وەڵامی بۆچوون بدەوە

موفتی پێنجوێنی

موفتی پێنجوێنی

مەلا عەبدوڵڵای‌ توتنچی‌ ناسراو بە موفتی پێنجوێنی ‌(١٨٨١ – ١٩٥٢) شاعیرێکی کورد بوو، چەندان چەپک هۆنراوەی‌ نیشتمانپەروەری‌ و ڕێنمایی‌ کۆمەڵایەتی‌ هەیە، یەکێکە لەو کەسایەتییانەی‌ لە پێنجوێن هانی‌ خەڵکی‌ داوە بۆ ناردنی‌ منداڵەکانیان بۆ فێرگە بە تایبەتی‌ کچان. ئەم دەستپێکە لە منداڵی‌ خۆیەوە دەستی‌ پێکردووە، بە دەستێک پەیداکاری‌ و بەخێوکاری‌ پیشاندەدا و بە دەستێکی‌ تر هەڵمەتی‌ قەڵەم و هەڵگرتنی‌ چرای‌ ڕووناککەرەوەی‌ بیری‌ نەتەوایەتی‌ بەرزکردبۆوە. موفتی‌ بە یەکێ‌ لە ڕەچەشکێنانی‌ ئەو بوارە قوڕاوی‌ و تاریکانە بوو کە هەنگاونانی‌ قەتیس و قەدەغە کردبوو. موفتی‌ پێشڕەو و پێشەنگی‌ بیرە نوێیەکانی‌ زانستی‌ و پەروەردەی‌ هاوچەرخ و ڕامیاری‌ سەردەم.

هۆنراوەکانی موفتی
موفتی‌ بیروباوەڕ ڕووناک، بوێری‌ سەردەمی‌ خۆی‌ و لێکۆڵەر لە باری‌ ژیان و گوزەرانی‌ کۆمەڵگە تا ڕادەیەک دواکەوتووەکەی‌، بازووی‌ دلێری‌ و خەمخۆری‌ لێهەڵدەبڕێ‌، ڕوو ناکاتە ئەو نوێژگە و خانەقایانەی‌ کە مەولای‌ پەلبەست و چاوبەست و بیرتەسکی‌ تێدایە بۆ بەرژەوەندیی‌ و خۆبەلزانی‌ و گەورەبوونی‌ خۆیان مەردەمی‌ داماو داپووکێننەوە. ئەم دێت و بانگەواز دەکات لە داپڵۆسین و پەراوێزخستنی‌ ئەو بە ناو زانا ئایینییانە، تۆبەی‌ چەند ساڵەی‌ گیرماوی‌ دەشکێنێ‌ کە بە فەتوای‌ هەوانتە و دروستکردنی‌ کەلەبەر و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی‌ بیرۆکەی‌ سەربەخۆیی‌ گەل و نیشتمان ڕەفتاریان کردووە.. ئەم تۆڵەی‌ هەژاران لەو چاودابەستانە دەکاتەوە. لەنێوان (لەمەولا و مەولا)دا هونەری‌ ڕەگەزدۆزی‌ ناتەواو هەیە:
کەوای‌ پەستی‌ و نەزانیم دڕی‌ و یەک دەفعەدام ماڵی‌
بە لافاوی‌ خەیاڵاتم نەمامی‌ عیلم ئەڕوێنم
کەسێک خاوەنی‌ ئەو هزر و بۆچوونە شۆڕشگێڕییە بێت و دروشمی‌ ڕوونی‌ پێشکەوتن و گوزەرانی‌ دروست هەڵبگرێ‌، ئەڵبەتە دەستەواژەی‌ بێ‌ ڕاژەی‌ چەواشەکاری‌ وەرناگرێ‌ و خڵتەی‌ نەزانین و بەرگی‌ هەڵفریواندن فڕێدەدات:
لە پیری‌ کۆن و پاشکەوتووی‌ وەکو خۆم لازمە لادەم
کوڕانی‌ پێگەیشتووی‌ مەکتەبم ئەمجارە ئەدوێنم
لەم بەیتەدا وەستایی‌ موفتی‌ وەکو لێکۆڵەری‌ دەروونی‌ دادەنرێ‌، ئەگەر کەسێکی‌ وا بەناو هەموو چین و تەمەنەکاندا گەشتی‌ نەکردبێ‌ و ئاستە جۆربەجۆرەکانی‌ تاقی‌ نەکردبنەوە بۆ دڵنیایی‌ لە خۆیەوە دەستپێناکا.
ئەگەرچی‌ خۆی‌ لەو پەڕی‌ ئازارەکانەوە گەڕاوەتەوە، چینی‌ پیرانی‌ دواکەوتوو ئەوانەن کە بەس بیر لە مردن دەکەنەوە هیچ لە سەربەستی‌ بیروڕا و سەربەخۆیی‌ نادەن بە گوێی‌ کەسدا. خۆیشیان گوێ‌ لەو بۆچوونانە ناگرن، بۆیە موفتی‌ پشت بە چینێکی‌ فرەی‌ تازەپێگەیشتووی‌ وڵات دەبەستێ‌ کە مێشکیان ساف و دڵیان گەرم و هەستیان پڕشنگ هاوێژە، جڵەوی‌ بەڕێوەبردن و چارەنووسی‌ کۆمەڵگە بەدەست ئەوانەوە دەبێت. شاعیر لەمبارەیەوە جوانی‌ فەرمووە:
خوایە بۆمان بنێری‌ ئاوێ‌ لە قوڕ نەنیشتوو
یا گەنجی‌ پێگەیشتوو یا پیری‌ تێگەیشتوو
میللەتی‌ خودا پێداو بەو دوو چینە چاوی‌ ئاوات و ویژدان هەڵدێنێ‌، چونکە پیرە بەهرەمەندەکان بناغە دانەری‌ بیرۆکەی‌ لاوە خۆبەخشەکانن:
هەموو فێڵ‌ و قوماربازیت ئەبێ‌ یەکسەر بەیانی‌ کەم
ئەگەر سەد دەفعە ماچی‌ کەی‌ قوڕی‌ ژێر کەوش و داوێنم
مەرج نییە ئەوانەی‌ خاوەن تەکیە و خانەقان، هەموو دڵسۆز و خاوەن ئەزموونی‌ هاوکاری‌ و نیشتمانپەروەری بن، مەرج نییە ئەوانە هەموویان پەیڕەوی‌ کاری‌ فەرموودەی‌ پێغەمبەری ئیسلام بن. موفتی مەبەستی‌ لەو بەناو گەورانەیە کە هاونیشتمانیان دەڕوتێننەوە، خۆشباوەڕان لە خشتە دەبەن، گوایە بە هەشتیان بۆ مسۆگەر دەکەن. وەک لە قورئاندا هاتووە خودای‌ گەورە سەیری‌ سەر و سیمامان ناکات، بەڵکو سەیری‌ نیەتی‌ دڵ‌ و دەروونمان دەکات. موفتی‌ لە بنەڕەتی‌ فێڵ‌ و تەڵەکەبازی‌ بەشێک لەوانە شارەزا بووە. لێرەدا دوو جۆر غیرەتی‌ بەکارهێناوە، غیرەتی‌ جەستەیی‌ و ڕووبەڕوو بوونەوە. دووەم غیرەتی‌ قەڵەم و ڕووهەڵماڵین. ئەمەیش کردە و دروشمی‌ شاعیری‌ گەلە:
ئەگەر تۆ ئەهلی‌ دینی‌ خوێنی‌ عالەم بۆ ئەکەی‌ نۆشت
وەرە سەیری‌ دڵی‌ من کە کە چەندە پاک و خاوێنم
ئینجا دوای‌ هەڕەشەکردن لەو بەناو ڕێبەرە، دەیخاتە ڕکە (قەفەز)ی‌ تاوانبارییەوە و دادگایی دەکات کەوا خوێنمژە، خوێنی‌ کەسانێ‌ دەنۆشێت وەکو خوێنی‌ دڵی‌ شاعیر خاوێنە. مرۆڤی‌ موسڵمانی‌ ڕاست و پاک بێت دوورە لەو چەشنە ڕەفتارە دزێوانە:
لەسەر ئەم پارچە شیعرانە ئەگەر گیراوی‌ مەحبەس بم
دەمێکە حازری‌ دار و شەلاخ و ئەزیەت و جوێنم
من لە سەرەتاوە کە ئەم شیعرانەم داڕشتووە و سەرزەنشتی‌ ڕاستەقینەی‌ ئەو کەسە چاودابەستانەم کردووە ئەوەم بۆ خۆم داناوە کە ئەم بەیتە داپڵۆسەرانەم وەڵامی‌ ڕەش و توندوتیژی‌ ئەوانەی‌ دەبێت کە خۆیان بە ئامانجی‌ دەژمێرن، دوور نییە لایانەوە تووشی‌ گرتووخانە و لێدان و جوێنپێدانیش ببم، بەڵام پەیمانە و داومە پەرە بە پەرەسەندنی‌ بیروباوەڕم دەدەم و پەشیمانبوونەوەم بۆ نییە… ئیدی‌ جەنابی‌ نامەولا چی‌ دەکەی‌ بیکە:
وەکو ماسی‌ بە سەربەستی‌ غەواسی‌ گێژی‌ بن ئاوم
لە بنکی‌ بەحری‌ فیکرا گەوهەری‌ عەنتیکە دەردێنم
جەنابی‌ مەولای‌ نامەولا من دەروێشی‌ کوردایەتی‌ و ژیارم. گەلێک قوڕ و چڵپاوی‌ ڕۆژگارم پیاهەڵپڕژاوە لە شارەزایی‌ بوومەتە مەلەوانێکی‌ کارامە و ماسییەکی‌ وریا گەشت بەناو دەریای‌ بیر و ئاوەزدا دەکەم و لە بنیدا گەوهەر و مرواری‌ بە دەستدێنم. لە مێژەوە ڕاهاتووی‌ ئەم ئەزموونەم وشەئارایی‌ هەیە لە نێوان ماسی‌ و غەواسدا، چونکە ئەویان کۆرپەی‌ ئاوە و ئەمیشیان بۆ ناو ئاو دروستکراوە:
بەدەستێ‌ چەپڵە لێدەم داخەکەم دەنگ و تەقەی‌ نایە
گەلێ‌ کەس وا ئەزانن خەوئەبینم یان ئەڕاوێنم
ئەمن کە بەرپرسی‌ وشیارکردنەوە بە خۆم ڕەوا دەبینم و بە دەم بە کردەوە بە شیعر کارم بۆ کردووە، بەردەوام دەیدەم بە گوێی‌ خەڵکیدا کەچی‌ زۆر هەن لە بەرگی‌ هەڵیت و پەڵیت (خرافیات) گیرماون وا دەزانن من وڕێنە دەکەم، داخەکەم چەپڵە بە یەک دەست لێنادرێ‌ و پشتیوانیم لێناکرێ‌، بە دەم ڕاسپێردراوەکانمەوە نایەن:
فلیمی‌ سینەما چەرخە ئەگۆڕێ‌ ڕۆژی‌ سێسەدجار
دەچیبکەم کەس بە گوێم ناکا کە ئاغا نیم و مسکێنم

وشیاری‌ نەتەوەیی‌ لای‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌
موفتی‌ پێنجوێنی‌ لەو شاعیرانەیە کە بەشێکی‌ زۆری‌ دیوانەکەی‌ تایبەتە بە نەتەوە، یان دەتوانین بڵێن هەموو دیوانەکەی‌ لە خزمەتی‌ نەتەوەکەیدا بووە، ئەمەش بەو دەلیلەی‌ کە بێجگە لە شیعرە نەتەوەییەکانی‌ کە بەڕوونی‌ هەستی‌ پێدەکەین لە شیعرە کۆمەڵایەتی‌ و ئەو شیعرانەی‌ بۆ کوڕوکچانی‌ کوردی‌ نووسیوە، یان ئەو شیعرانەی‌ وەک وەسێتنامە بۆ کچ و کوڕانی‌ خۆی‌ نووسیوە، یان بە جوانی‌ سروشتی‌ کوردستاندا وتویەتی‌.. لە تێکڕای‌ ئەمانەدا هەستێکی‌ نەتەوەیی‌ پەنهان دەخوێنینەوە و کە هانی‌ کوڕ و کچانی‌ کورد دەدات بۆ ئەوەی‌ خۆیان بە زانست و زانیارییەوە خەریک بکەن ئەمە لەپێناو نەتەوەکەدایە و هاوکات کە بابەتە هەستیارە کۆمەڵایەتییەکانیش دەخاتە بەرباس بۆ ئەوەیە کە نەتەوەکەی‌ سەرفرازبکات و هەوڵی‌ نوێبوونەوە و گۆڕان بدات تێیدا. با سەرنج لەم نمونەیەی‌ شیعری‌ موفتی‌ بدەین:
ئەی‌ وەتەن من تێئەگەم بۆ شین و زاری‌ کارتە
بۆ نەبوونی‌ عیلمی‌ بەرزی‌ گەورە و سەردارتە
ئاخ و داخ و ئاهی‌ سەردی‌ تۆ سەبەب ئەم دوانەیە
خۆ پەسەندیی‌ و غایە ویستی‌ گەورەکانتە
موفتی‌ پێنجوێنی‌ وەک خۆی‌ ئاماژەی‌ پێدەکات، تێدەگات دەردی‌ دواکەوتوویی‌ نەتەوەکەی‌ چییە و ئەو دەیگێڕێتەوە بۆ نەبوونی‌ زانست و خۆ بە شت زانینی‌ سەردارانی‌ ئەو سەردەمە، بۆتە دەردی‌ دواکەوتوویی‌ و خۆرەی‌ جەستەی‌ کۆمەڵگەی‌ کوردی‌. هەر لەو شیعرەدا ئاماژە بە پێشکەوتووی‌ هەموو وڵاتانی‌ دنیا دەکات و ئەوە دەخاتەڕوو، کە پێشکەوتنی‌ ئەوان بەهۆی‌ ئەو زانستەوەیە، هەروەها ئاماژە بە جیاوازی‌ پێشکەوتنی‌ نێوان لوبنان و کوردستان دەکات و دەنووسێت (فەرقی‌ تۆ و لوبنانە بەینی‌ ئاسمان و زەمین). لەم نیوە بەیتەی‌ موفتییەوە دوو حاڵی‌ گرنگ خراوەتەڕوو یەکێکیان ئەوەیە، کە شاعیر ئاواتی‌ خواستووە کە وڵاتەکەی‌ ئەویش وەکو لوبنان پێشبکەوێت و ئەو هەموو پێشکەوتنانەی‌ ئەوکات لوبنان هەیبووە بەخۆیەوە ببینێ‌. دووەمیش ئەوەیە کە موفتی‌ شاعیرێکی‌ ئاگادار بووە لە دەوروبەری‌ خۆی‌ و کەسێکی‌ بێئاگا نەبووە لە پێشکەوتنەکانی‌ ئەوکاتەی‌ جیهان بۆیە، نەک تەنها لەم شیعرەدا، بەڵکو لە زۆر شیعری‌ تریشدا ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەی‌ بەرچاوی‌ هەبووە و لە شیعرێکدا بەناوی‌ (سۆز) کە شیعرێکی‌ پێنج خشتەکییە موفتی‌ باس لەوە دەکات کە ئەم کوردە هەر خەوتووە و بێدا نابێتەوە بۆ ئەوەی‌ بگات بە زانست و وشیاربێتەوە ئەو دەنووسێت:
کوردە خەو تاکەی‌ دەسا دەستی‌ من و دامانتە
وەختی‌ هوشیاریتە خەو زنجیری‌ ئەژنۆ و ڕانتە
دوژمنت دایم خەریکی‌ موڵک و ماڵ‌ و گیانتە
حەیفە تۆ فکر و خەیاڵی‌ گەردش و سەیرانتە
رۆژی‌ تێکۆشین و هەوڵ‌ و کاتی‌ هەڵسوڕانتە
موفتی‌ پێنجوێنی‌ زۆر بە پەرۆشی‌ نەتەوەوە بووە و بێ‌ نەتەوە ئەو هیچ مانایەک لەنێو ژیاندا نابینێتەوە کە ئەم هەستە بەشێوەیەکی‌ زۆر واقیعی‌ لە شیعرەکانی‌ ئەم شاعیرەدا هەستی‌ پێدەکرێت. دەرککردنی‌ موفتی‌ بەو هەموو شتە لەو سەردەمەدا گرنگییەکی‌ تایبەتی‌ هەیە و هەر ئەم گرنگیەشە کە ئەم شاعیرە دەخاتە خانەی‌ نەمرییەوە، چونکە هیچ شاعیر و نووسەرێک ناتوانێ‌ نەمری‌ بۆ خۆی‌ و بەرهەمەکانی‌ بەدەست بهێنێت ئەگەر شاهیدی‌ ڕاستگۆی‌ قۆناغێکی‌ ژیانی‌ نەتەوەکەی‌ نەبێت و ئەرکی‌ مێژوونووسێکی‌ ڕاستگۆ نەگێڕێت، بۆیە دەکرێت لێرەدا و پاش خوێندنەوەی‌ تەواوی‌ دیوانە پڕ بایەخەکەی‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌ ناسنامەی‌ مێژوونوسێکی‌ ڕاستگۆش بدەینە پاڵ‌ ئەم شاعیرە، چونکە هەموو نووسەرێک بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستیان لە نووسینەوەی‌ مێژووی‌ نەتەوەکەیاندا هەیە، بەڵام ئەوە گرنگە لێرەدا ئەوەیە کام لەو شاعیر و نووسەرانە بوونەتە مێژوونوسێکی‌ ڕاستبێژی‌ سەردەمەکەی‌ خۆیان، کە من پێموایە موفتی‌ لەپاڵ‌ چەند شاعیرێکی‌ وەک نالی‌ و سالم و کوردی‌ و بێکەس و ئەحمەد موختار جاف وپیرەمێرد و قانیع و…هتد شایەنی‌ ئەو نازناوەیە و ئەوەشی‌ ئەم شاعیرەی‌ خۆستۆتە پەراوێزەوە ڕۆژگارە کە نەیهێشتووە ئاوڕی‌ جدی‌ لێبدرێتەوە. ئەگەر ئەو پێنج خشتەکییەی‌ سەرەوەی‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌ بەراورد بکەین بە بەیتێک شیعری ئەحمەد موختار جاف کە دەڵێت:
لەخەو هەستن درەنگە میللەتی‌ کورد خەو زەرەرتانە
هەموو تأریخی‌ عالەم شاهیدی‌ فەزڵ‌ و هونەرتانە
لە بەراوردکردنی‌ ئەم دوو شیعرەدا ئەوە دەبینین کە هەردوو شاعیر دەیانەوێت نەتەوەکەیان بەخەبەر بهێنن و بەرەو عیلم زانست هەنگاو بنێت، بەڵام جیاوازی‌ ئەم دوو بەیتە لەوەدایە کە موفتی‌ پێنجوێنی‌ بەشێوەیەکی‌ زۆر سەرکۆنەی‌ نەتەوەکەی‌ دەکات و هیچ زانست و هوشیارییەکیان تێدا نابینێت، بەڵام ئەحمەد موختار جاف ئەوە دەخاتەڕوو کە مێژووی‌ جیهان گەواهیدەری‌ بەرزی‌ هونەری‌ ئێوەیە. لەمەی‌ ئەحمەد موختار جاف دەکرێت ئێمە دوو بۆچوون بخەینەڕوو یەکەمیان ئەوەیە کە ئەم شاعیرە ویستبێتی‌ نەتەوەکەی‌ هەڵبنێت و غیرەتیان بخاتەبەر. دووەمیشیان ئەوەبوبێت کە ئەحمەد موختار جاف لەشاردا ژیاوە و تاڕادەیەکی‌ زۆر دنیابینی‌ لە موفتی‌ پێنجوێنی‌ فراوانتر بووە، بەو حوکمەی‌ کە موفتی‌ لە شارۆچکەیەکی‌ وەک پێنجوێنی‌ دوورە دەستدا گیری‌ خواردووە ئەمە وایکردووە، کە ئەحمەد موختار ئاگادار ئەو پێشکەوتنانە بێت کە کۆمەڵگەی‌ کوردی‌ لەو سەردەمەدا خاوەنی‌ بووە و موفتی‌، یان بە کەمی‌ زانییوە، یان کەمێک لێی‌ بێئاگا بووە کە هەردوو حاڵەتەکەی‌ موفتیش حاڵەتی‌ ئاسایییە..
موفتی پێنجوێنی لە ڕۆژی ( ١٥ – ٦ -١٩٥٢ ) کۆچی دوایی کرد.

وه‌ڵام بدەوە

ناوه‌رۆکی ئه‌م به‌شه‌ شه‌خسیه‌و به‌شێوه‌ی گشتی پێشان نادرێت.
1 + 1 =
Solve this simple math problem and enter the result. E.g. for 1+3, enter 4.