بۆ گەیشتن بە ویست و ئامانجەکانی لە گەڵ چ کۆسپ و لەمپەرێک ڕووبەڕوویە؟
زۆر لێبڕاوانە دەبێ بڵێین کە تەنیا لە هەمبەر ئەهلی سوننەت نا، بەڵکو لە ئاست هەموو ئایینە نافەرمییەکانی وڵات، هێندێک باڵی دەسەڵاتدار هەن کە پەژرێنەری «دیتران» نین، سەرەڕای ئەوە کە یاسای بنەڕەتی بە ڕاشکاوی لەو بوارەوە دواوە. ئەوانە پێشتریش لە چوارچێوەی مەدرەسە فکری و هزری جۆراوجۆری وەک ئەنجومەنی حوججەتییە و وێنەی ئەوانە لە پۆستەکانی باڵای حکومەتیدا هەبوون. زۆربەی سەختگیرییەکانی ئایینزایی لە وڵاتدا لە لایەن ئەو کەسانەوە ڕوو دەدات. ئەوانە لەسەر ئەو بیر و ڕایەن کە دەبێ خراپە و گەندەڵی زۆرتر بێت تا بواری (ظهور) و دەرکەوتن دابین بێت. هەڵبەت دەسەڵات تا ڕادەیەک پێشی ئەوانەی گرتووە بەڵام هەست پێ دەکرێ کە ئێستاش ئەوانە و هاوبیرانیان لە هێندێک لە جومگەکانی دەسەڵاتدا ماونەتەوە و هەروا بەشوێن ویست و داخوازییەکانیانن.
توند و تیژی ئایینزایی بە هەر شێوازێک بێت دەبێتە هۆی توندڕەوییەکی تر و ئەوە بۆ کیانی کۆمەڵگا و دەسەڵات، گرفت ساز دەکات. ئەو کەسانە تەنانەت پابەندی بنەما یاسایی و تەنانەت مافی وڵاتیش نین و نەبوون. شتێکی وێنەی تاڵبان لە ئەفغانستان و ئەلقاعدە لە وڵاتانی عەرەبی و موسوڵمانن. کەواتە بۆ ئەو کەسانە گرینگ نییە کە چی ڕوو دەدات و یا ئەوە کە ئایا بۆ دەوڵەت و دەسەڵات کێشە و گرفت ساز دەبێ یا نا. ئەوانە لە هەر ئامراز و کەرەسەیەک یارمەتی وەردەگرن کە بەر لە ئەو پەرەسەندن و ئاوەدانییەی وڵات بگرن،کە دەبێتە هۆی چوونە سەری ئاستی بەهرەمەندی ڕێژەی خەڵک بە هەر ئایینزا و ئایینێک، کە ئەوە دۆزێک یا کۆسپێکی مەعریفەت ناسانەیە.

-هێزەکانی کۆمەڵایەتی ئەهلی سوننەتی ئێران کامەن؟ مامۆستایانی ئایینی لەوەدا چ ڕۆڵێکییان هەیە؟
هەڵبەت ناکرێ هێزەکانی کۆمەڵایەتی ئەهلی سوننەت بەشێوەی جیا لە کۆمەڵگای ئەهلی سوننەت تاووتوێ بکرێ. لە ڕوانگەی چینەکانی کۆمەڵایەتییەوە، دەکرێ کۆمەڵگای ئەهلی سوننەت لە چەند توێژی جیاوازدا راڤە بکرێ. لە بواری دەستەبەندی دا، ئەهلی سوننەت لە چینی ناوەنجی و خوارەوەی وڵات جێی گرتووە. چینێکی دەوڵەمەندیش هەن کە ژمارەیەن زۆر کەمە و لەو بوارەوە ڕۆڵی زۆر کەمییان هەیە. زۆرینەی خەڵک لە چینی ناوەنجی بۆ خوارەوەن کە لە گەڵ کەم و کورتییەکانی توانای ماددی و ئابوری وڵات ژیان بەسەر دەبەن. مامۆستایانی ئایینی سوننە مەزەب لە نەبوونی یەکپارچەیی و یەکگرتووییدا، پشتگەرمی خەڵک بوون. هەر بە ڕادەی تواناکانی چینی کۆمەڵگاش توانیویانە گەشە بکەن و پێشکەون. لە ساڵانی ڕابردوودا لە دۆخێکدا بووین کە زۆرێک لە مامۆستایانی ئایینی بە هۆی گوشار و گرفتی ئابوری و یا هۆکاری تر کاری خۆیان لەدەست داوە و ڕوویان کردۆتە بازارەکان و خەریک کاری ئازاد بوون و لە بوار ماددییەوە سەرکەوتوو بوون. ئەوەش بۆتە ئەوه کە لەو بەستێنەی کە تێیدا گەشەیان کردبوو دوور بکەون و نەتوانن ئەرکی ئایینی و ئایینزایی خۆیان جێبەجێ بکەن. ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی کاریگەر لەسەر ئەو ڕەوتە، ئەو سەختگیرییانە بێت کە لەسەر مەدرەسەکانی زانستی ئایینی ئەهلی سوننەت دەکرێن. بەو ڕوون کردنەوەیە دەتوانین بڵێین کە زۆبەی هێزەکانی ئەهلی سوننەت بە زانایانی سوننەتی، گەنجانی زانا و لایەنگری شێوازە نوێیەکان، کەسانی بازاری و سوننەتی و خوێندکارانی زانکۆ دابەش دەکرێن. ئەو هێزانە لە قاپۆرەی جیاوازدا دادەندرێن کە پێشتر ئاماژەم بە هێندێکیان کرد وەکوو مەدرەسەکانی زانستی ئەهلی سوننەت، مەدرەسە نوێیەکان، گروپە کۆمەڵایەتییەکانی کە سەر بە دەوڵەت نین وەکوو جەماعەت دەعوەت و ئیسڵاح، مەکتەب قوڕئان، جەماعەت تەبلیغ و هەروەها شێوازەکانی تری وەک سۆفی و سەلەفی لەم چەشنەن. زۆر ئاساییە کە زانایان دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەریان لەو نێوەدا هەبێ کە جێی متمانەی خەڵکیشن. هەرچەند دەست تێوەردانی سیاسی و دەوڵەتی لە کاری ئەو زانایانەدا، هێندێک جار گرفت لە ڕۆڵی ئەواندا ساز دەکات. بۆ نموونە لە جێژنەکانی ئایینیدا کاتێک کە ڕاگەیاندنی کاتی شەرعی جێژن لەگەڵ ڕای فەرمی جیاواز بێت، زانایان لە هەردوو لاوە تووشی گوشار و فشار دەبن و لە هەر دوو بوارەوە خەساریان پێ دەگات.

ـ بە بۆچوونی ئێوە ڕێبەرانی ئەهلی سوننەت لە ئێستادا توانای دەربڕین و وتووێژی ئەوەیان هەیە کە بۆ داوای مافە گشتییەکانیان دانووستان لە گەڵ حکومەت بکەن؟ ئایا ئەو ڕێبەرانە جگە لە دەربڕین و وتووێژ لە سەرەوە توانیوییانە جەماوەری ئەهلی سوننەت لەگەڵ خۆیان هاوڕا و هاوڕێ بکەن؟
وێناچێت ئەو توانا و هێزەیان هەبێ. تەنانەت ئەگەر توانای پێویستیشیان هەبێ، بە هۆی ئەوە کە وەک سەرچاوەیەکی فەرمی نەناسراون، وت و وێژیان لەگەڵ ناکرێ. ئەو بۆچوونە سەختگیرانە زۆرتر لە نێو توندئاژۆیان و دەسەڵاتخوازاندا هەیە. لە کاتێکدا ڕێفۆرمخوازان و خاوەن بیر و کەسانی تر لەو بوارەوە زۆرتر سازگارییان هەیە. هەر بەو هۆیەیە کە ڕێفۆرمخوازان ئیرادەی قبووڵ کردنییان سەبارەت بە ئەهلی سوننەت یا ئایینەکانی تر زۆرتر بووە و هەیە. بەڵام کێشە ئەوەیە کە ڕێفۆرمخوازان خۆشیان لە ناو حکومەتدا گرفتیان هەیە. سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەت دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە تاقمەکانی جۆراوجۆری ئەهلی سوننەت لە ئێراندا جۆرێک لە بەڕێوبەرایەتی ناوخۆییان هەیە کە دەتوانن بە هەوڵ و تێکۆشانێکی هاوتەریب، گشت ئەهلی سوننەت کە لە هەر شوێنێک لە ئێران بن لە ژێر ڕێبەرایەتی خۆیاندا جێ بکەنەوە. هەڵبەت لەو بوارەوە جیاوازییەکی ڕەفتاری زۆر هەیە، بۆ نموونە شێوازی ڕەفتاری لە کوردستان لە بەراورد لەگەڵ سیستان و بلوچستان و یا شوێنەکانی تری وڵات جیاوازە.

ـ وەک پرسیاری کۆتایی، هەر بزووتنەوەیەک لەگەڵ هەمەچەشنی و زۆری، پێویستی بە ڕادەیەک لە هاوتەریب بوونی ناوخۆی نێوان ئەندامەکانی هەیە. ئایا ڕێبەران، شارەزایان و بزوتنەوەکانی ئەهلی سوننەت ئەو یەکپارچەیی و یەکگرتوویەیان هەیە کە بتوانن شۆڕایەکی هاوتەریب و هاوکار لە ئاستی وڵاتدا پێک بێنن؟
بە سەرنج دان بە وە کە لە دەقی پرسیارەکەتان، بە ڕاستی هەمەچەشنی و فرەیی نێوان ئەهلی سوننەت ئاماژەتان کرد، بەو شێوە دەکرێ وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە کە پێویست ناکات زۆر سەرنج بدرێتە ئەو دۆزە کە بۆ پێداچوونەوەی داواکان، حەتمەن بوونی ڕێبەرێکی تاک بۆ ئەهلی سوننەت پێویست بێت. زۆرتر بزاڤە ناڕه‌زایه‌تییه‌کان بۆ پێش بردنی کار و ئامانجی بزوتنەوەکەیان پێویستیان بە یەک ڕێبەری تاک هەیە کە ئەویش زۆرتر بۆ ڕاپەڕین و شۆڕشی کۆمەڵایەتی یا ڕامیارییە. بەڵام بزاڤی ئەهلی سوننەت لە ئێراندا دەکرێ لە جۆری ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتییانە بێت کە لە سەر ئەساسی شێوازەکانی ئاشتیخوازی و یاسایی، خوازیاری ئەو گۆڕانکارییانەن کە مەبەستییانە. بە سەرنج دان بەوه کە هەر جۆرە گۆڕانکارییەک کە سەبارەت بە ئیسڵاحی پێکهاتەکانی سیاسی و مافی وڵات ڕوو بدات، بێ گومان کاریگەری لەسەر دۆخی ئەهلی سوننەتیش هەیە و گۆڕانکاری بەدوا دایە. ئەوەی کە لە ئێستادا ئەهلی سوننەت و بزوتنەوەکانی دیکەی کۆمەڵگا پێویستیان پێیە، پشتیوانی لە چاک سازی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە وڵات دایە. ئەگەر لەو نێوانەدا، ڕاوێژ و هاوکارییەکانی ئیستراتیژیکی نێوان بەشەکانی جیاوازی ئەهلی سوننەت پەرە بسێنێت و ببێتە هۆی یەکدڵی و یەکزمانی؛ ئەوە شتێکی زۆر پەسند کراوە کە دەبێتە هۆی یەکپارچەیی زۆرتری کۆمەڵگا.

ده‌نگێ نه‌دراوه

وه‌ڵام بدەوە

ناوه‌رۆکی ئه‌م به‌شه‌ شه‌خسیه‌و به‌شێوه‌ی گشتی پێشان نادرێت.
7 + 7 =
Solve this simple math problem and enter the result. E.g. for 1+3, enter 4.